١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکاني پارتي

هەردوو مەکتەبی راگەیاندنی پارتی و یەکێتی لیژنەیەکی هاوبەش پێکدێنن

سەرچاوە: KDP.info

لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکانی لیژنەی باڵای هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کە بۆ زیاتر یەکخستنەوەو یەک دەنگی و یەک هەڵوێستی هەردوولایە بەتایبەت لەچوارچێوەی رێککەوتنامەی ستراتیژی و پرسە سیاسی و نیشتمانییەکان و یەکخستنەوە وتاری هەردوو مەکتەبی سیاسی بڕیاردراوە چەند لیژنەیەک پێکبهێنرێت و بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەکی هاوبەش لە مەکتەبی راگەیاندنی هەردوولا پێکهاتووە.

ئازا حەسیب قەرەداغی ئەندامی مەکتەبی راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند: راگەیاندن رۆڵ و نەخشێکی بەرچاوی هەیە لە پرسە سیاسی و نەتەوایەتی و نیشتمانییەکان، بۆیە دەتوانرێت هاوئاهەنگی و یەک هەڵوێستەیەکی باش هەبێت لە نێوان هەردوولاداو لەهەندێک بابەتی ستراتیژی لێکچون و نزیکبوونەوەو یەک وتاری هەبێت.

ستران عەبدوڵڵا ئەندامی مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان  سەبارەت بە کۆبوونەوەکە رایگەیاند: کۆبوونەوەکە بۆ زیاتر بەرەوپێشبردنی بڕیارەکانی لیژنەی باڵای مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان  –ە کە چۆن بتوانن لە رووی راگەیاندنەوە کاریان لەسەر بکەن لەمیدیا رەسمییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان-ەوەو کۆبونەوەکەش هاوهەڵوێستی و نزیکبوونەوەی زۆری بەخۆوە بینیوەو توانرا کارنامەیەک بۆ بەرنامەی کاری مەکتەبی راگەیاندنی هەردوولا دابنرێت، هەروەها ئەوەشی راگەیاند کە بۆ ئەو بابەتانەی کە پەیوەندیان بە رێکەوتننامەی ستراتیژی و بابەتە کوردستانیەکان و عیراق و بابەتەکانی پەیوەست بەگەلەوە هەبێت بەپێی رەزامەندی هەردوولا یەک وتارو یەک هەڵوێست دەبین.

لیژنەی هاوبەشی راگەیاندن کە لە دەرەنجامی دانیشتنەکانی هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان  دروستبووە ناوەناوە کۆبونەوەیەکی چارەنوس سازەکانی پەیوەست بەکاروباری راگەیاندن لەسەر ئاستی هەردوو مەکتەب تاووتوێ دەکەن و ئەنجامەکانیش جارێکی دیکە لە هەردوو مەکتەبی سیاسی دەخرێنەوە بەرباس و وتارەکانی هەردوولا رێکدەخرێنەوەو دەبن بەیەک وتار.

 

هەواڵی پەیوەندیدار