١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکاني پارتي

فازڵ میرانی: هەرگیز هەڵوێستی مەرجەعە باڵاكانی شیعە بەرانبەر بە كورد لە بیر ناكەین"

سەرچاوە: KDP.info

سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان فازڵ میرانی، لە دیمانەیەكدا لەگەڵ رۆژنامەی حەیاتی چاپی لەندەن رایگەیاند، "هاوپەیمانێتیی نێوان كورد و شیعە بەردەوام دەبێت و دەسبەرداری ئەو هاوپەیمانێتییەیش نابین كە لە سەردەمێكی دوورودرێژەوە ئەو هاوپەیمانێتییە بوونی هەیە و پێكەوە دژی دیكتاتۆرییەت جەنگاوین و هەگیز هەڵوێستی مەرجەعە باڵاكانی شیعەیش بەرانبەر بە كورد لەبیر ناكەین."

سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، هەروەها دووپاتی كردەوە كە هاوپەیمانیی كوردستان چاوەڕوانی وەڵامی هاوپەیمانیی شیعەكان دەكات كە پێش سێ هەفتە یادداشتێكیان ئاڕاستە كراوە و ئاماژەی بەوەیش كردووە كە ئەوەی لە نێوان هەردوو لیستدا ڕوو دەدات، گوتوێژ نییە، بەڵكوو گفتوگۆی دوو شەریكە.

دەربارەی تەنگژەی ئەمڕۆی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمیش، میرانی رایگەیاند "سەرچاوەی بەشێكی زۆری كێشەكان لەگەڵ نووری مالیكی بۆ هەبوونی راپۆرت و زانیاریی هەڵە دەگەرێتەوە كە لە لایەن كەسانێكەوە ئاڕاستە دەكرێن كە بەرژەوەندیی گشتیی وڵاتیان ناوێت، بۆیە پێویستە زانیارییەكان لە جێی خۆیان بگەن و زمانی ژیریش بەسەر سۆزداریدا زاڵ بێت."

فازڵ میرانی هەروەها گوتیشی "پێشتر هەندێ زانیاری گەییشتنە دەست سەرۆكوەزیرانی عێراق كە گوایە تانك و زریپۆشی هێزەكانی سوپای سووریا لە رێگەی توركیاوە و لە دەروازەی سنووری ئیبراهیم خەلیلەوە هاتوونەتە ناوەوەی هەرێمی كوردستان، كە ئەمەیش هیچ راستییەكی بۆ نییە، چونكە یەكەم جار ئێمە پێویستیمان بە چەكی قورسی سووپای سووریا نییە و دووەمین جاریش دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل تونێلێك نییە لە ژێرەوەی كەلوپەل بە نهێنی بهێنرێتە ناو هەرێمی كوردستان، بەڵكوو دەروازەیەكی ئاساییە و هەر كەلوپەلێك بێتە ناو هەرێمی كوردستان لەبەر چاوی هەزاران عێراقی كە لەو ناوە نیشتەجێن، تێپەڕ دەبێت. بۆیە ئەو كەس و لایەنەی ئەو جۆرە زانیاریانە بڵاو دەكەنەوە، بەرژەوەندیی كورد و مالیكی و بە گشتی عێراقیان ناوێت."

ناوبراو ئەو هەواڵەیشی ڕەت كردەوە كە باس لە بوونی گرێبەستی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی فەڕەنسا دەكەن بە ناوبەندی ئیمارات بۆ كڕینی فڕۆكەی هەلیكۆپتەر و گوتی "سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشتر بە داوەتنامەیەك سەردانی وڵاتی ئیماڕاتی كردبوو بۆ مەبەستی ئامادەبوون لە پێشبڕكێی وەرزشی (فورملاوان)، كە بە دەیان كەسایەتیی تری باڵا داوەتی ئەو پێشبڕكێیە وەرزشییە كرابوون، كە ئەمەیش خۆی لە خۆیدا شتێكی ئاسایی بوو."

فازڵ میرانی، هەروەها ئاماژەی دا "ئێمە لە هاوپەیمانیی كوردستانی، چاوەڕێی یادداشتی هاوپەیمانیی نیشتمانی دەكەین بۆ چارەكردنی كێشە هەڵواسراوەكان و گەڕانەوە بۆ دەستوور و پتەوكردنی بنەمای شەراكەت و دەركردنی یاسایەك بۆ ئەنجوومەنی وەزیران و یاساكانی دادگەی فیدراڵی و ئەنجوومەنی فیدراڵی و یاسای نەوت و غاز و یەكسانیی دامەزراندن لە سوپا و جێبەجێكردنی ماددەی 140 و بەندەكانی رێككەوتننامەی هەولێر."

هەواڵی پەیوەندیدار