١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
مەکتەبی سياسی

پارتی، 18 ساڵەی دامەزراندنی کوردستان تی ڤی پیرۆز دەکات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  هەریەک لە مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و دەزگاى رۆشنبیریی و راگەیاندنى  پارتى دیموكراتى كوردستان، لە دوو پەیامی جیادا 18 ساڵەی دامەزراندنی کەناڵی کوردستان تیڤییان پیرۆز کرد.

دەقی پەیامى پیرۆزبایی مەكتەبى سیاسیی پارتى دیموكراتى كوردستان بۆ كەناڵى ئاسمانى كوردستان  (Ktv)

  بەڕێزان بەڕێوەبەرى گشتىی و ستافی بەڕێوەبردن و تێكڕاى كارمەندانى كوردستان تی ڤی
   بەبۆنەى (18)ـەمین ساڵیادى دامەزراندنى(Ktv)  گەرمترین پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەى ئێوەى بەڕێزو بینەرانى كەناڵە ئازیزەكەتان دەكەین، ئومێدەوارین وەك هەمیشە و بە هەمان پەیامى بەرپرسانەو دڵسۆزانەتان بەردەوام بن و خزمەتى زیاترو بەرچاوتر بە رەوتى تێكۆشان و خەباتى گەلەكەمان و كوولتورى  پێكەوەژیان و تەبایی و برایەتى بگەیەنن و  هەردەم بەیداغى ئاشتیخوازى و ئازادیخوازی  و پێشكەوتنخوازی بەرز رابگرن. 

  كەناڵى ئاسمانى كوردستان كە بە بڕیارو سەرپەرشتى راستەوخۆی (سەرۆك بارزانى) دامەزرا، وەك یەكەمین كەناڵى ئاسمانی كوردستان جێ دەستى روون و كاریگەرە لەسەر گۆڕەپانى كارى میدیاییداو توانیویەتى بە بەرنامەو پلانێكى رێكوپێك و بە پرۆسەیەكى خەمخۆرانەو بێ سرەوتن هەنگاوى گرنگ بنێ و قۆناغێكى نوێ لە كاروانى بوارى میدیایی لە هەرێم بخاتە سەر گەنجینەى میدیاى كوردیمان و بەرەو پێشەوەى ببات، هەروەها توانیویەتى كوردانەو پیشەوەرانەش پەیامە نەتەوەیی و نیشتیمانیەكەى پیادە بكات و بەبێ جیاوازی هەواڵ و رووداوەكانى پارچەكانى دیكەى كوردستان رووماڵ بكات، بەمەش ببێتە تاكە كەناڵى گشت هاونیشتمانیانى خۆشەویست و مایەى شانازی و رەزامەندى بینەرانى بێت لەكوردستاندا.

  رۆڵ و كاریگەرى میدیا لەو رەوشە قەیراناویەى ئەمڕۆدا زۆر هەستیار و گرینگە بەتایبەتیش میدیای بینراو، دیارە لەو رووەوەش (Ktv) هەمیشە شانبەشانى سەركەوتنەكانى هێزى پێشمەرگەى كوردستان و جەماوەرى گەلەكەمان وێراى كێشەو كەموكوڕیەكان هەردەم لە سەنگەرەكانى پێشەوەى بەرگرى و داكۆكیكردندا دابووەو لەخۆبردووانە و بوێرانە بە ئەركى پیرۆزى خۆى هەستاوەو لەو پێناوەشدا قوربانى و شەهیدیشی داوە.

   كوردستان تیڤی لەو ماوەى كاركردنیدا بەهەق بڵندگۆى راستەقینەى پەیامى سیاسی و میدیایی  بووەو مسداقیەتى خۆى پاراستووە، هەروەها بەرجەستەكارێكى بێ نموونەى مافە نەتەوەیی و نیشتمانیەكانمان بووە، بۆیە خوازیارین لەو بۆنەیەدا زیاتر و لە گشت روویەكەوە بەرەو پێش بچێ و شانبەشانى كەناڵەكانى دیكەى میدیایی رەوایی كێشە سیاسیەكەمان و سەركەوتنە مەزنەكانى هێزى پێشمەرگەو خواست و ویستە رەواكانى گەلەكەمان بە جیهان بگەیەنن.
  جارێكى دیكە پاڵپشتى و پشتیوانى تەواوى خۆمان بۆ زیاتر بەرەو پێشچوونى كەناڵى ئاسمانى كوردستان دووپات دەكەینەوەو بە هیواى پێشكەوتن  و سەركەوتنى زیاتر لە كارەكانتان..
مەكتەبى سیاسی پارتى دیموكراتى كوردستان
16/1/2017


دەقی پیرۆزبایینامەى دەزگاى رۆشنبیریی و راگەیاندنى  پارتى دیموكراتى كوردستان بۆ كەناڵى ئاسمانى كوردستان  (Ktv)

   بەڕێزان: بەڕێوەبەرى گشتیی و سەرجەم كارمەندان و هونەركاران لە كوردستان تیڤی..
   بەبۆنەى (18)ەمین ساڵیادى دامەزراندنى كەناڵى ئاسمانیی(Ktv) پڕ بەدڵ گەرمترین پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەى ئێوەى بەڕێزو ماندوونەناس و  بینەرانى كەناڵەكەتان دەكەین، هیواى هەمیشە بەردەوامیی و پێشكەوتنى باشتروزیاترتان بۆ دەخوازین. 

    كوردستان تیڤى، وەكو یەكەمین كەناڵى ئاسمانى لە هەرێمى كوردستان، كە بەر لە (18)ساڵ بە سەرپەرشتى و رێنوێنی سەرۆك بارزانى دامەزرا، بە پلان و پرۆژەیەكی پێشكەوتوو و  پیشەوەرانەوە دەستى بە پەخش كردو مایەى خۆشحاڵیشە لەو تەمەنەى كاركردنی لە بوارى كارى میدیایی قۆناغێكى بەرچاو و جیاوازی خستەوەو بەمجۆرە توانی دەنگ و رەنگ و پەیامێكى رەسەن پەیرەو بكات و تاكو ئەمڕۆكە پێگەى شیاو و شایستەى خۆى پتەوتر بكات.
   ئاشكرایە رۆڵى دەزگاو كەناڵەكانى میدیا لەو رەوشەى ئەمڕۆماندا تا چ رادەیەك هەستیار و گرنگە بەتایبەتیش كاریگەرى شاشەى تیڤی، لەو سونگەیەوە (Ktv) هەردەم بەرپرسانە و راستگۆیانە كارو چالاكی و بەرنامەكانى ئەنجام داوەو بۆ خستنەڕووى راستیەكان هاوسەنگەرو شانبەشانى هێزى پێشمەرگەى كوردستان و خەڵكى كوردستان لە بەرەكانى بەرگرى دابووەو قوربانیشی داوە. 

   ئومێدەوارین ئەو بۆنە پیرۆزە دەرفەتێك بێت بۆ هەنگاوى چاكتر لەرووى چەندایەتى و چۆنیەتیەوەو بەردەوام بوون لەسەر ئەو پەیامە راست و دروست و راستگۆییەتان، هەر بەو بۆنەیەوەش پاڵپشتى تەواومان بۆ كەناڵەكە دووپات دەكەینەوەو هیوادارین ساڵی داهاتوو كوردستان تیڤى بە پێی ئەو پلانەی كە دانراوە پێشەنگی كەناڵە سیاسی و خەبەرییەكانی كوردستان بێت بە تەكنیكێكی سەردەمی و پێشكەوتوو.

جارێكی دیكە (18)مین ساڵی دامەزراندنی كەناڵی ئاسمانی كوردستان تیڤی پیرۆز دەكەین و ئومێدی هەمیشە بەردەوامی و سەركەوتنی زیاتر بۆ یەكەمین كەناڵی ئاسمانی لەسەر خاكی ولاَت و پێشەنگی میدیای كوردستانی دەخوازین.

دەزگاى رۆشنبیریی و راگەیاندنى  پارتى دیموكراتى كوردستان
16/1/2017
 

هەواڵی پەیوەندیدار