١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
مەکتەبی سياسی

پارتی، ٦٤ ساڵەی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان پیرۆز دەکات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی ٦٤ ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سکرتێری یەکێتییەکە و ئەندامانی مەکتەبی سکرتارییەت کرد کە ئەمە دەقەکەیەتی:

   بەڕێز د. ڤیان سلێمان سكرتێرى یەكێتى ئافرەتانى كوردستان..
   بەڕێزان هەڤاڵانى مەكتەبى سكرتاریەت و ئەنجوومەنى باڵا..
    بەبۆنەى(٦٤)هەمین ساڵوەگەڕى دامەزراندنى یەكێتیە تێكۆشەرەكەتان، یەكێتیى ئافرەتانى كوردستان گەرمترین پیرۆزبایی لە ئێوەو ئەنجوومەنەكان و گشت ئەندام و ئافرەتانى كوردستان دەكەین، هیوادارین هەمیشە هەر سەركەوتوو بن لە هەوڵ و كۆشش و كاروچالاكیەكانتان بۆ دابینكردنى گشت مافەكانتان لە ئازادى و یەكسانى و بەختەوەرى.
كاتێك یەكێتىی ئافرەتانى كوردستان بەر لە(٦٤)ساڵ بە پاڵپشتى و بڕیارى سەركردە و رێبەرى نەتەوەییمان ((بارزانى نەمر)) دامەزرا، هەنگاو ودەستكەوتێگى دیكەى گرینگ بوو بۆ سەرجەم توێژى ئافرەتان و وەك سەكۆیەكی كاریگەر توانى بەو تەمەنە دەوڵەمەندەى رۆڵى دیار و بەرچاوى خۆى شانبەشانى تێكۆشانى گەلەكەمان و بزووتنەوە رزگارىخواز و سیاسیەكەى لە گشت قۆناغ و شێوازەكانى خەبات و كۆڵنەدان دا ببێنێ و گەلێك دەسكەوتى بەنرخیش بەدەست بێنێ. 


  ئاشكرایە توێژى بەرفراوانى ئافرەتان بەپێی ئەو پانتاییەوپێگەیەى هەیانە لەنێو كۆمەڵگەدا، چ ئەرك وكارێكى چارەنووسسازیان لە ئەستۆدایە و چ سەنگ و كاریگەریەكیشیان هەیە بەسەر كۆمەڵگە و پێشكەوتن و بونیاتنانى ئایندەوە، لەو رووەوەش قوربانی زۆریان داوە و بەردەوامیشن لەو رێگایەدا، بۆیە رۆڵى بەرپرسانەى ئێوە و یەكێتییەكەتان گرینگ و بایەخدارە، بەتایبەتى لەو قۆناغە چارەنووسسازەى ئەمڕۆماندا شانبەشانى رۆڵەكانى گەلەكەمان و پێشمەرگە قارەمانەكان بۆ رووبەڕووبونەوەى مەترسییەكان و پەلامار و هەڕەشەى تیرۆریستان و دوژمنان و نەیارانمان و داكۆكیكردن و پاراستنى ئەو ئەزموونەو دەسكەوتەكانمان و دەربازبوون لەو ئاستەنگ وكۆسپانەى لە ئارادان بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیى یەكجارەكى.


  جارێكى دیكە بەو بۆنەوە پاڵپشتى و پشتیوانى تەواوى خۆمان بۆ ئێوە و یەكێتییەكەتان دووپات دەكەینەوە و ئومێدەوارین هەردەم پێشەنگ و پێشڕەوى بزووتنەوەى ئافرەتانى كوردستان بن بۆ بەرجەستەكردن و بەدەستهێنانى گشت ماف و داخوازیە رەواكانتان، هەروەها هەردەم ئەو دەنگە زوڵاڵ و راستەقینەیە بن، كە شەست و چوار ساڵە دەدرەوشێەوە و گەشە دەكات و پەرەدەستێنێ و لە هەر قۆناغ  و سەردەمێكیشدا وەڵامى واقیعیانە و گونجاوى خواست و ویستەكانى ئافرەتان و كێشە رەواكانیانن.
      سڵاو لەو كاروانە (٦٤)ساڵە نەسرەوتووەى تێكۆشان و پڕبەخششتان..
            ئومێدەوارین هەمیشە بەرەوپێش بچن و هەر سەركەوتوو بن ..


مەكتەبی سیاسی پارتى دیموكراتى كوردستان
١١/١٢/٢٠١٦
            
 

هەواڵی پەیوەندیدار