١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
مەکتەبی سياسی

پارتی ٥٣ ساڵەی دامەزراندنی رادیۆی دەنگی کوردستانی پیرۆز کرد

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی، لە دوو پەیامی جیادا ٥٣ ساڵەی دامەزراندنی رادیۆی دەنگی کوردستانیان پیرۆز کرد کە ئەمە دەقەکەیانە:


دەقی پەیامى پیرۆزبایى مەكتەبى سیاسی پارتى دیموكراتى كوردستان
بۆ رادیۆى دەنگى كوردستان


  بەڕێزان: بەڕێوەبەرو ستافی بەڕێوەبردن و تێكڕاى كارمەندانى رادیۆى دەنگى كوردستان..
   بەبۆنەى (٥٣)هەمین ساڵیادى دامەزراندنى(ئێزگەى دەنگى كوردستان) گەرمترین پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەى ئێوەى بەڕێزو بیسەرانى ئێزگەى دەنگى كوردستان دەكەین، ئومێدەوارین وەك هەمیشە و بە هەمان پەیامى بەرپرسانەو دڵسۆزانەتان بەردەوام بن بۆ خزمەتى زیاترو بەرچاوتر بە رەوتى تێكۆشان و خەباتى گەلەكەمان و   هەردەم هەڵگرى پەیامى ئاشتیخوازى و ئازادیخوازی  و پێشكەوتنخوازی بن.


    دامەزراندنى ئێزگەى دەنگى كوردستان بە بڕیارورێنمایی (بارزانی نەمر)وسەركردایەتى شۆڕش بەر لە (٥٣)ساڵ هەنگاوێكى گرنگ و بوێرانە بوو شانبەشانى تێكۆشانى سیاسی و چەكدارى بزووتنەوەى رزگاریخوازیماندا بۆ داكۆكیكردن لە هەبوون و واقیعى نەتەوەییمان و جۆشدانى گیانى بەرخۆدان و شۆڕشگێریی بۆ بەدیهێنانى مافەكانمان.
   دەنگی كوردستان مێژوویەكى پڕ سەروەرى و شانازیە، هەربۆیەش بەدرێژایی تەمەنى كاروبەخششی دا توانیویەتى خزمەتێكى بەرچاوى بزاڤى نەتەوەیی و  كوولتوریمان بكات و هەمیشە دەنگێكی زوڵاڵ و هەقخوازانەى گەلەكەمان بێت بە هەموو پێكهاتە جیاجیاكانیەوە و هەردەم پێشەنگ بێت لە گوزارشكردن و گەیاندنى خواست و ویستى گەلەكەمان بە ناوخۆ و دەرەوە،  ئێستاش بە هەمان رێباز و پەیامى كوردایەتى و نیشتیمانپەروەرێتى بەردەوامە وەك هەمیشە مینبەرێكى راستبێژى و هاوچەرخانەو سەنگەرێكە بۆ خستنەرووى خواستوویست و ئامانجەكانى خەڵكى كوردستان و سەركەوتنەكانى هێزى پێشمەرگەى كوردستان لەبەرەكانى رووبەڕو بوونەوەی دوژمن و تیرۆریستان.
  هیوادارین لەو بۆنەیەدا زیاتر و لە گشت روویەكەوە بەرەو پێش بچن و شانبەشانى كەناڵەكانى دیكەى میدیایی رۆڵى ئیجابیانەى خۆتان بۆ چارەسەركردنى گیروگرفتەكان  ببینن و راست و دروستى و رەوایی كێشە سیاسیەكەمان و سەركەوتنە مەزنەكانى هێزى پێشمەرگەو دەردەسەرى و مەینەتیەكانى شەڕى تیرۆر بە جیهان بگەیەنن و فاكتەرێكى ئەكتیڤی ئەو ئەرك و پەیامە پیرۆزە بن. 
  هەمدیسان پاڵپشتى و پشتیوانى تەواوى خۆمان بۆ رادیۆى دەنگى كوردستان دووپات دەكەینەوەو بە هیواى پێشكەوتن  و سەركەوتنى زیاتر لە كارەكانتان..
      سڵاوودروود لە گیانى پاكی ئەو زاتانەى لەرێی سەروەریى ئەو كاروانە پیرۆزەدا شەكەت و ماندوو بوون و  لەو پێناوەشدا سەریان نایەوە...

مەكتەبى سیاسی پارتى دیموكراتى كوردستان

 

دەقی پەیامى پیرۆزبایی دەزگاى رۆشنبیریی و راگەیاندنى  پارتى دیموكراتى كوردستان
بۆ رادیۆى دەنگى كوردستان


    بەڕێزان: بەڕێوەبەرو ستافی بەڕێوەبردن و سەرجەم كارمەندان لە رادیۆى دەنگى كوردستان..
  بەبۆنەى (٥٣)هەمین ساڵوەگەڕى دامەزراندنى(ئێزگەى دەنگى كوردستان)  پیرۆزباییەكى گەرم ئاراستەى ئێوەى بەڕێزو گوێگرانتان دەكەین، دەستى هەوڵ و كۆشش و ماندووبوونتان توند دەگوشین، هیواخوازین هەمیشە بەوپەڕى بەرپرسێتى و لەخۆبردوانە بەردەوام بن لە بەرەو پێشبردنى دەنگى كوردستان و خزمەتى زیاترو بەرچاوتر بە رەوتى تێكۆشانى گەلەكەمان و بوارى میدیایی بكەن.


  ئاشكرایە دامەزراندنى ئێزگەى دەنگى كوردستان لە هەلومەرجى ئەوسادا بەبڕیارورێنمایی (بارزانی نەمر)وسەركردایەتى شۆڕش بەر لە (٥٣)ساڵ وەك پێویستیەكی مێژوویی گرنگ هاتەكایەوە، وەك چرایەكی رۆشنى نێو كاروان و شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بۆ بەرگریكردن لە هەبوون و كیانى نەتەوەییمان و پتەوراگرتنى  گیانى خۆڕاگرى و شۆڕشگێریی دژ بە ستەم و زۆردارى و چەوساندنەوە.


  ئەمڕۆش لەو هەلومەرجەدا رۆڵى ئێوە وەك ئێزگەى دەنگى كوردستان دیاروبەرچاوە لە هۆشیاریی و وریاكردنەوە و گیانفیدایی بۆ گەل و نیشتیمان و شانبەشانى سەركەوتنەكانى هێزە دلێرەكانى پێشمەرگەو رۆڵە دڵسۆزەكانى گەلەكەمان بۆ داكۆكیكردن لە خاك و نیشتیمان و دەسكەوتەكانمان. 
لەم بۆنەیەدا وێرای دووپاتكردنەوەی پاڵپشتی بەردەواممان بۆ ئێزگەی دەنگی كوردستان ئومێدەوارین زیاترو باشتر لەرووى چەندایەتى و چۆنیەتیەوە بەرەو پێش بچن و دەورى ئەرێیانەى خۆتان بگێڕن لە چارەسەركردنى كێشەكان و خزمەتى زیاتر بە بیسەرانتان و خەڵك و  هاووڵاتیان بكەن و لە ئاست بەرپرسیاریەتی ئیعلامى و مێژوویی خۆتان دا بن. 
  جارێكى دیكە پیرۆزباییتان لێدەكەین و هیوای بەردەوامی و هەمیشە سەركەوتنتان بۆ دەخوازین.

دەزگاى رۆشنبیریی و راگەیاندنى پارتى دیموكراتى كوردستان

 

هەواڵی پەیوەندیدار