١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
مەکتەبی سياسی

پارتی: زۆری نەماوە ئاواتە لەمێژینەکەی گەلەکەمان بێتە دی

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر ـKDP.infoـ  مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ساڵیادی شۆڕشە مەزنەکەی ئەیلوولدا ڕایدەگەیێنێ کە ئەمڕۆ یادی ئەو شۆڕشە مەزنە و ڕابەر و فەرماندە و كادیر و پێشمەرگە و شەهیدە نەمر و سەربڵندەكانی دەكەینەوە، لە سایەی ئەواندا دۆزی گەلەكەمان لە قۆناغێكی دیكەدایە و لە بەدیهێنانی ئاواتە ستراتیجییەكانی لە هەموو كات نزیكترە.


ئەمڕۆ پەنجا و پێنج ساڵ بەسەر هەڵگیرساندنی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولدا تێدەپەڕێ، لەو بۆنە شكۆدارەدا سڵاو درود دەنێرین و دەست بەسنگەوە دەگرین بۆ یەك بە یەكی شەهیدانی ئەو شۆڕشە مەزنە و خانەوادە سەربەرزەكانیان و ڕۆڵە و نەوەكانیان كە ئەمڕۆ درێژەپێدەری ڕێباز و شۆڕشی ئەیلوولن و نەسرەوتانە و كۆڵنەدەرانە كوردستایان لە تروپكی ئازادی و گەیشتن بە هیوا نزیك كردۆتەوە.


سڵاوی گەرمی هەڤاڵانە بۆ یەك بە یەكی تێكۆشەران و پێشمەرگە دێرینەكان دەنێرین كە بوونە قوتابخانەی نەوەكان و پێشنەگ و مامۆستای فێرگەی پێشمەرگایەتی و كوردایەتی و مقاوەمەت.
هەڵگریسانى شۆڕشى ئەیلوول بەرلە پەنجاو پێنج ساڵ بە ڕابەرایەتی بارزانی نەمر و پێشڕەوایەتی پارتى دیموكراتى كوردستان وەرچەرخانێكى مێژوویی و ویستگەیەكی یەكلاكەرەوە و ڕوداوێكی نەتەوەیی و نیشتمانی بوو لە دیرۆكی نەتەوەی كوردی دلێردا و بانگەوازی كورد بوو بۆ دۆست و دوژمن كە كورد بە قەدەری بندەستی و پاشكۆیەتی و زەوتكردنی ماف و ئیرادە و چارەنوسی قایل نابێت و لە نێوان ژیانی بندەستی و مەرگ لە پێناو ئازادیدا ئەوی دووەم هەڵدەبژێرێ و یان كوردستان یان نەمان دەكاتە وێردی سەرزمان.

گەلی كوردستان بەرلەوەی دەستبداتە تفەنگ و پێشمەرگایەتی، ڕێگەكانی چارەسەریی ئاشتیانە و دیالۆگی تاقیكردەوە و هەتا هەموو دەرفەتەكان بە بن بەست نەگەیشتن پەنای بۆ خەباتی چەكداری نەبرد و مێژووی ئەوكاتی عێراق شاهیدی ئەو ڕاستییەیە، دواتریش لە گەرمەی شۆڕش و شەڕی ڕزگاریخوازیدا، هەرگیز هیچ دەرفەتێكی دانوستان و ئاگربەست و گفتوگۆی ڕەتنەكردەوە و لە پاڵ خەباتی چەكداریدا درێژەی بە میكانیزمەكانی دیكەی خەباتی سیاسی و دیبلوماسی و جەماوەری و دیموكراتیانە دا و ڕوانگای بارزانی و پارتی هەمیشە ئەوە بوو كە سەركەوتنە سەربازییەكان دەبێ بكرێنە هەوێنی بەدەستهێنانی دەسكەوتی سیاسی بۆ گەلەكەمان، هەر لە سەرینی ئەو ڕوانگا ڕۆشنە و ئەو خەبات و بەرخۆدانە دلێرانەیەدا بوو كە چەند جار حكوومەتەكانی عێراق ملیان بۆ دانوستان دا و دواجاریش لە یازدەی ئازاری ساڵی حەفتادا و لەژێر زەبری شۆڕش و كۆڵنەدانی پێشمەرگە و خەڵكی كوردستاندا سەرەتای مافەكانی كوردیان پەسەند كرد و دانیان نا بە وجود و ناسنامە و بەشێك لە مافە ڕەواكانی گەلی كوردستاندا. ئەوەش بووە بناغەی بەدەستهێنانی دەسكەوتەكانی دواتر تا گەیشتە حوكمڕانیی خۆیی و فیدراڵیزم و قۆناغی ئەمڕۆ كە قۆناغی گەیشتنە بە مافی چارەنوس و پێكهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان.
شۆڕشی ئەیلوول تەنیا شۆڕشێكی چەكداری نەبوو، تەنیا بزوتنەوەیەكی ڕزگاریی نیشتمانیی نەبوو، بەڵكو قوتابخانەیەكی فرە ڕەهەندی سیاسی و كۆمەڵایەتی و فەرهەنگی بوو. چوارچێوەیەك بوو بۆ خەباتی پێكەوەیی و هاوچارەنوسیی تێكڕای پێكهاتەكانی كوردستان بە جیاوازی نەتەوە و ئایین و ئاینزا و تێروانینی سیاسیی جیاوازەوە. تەجرەبەی خۆبەڕێوەبردن و ئیدارەدانی ناوچە ئازادكراوەكان و مەشقێكی كاریگەر بوو بۆ ووڵات بەڕێوەبردن و حوكمڕانیی خۆماڵی لە ئایندەدا. شۆڕشێك بوو پێكهاتە و ستراكتۆری كۆمەڵگەی كوردستانی لە فیودالیزم و دواكەوتن و چەقبەستن و ناعەدالەتی كۆمەڵایەتییەوە بۆ كۆمەڵگە و سیستمێكی نوێخواز و عەداڵەتخواز و شۆڕشگێڕ گۆڕی و ئەوەش گەورەترین ڕەنگدانەوەی كولتوری و فەرهەنگیی لێكەوتەوە.  دەنگ و سەدای بیستراوی میللەتێكی مەزڵوم و ماف زەوتكراو بوو كە توانی سەرەتاكانی نێودەوڵەتیکردنی دۆزی كوردی لێ شین ببێ و ئەو ڕاستییەش ئەمێستا لە هەموو كات گەشاوەترە.


ئەمڕۆ كە یادی ئەو شۆڕشە مەزنە و ڕابەر و فەرماندە و كادیر و پێشمەرگە و شەهیدە نەمر و سەربڵندەكانی دەكەینەوە، لە سایەی ئەواندا دۆزی گەلەكەمان لە قۆناغێكی دیكەدایە و لە بەدیهێنانی ئاواتە ستراتیجییەكانی لە هەموو كات نزیكترە. ئەو شۆڕشەی بەئاگر و ئاسن و جۆرەها پیلان و گەلەكۆمەی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی و ناوخۆیی نەبەزی و دڕی بە نسكۆ و شكست هێنا و خەبات و داوا ڕەواكانی كوردی بە زیندویی هێشتەوە، ئەمڕۆ لە قۆناغی دروێنەی بەروبومەكەی نزیك بووەتەوە و گەلەكەمان لە ئاستانەی سەربەخۆیی و گەیشتن بە دیاریكردنی چارەنوسی خۆیدایە. سەردەمی نكۆڵی لە مافی چارەنوسی كورد بەسەر چووە و كەس چیتر زاتی ئەوە ناكات لە بەردەم قەدەری حەتمیی ئازادی گەلێكدا بوەستێتەوە كە بە دەیان قات باج و نرخی ئەو ئازادییەی بە خوێن و خەباتی ڕۆڵەكانی داوە و لە پێناوی ئازادیدا هەموو ڕێگەكانی تاقی كردووەتەوە و لە هەمو دەرگاكانی داوە.
ڕۆڵە و نەوەكانی پێشمەرگەكانی ئەیلوول، درێژەپێدەرانی ئەو قوتابخانەیەی سەرباری دڕندەیی دژمنان هەرگیز نەیانهێشت توندڕەوی و دەمارگیری و تیرۆر جێی لە ناو  شۆڕشدا ببێتەوە،   ئەمڕۆ لە جیاتی هەموو جیهان شەڕی تیرۆر و تاریكپەرستان دەكەن و ناوی پێشمەرگەیان لە جیهاندا بەرز و پیرۆز ڕاگرتووە و وڵاتی خۆیان و بەهاكانی مرۆڤایەتیشیان پاراستووە و بوونەتە داڵدەدەری ملیۆنان ئاوارە و دەربەدەری دەستی تیرۆر. كورد و پێشمەرگە سیمبولی ئازادیخوازی و داكۆكی لە شارستانەت و مەدەنیەت و دیموكراتین لە جیهاندا. كوردستان بووەتە ئەنوانێکی ئارام لە ناوچەیەكی گڕگرتووی بێئاماندا و تاكە ناوچەی پێكەوەژیانی ئاشتییانەی نەتەوە و ئایین و ئایینزاكانە لە ڕۆژهەڵاتێكی گیرۆدە بە توندڕەوی و یەكدی سڕینەوەی مەزهەبی و سیاسیدا. 


درێژەپێدەرانی شۆڕشی ئەیلوول بە دنیایان سەلماندوە كە گەلی كوردستان شایستەی خۆبەڕێوەبردن و ئازادی و سەربەخۆییە و دەوڵەتەكەشیان لە ئایندەدا بۆ دەر و جیران و ناوچەكە بە گشتی مایەی ئاشتی و ئارامی و فاكتەرێكی بەهێزی سەقامگیری دەبێت.
لەم هەل و مەرجە بابەتییە ڕەخساوەدا، بەرژەوەندی گەلەكەمان و ڕۆحی شەهیدانی شۆڕش و شەکەتی و قوربانیدان و خۆڕاگری و بەرگەگرتنی گەلەكەمان داوای ڕەخساندنی هەل و مەرجێكی ناوخۆیی و زاتی هاوشێوەی هەل و مەرجە بابەتییەكەمان لێدەكەن تا ئەو دەرفەتەی بەدەست هاتووە لەکیس نەچێ و خوێن و خەبات بەفیڕۆ نەڕوات. ئەوەش بە یەكڕیزی نیشتمانی و ڕێكخستنەوەی نێوماڵی كورد و وەلاوەنانی ململانێ لاوەكی و لۆكاڵییەكان و دەستكراوەیی و هاوخیتابی بۆ بەدیهێنانی ئامانجە ستراتیجییەكەی میللەتەكەمان دێتە دی.
كوردستان لە بەردەم گرەو و دەرفەت و دووڕیانی چارەنووسسازدایە، خەباتی سەد ساڵی نەتەوەی كورد  بە شۆڕشی ئەیلوول و هەموو خەبات و ڕاپەرینەكانی دیكەشەوە بۆ سەربەخۆیی و ئازادی بووە ، بەدیهێنانی ئەو خواستە پیرۆزە دەبێ لەسەروو هەر جۆرە ململانێ و ناكۆكیەكی نێوخۆیی و لاوەكیی بێت. هەر ئەوەشە باشترین ئەجردانەوەی شەهیدان و ماندووانی ڕێگای ئازادییە.


لە یادی شۆڕشە مەزنەکەی ئەیلوولدا
ـ سڵاو و درود بۆ ڕابەر و سەركردەی شۆڕش مستەفا بارزانی نەمر و كاك ئیدریسى هەمیشە لەیاد.
ـ سڵاو و درود بۆ تێكڕای شەهیدانی كورد و كوردستان و شەهیدە پێشەنگەکانی شۆڕشی ئەیلوول و بنەماڵە سەربەرزەكانیان.
ـ سڵاو بۆ تێكۆشەرانی پارتیمان كە سوتەمەنی شۆڕش و زادی بەردەوامی و سەركەوتنەكانی بوون.
ـ سڵاو بۆ گەلی خۆڕاگری كوردستان كە لەو ڕۆژەوە تا بە ئەمڕۆ دەگات بۆ ئامانجی گەورەی سەربەخۆیی و ئازادی، بەرگەی جۆرەها مەینەتی گرتووە و كۆڵینەداوە.
ـ     سڵاو بۆ یەكە یەكەی پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان كە بە گیانی خۆیان كوردستانیان پاراست و دەپارێزن.
ـ سەر بكەوێ خەباتی ڕەوای نەتەوەكەمان لە پێناوی سەربەخۆیى.
ـ شەكاوە بێ ئاڵای پیرۆزی كوردستان .

مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
11ی ئەیلوولی 2016

هەواڵی پەیوەندیدار