مەکتەبی سیاسی بۆ ساڵیادی پارتی: ئیدی كاتی ئەوەیە گەلی كوردستان رێگەی خۆی بگرێتەبەر و چارەنوسی خۆی دیار بكات

هەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ساڵیادی حەفتاساڵەی دامەزراندنی پارتی، رایدەگەیەنێت کە، ئیدی كاتی ئەوەیە گەلی كوردستان رێگەی خۆی بگرێتەبەر و چارەنوسی خۆی دیاریبكات.
دەقی بەیاننامەی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان
لە حەفتاهەمین ساڵیادی شازدەی ئابدا:
رۆڵەكانی نەتەوەی كوردی نەبەز
كوردستانیانی هێژا
ئەندام و لایەنگران و جەماوەری كۆڵنەدەری پارتیمان..
كەسوكارى سەربەرزى شەهیدان
پێشمەرگە قارەمانەكانى كوردستان
بەناوى خۆمان و ئەنجوومەنى سەركردایەتى پارتیمان پیرۆزبایى حەفتا ساڵەى دامەزراندنى پارتیمان (پارتى دیموكراتى كوردستان) لە ئێوە و سەرجەم تێكۆشەرانى كوردستان دەكەین.
بەرلە حەفتا ساڵ، لە ناو تاریكیی و نائومێدیی بێبەش كردنی نەتەوەی كورد لە مافی دیاریكردنی چارەنوس، لە دوای زمجیرەیەك شكست كە بەسەر بزاڤى نەتەوەیی كورددا هات و هێندەی نەمابوو رۆڵەكانی ئەم گەلە واقعی تاڵی بندەستی وەك قەدەر و چارەنووس قبوڵ بكەن، پارتی وەك چرایەك داگیرسا و هاتە مەیدان تا دڕ بەو تاریكی و بێ هیواییە بدا و دوبارە ئومێد و باوەڕبەخۆبوون لە ناخیمرۆڤی كورددا بژێنێتەوە. پارتی هاتەوجود تا پێشڕەوایەتی خەباتی هۆشیاری و سیاسی و دیبلوماسی و چەكداری و فەرهەنگیی گەلی كوردستان بكات بەرەو وەرگرتنەوەی مافی زەوت كراو و خاكی داگیرودابەشكراوی كوردستان و كۆتاییهێنان بە بندەستی و پاشكۆیەتی و بۆئەوەی نەتەوەی كورد وەك چوارەم گەورە نەتەوەی ناوچەكە، پێگە و پایەی زەوتكراوی خۆی بەدەستبێنێتەوە و بڕیار و ئیرادەی بكەوێتەوە دەستی خۆی و ئەوەش لە كۆتاییدا تەنیا بە پێكهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ دێتەدی كە مافی رەوا و بێ چەندوچونی تێكڕای گەلانی سەرزەمینە.
پارتی بۆ ئەوەی لە ئاست ئەو ئەركە مەزنەدا بێ و بتوانێ هەموو تواناكانی گەلی كوردستان بەرەو ئەو ئامانجە پیرۆزە ئاڕاستەبكات، هەر لە دەسپێكەوە رێباز و فەلسەفەیەكی ئەوتۆی گرتەبەر كە لە یەك كاتدا هەم كۆكەرەوەی هەموو خەڵكی كوردستان بێ بە شار و دێ و چین و توێژی جیاواز و تێكڕای جوگرافیای كوردستانەوە، هەم بنەماكانی كوردایەتی بە جۆرێك داڕێژێ كە لەگەڵ كۆی بەها ئینسانییەكانی ئاشتی و عەدالەتخوازی و دیموكراسی بگونجێ تا هەرگیز بەهانە نەكەوێتە دەستی داگیركەرانی كوردستان كە بزاڤی رزگاریخوازیی كوردستان بە توندڕۆیی و شەڕخوازی و تیرۆر تۆمەتبار بكەن.
لەم پێودانگەوە و لە سەر رێبازی مستەفا بارزانی دامەزرێنەر و رابەرە دوربینەكەی، پارتی هەر لەو دەمەوە تا بە ئەمڕۆ دەگات، نەیهێشت كوردایەتی لە مانا ئینسانییەكەی داببڕێ و بە رەغمی دڕندەیی دوژمنان، رێی بە دەمارگیریی نەتەوەیی و توندرۆیی نەدا، رێی بە پەڕگیری ئایدیۆلۆجی و ئایینی و ئایینزایی نەدا. هەربۆیەش توانی ببێتە چەتری تێكۆشانی پێكەوەیی تێكڕای كوردستانیان بە جیاوازیی ئینتمای نەتەوەیی و ئایینی و ئایینزاییەوە. لە سایەی پێشڕەوایەتی پارتیدا خەباتێكی بێگەرد و رەوا و ئینسانیی ئەوتۆ لە كوردستاندا بەرێوەچوو كە سەرباری تۆمەت و چەواشەكاریی دوژمنان، دواجار بۆ هەموو جیهان رونبۆوە كە كوردایەتی تێكۆشانی رەوای میللەتێكی دیموكراتخوازی ئاشتیپەروەرە و، زوڵم و چەوسانەوە و ستەم، رێی شەڕ و دیفاعی پێ گرتۆتەبەر و جگە لەوەی دەخوازێت وەك گەلانی دیكە ئازاد و سەربەخۆ بژی، هیچ ئامانجێكی دیكەی نییە. ئەگەرچی خۆی لە گەلانی دیكە بە كەمتر نازانێ و بە مافی كەمتر لەوان قایل نابێ، بەلاَم هاوژیانی و هاوكاری و بنیاتنانی بناغەی هاوسێیەتی لەگەڵ گەلانی ناوچەكە و جیهان، پرنسیپێكی نەگۆڕیەتی.
بەم روانگا ئینسانی و بەرچاورونەوە، پارتی بە پاڵپشتیی گەلی فیداكاری كوردستان توانی رێبەرایەتی بزوتنەوەی رزگاریخوازیی نیشتمانی كوردستان و شۆڕشی مەزنی ئەیلول و ئەو تێكۆشانە سیاسی و دیبلۆماسی و رێكخراوەیی و جەماوەری و سەربازییە بكات كە توانی لە سەردەمی سەختی بێ پشت وپەناییدا و سەرباری پیلان و نسكۆ و شەڕی قەلاَچۆ، قۆناغ بە قۆناغ مافە سەرەتاییەكانی گەلی كوردستان بەدەست بێنێتەوە و هاوشانی هێزە تێكۆشەرەكانی دیكە، بناغە بۆ ئەمڕۆ و بۆ گەیشتن بە ئامانجە ستراتیجییەكەی كورد و كوردستان دابڕێژێ كە خۆی لە دوا بڕیاری دیاریكردنی چارەنوسدا دەبینێتەوە.
ئەمڕۆ كە حەفتاهەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتیمان دەكەینەوە، گەلەكەمان لە ئاستانەی سەردەم و زەمانێكی جیاوازدایە . جیهان رووبەرووی شەڕ و تەحەدیی تیرۆرە. كورد و هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە ناوجەرگەی ئەو شەڕەدا سەنگەری یەكەمی بەرەنگاربونەوە و داكۆكین لە بەها ئینسانییەكان و لە كۆی مرۆڤایەتی. بنبڕكردنی یەكجاریی هەرەشەی تیرۆر لەسەر جیهان، دوبارە داڕشتنەوەی نەخشەی ناوچەكە و ئەگەری گۆڕانكاری و پێشهاتی جددی هێناوەتە ئاراوە. لە سەرینی ئەو گۆڕانكارییانەوە بە هەموو پێوەرەكان دەرفەتی مێژویی بۆ خەباتی رزگاریخوازیی گەلی كوردستان هاتۆتەئاراوە و لە گەیشتن بە دوا ئامانج لە هەركات نزیكترە.
لە هەمان كاتیشدا ناحەزانی گەیشتنی كورد بە مافەكانی، لەهەركات زیاتر لە بۆسەدان و گرەو لەسەر لەبەین بردنی ئەو دەرفەتە و دەست بەتاڵ دەرچوونی كورد دەكەن. بۆیەش هاوشانی دەرفەت، هەرەشەشمان لە پێشە و دەبێت لە ئاستی ئەو تەحەدییات و هەڕەشانەدا بین و بەرپرسیاریی مێژویی لێمان دەخوازێ ئەم هەلە بە هیچ بەهانەیەك لە دەست نەدەین و لەم هاوكێشە ئاڵۆز و چارەنوسسازەدا، گەلەكەمان بۆ قۆناغێكی دیكە بگوێزینەوە.
پارتیمان باوەڕی وایە گەلەكەمان هەموو رێگەكانی هاوژیانی و بەدیهێنانی شەراكەتی راستەقینەی لەگەڵ عێراقییەكان تاقیكردۆتەوە و هەر هەمووی بێ ئاكام بووە.
كورد و هێزە سیاسییەكانی هەرچییان لە توانادا بووە بۆ هێنانەدی عێراقێكی نوێی دیموكراتی دوور لە خۆسەپاندن و نكۆڵیكاری و كوشت و بڕ، درێغییان نەكردووە و بەلاَم دواجار ئەو عێراقە هەر نەهاتەدی. بە پێچەوانەوە لە عێراقی نوێدا كوردستان نەك هەر نەپاریزرا، بەڵكو لە شەڕی داعشدا دوبارە توشی جینوساید بوینەوە و دەسەلاَتدارانی بەغدا تا بۆیان كرا ئەركی پێشمەرگەیان سەخت كرد و پاروەنانی خەڵكی كوردستانیان بڕی و هەڕەشەشیان لێ كردین.
بۆیە دوای سەد ساڵ خەبات و ئەو هەموو خوێن و قوربانییە، دوای ئەو هەموو هەوڵە بێ سەمەر و بێ جەدوایە، دوای ئەوەی لە ئاسۆی ئایندەشدا هیچ ئومێدێك بۆ عێراقێكی ئارام و دوور لە شەڕی تائیفی بەدیناكرێت، ئیدی كاتی ئەوەیە گەلی كوردستان رێگەی خۆی بگرێتەبەر و چارەنوسی خۆی دیاریبكات. موقەدەراتی سیاسی و ئابوری خۆی بگرێتەوە دەستی خۆی و قەیران و گرفتەكانی چارەسەر بكات و ئایندەیەكی مسۆگەر بۆ نەوەكانی دابین بكات كە بارتەقای ئەو هەموو خوێن و قوربانییە بێت كە لەو پێناوەدا بەخت كراوە. جیهانیش لە هەر كات باشتر تێگەیشتنی بۆ داوای رەوای كورد هەیە بە تایبەت دوای رۆڵی شەرەفمەندانەی پێشمەرگە لە شەڕی داعشدا و دوای ئەوەی رۆژ بە رۆژ شكستخواردویی عێراق وەك دەوڵەت رونتر دەردەكەوێت.
پارتیمان بە درێژایی كاروانی خەبات، تا رێگەی دانوستان و خەباتی سیاسی فەراهەم بوبێت، پەنای بۆ چەك نەبردووە، لەم قۆناغەشدا بە هەمان پرنسیپ كار بۆ داخوازی رەوای گەلەكەمان دەكات. باوەڕی وایە كە بڕیاری گەلی كوردستان بۆ جیابونەوە و سەربەخۆیی دەبێ بە تەفاهوم لەگەڵ بەغدا و لێكگەیشتن لەگەڵ دەر و جیران و بە شێوازی ئاشتیانە پراكتیزە بكرێ دوور لە گرژی و شەڕ و ئاشوب.
هەر لەم پێودانگەشەوە پارتیمان رووی بانگەوازی لە هەموو هێزە سیاسییەكانی كوردستانە كە پێكەوە و بە هەماهەنگی و هاوخیتابی، هەنگاوەكانمان یەكخەین بەرەو ریفراندۆم و دیاریكردنی چارەنوس و گواستنەوەی گەلەكەمان بۆ قۆناغێكی دیكە. لە پێناو ئەو ئامانجە مەزنەشدا كە هەموولایەكمان لە رێی بەدیهاتنیدا، خەباتمان كردووە و قوربانیمان داوە، پێًویستە كێشە و ناكۆكییە نێوخۆییەكان بە گفتوگۆ و دانوستان چارەسەر بكەین بە تایبەت پاش ئەوەی بۆ هەموو لایەكمان رونبۆوە كە ژێرپێنانی پرنسیپی سازان و لێكگەیشتن، هەوڵی سڕینەوە و پەراوێزخستن و قۆڵبادان و گەلەكۆمەكێ لێكدی، بێ ئاكامە و تەنیا لیكترازانی نێوماڵی كورد و سەرقاڵ بوون بە كێشەی لاوەكی و دواخستنی ئەركە نەتەوەییە نیشتمانییە چارەنوسسازەكانمانی لێ شین دەبێ. ئەوەش بە زیان بۆ یەك بە یەكمان و بە زیان بۆ گەلی كوردستان تەواو دەبێ و هیچمان لە ململانێیەكی ناوەخت و بەرچاوتەنگی لەو جۆرەدا دەسكەوتێك ناچنینەوە.
گەلی قوربانیدەری كوردستان ..
پارتییە خۆڕاگر و كۆڵنەدەرەكان ..
لە یادی شازدەی ئابدا ، بەڵێن و وەفاداری بۆ گیانی پاكی رابەر و دامەزرێنەری پارتیمان مستەفا بارزانی نەمر و كاك ئیدریسى هەمیشە زیندو و تێكڕای شەهیدانی پارتی و رێگای رزگاری كوردستان نوێدەكەینەوە كە درێژەپێدەر و پارێزەر و قوتابی بە ئەمەكی ئەم رێبازە بین و ئەو ئامانجە بەدیبێنین كە ئەوان بە خوێن و خەبات و كۆڵنەدانی بەردەوام تا ئەم قۆناغەیان گەیاند.
لە یادی شازدەی ئابدا، سەری رێز و نەوازش بۆ شەهیدانی كورد و كوردستان نەوی دەكەین. لە یەكەم شەهیدی شۆڕشەوە تا ئەو پێشمەرگە نەبەزانەی بە بەختكردنی گیانی خۆیان كوردستان و خەڵكەكەی و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم و تەنانەت سەدان هەزار ئاوارە و پەناهەندەیان لە نەتەوە و ئایینی جیا جیا لە سەرسەختترین دوژمن پاراست. ئەوانەی بە قارەمانێتی خۆیان سەنگ و ئەرزشی كوردیان لە جیهاندا گەیاندە لوتكەی رێز و ئیعتیبار. سلاَو بۆ خانەوادە سەربەرزەكانیان دەنێرین.
درود و سلاَو بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان كە نەك هەر مەردانە كوردستانیان لە شەڕی داعشدا سەرخست، بەڵكو سەلماندیشیان كە لەسەروو هەموو ناكۆكییەكی نێوخۆیین و وەك دامەزراوەیەكی نیشتمانیی سنور و خاك پارێز، ئینتمای یەكەمیان تەنیا بۆ خاك و خەڵكی كوردستانە. چاوی یەك بە یەكیان ماچ دەكەین و ئومێدی سەركەوتنی یەكجارەكییان بۆ دەخوازین
سلاَو بۆ كادیرە دڵسۆزەكانی پارتیمان كە پشت و پەنا و هاوسەنگەری پێشمەرگەی كوردستان بوون و فیداكارییان نواند.
سڵاو و پێزانین بۆ خۆڕاگریی تێكڕای گەلی كوردستان كە بەرگەی قەیرانی ئابوری و سەختیی ژیانیان گرتووە و سەرباری مەینەتی و نەبونی، سەبەرز و خۆڕاگرن و وەك هەمیشە هێزی لەبننەهاتووی پشتیوانن بەرەو بەدیهێنانی سەربەخۆیی و سەروەریی.
سلاَوی هەڤالاَنە و شوڕشگێڕانەی گەرم بۆ تێكڕای ئەندام و لایەنگر و جەماوەری پارتیمان، ئەوانەی حەفتا ساڵی رەبەقە ئالاَی پارتییان لە بەرزیدا هێشتۆتەوە و لە سەركەتن و شكست و لە هەوراز و نشێودا باوەڕیان نەگۆڕ و ئیرادەیان پۆلاَیین و ئیمانیان بە رێبازی بارزانی هەتا دێ پتەوتر دەبێ.
هەر شەكاوە بێ ئالاَی پارتیمان ، پارتی نەبەزین و بەردەوامی و كۆڵنەدان.
سەركەوێ خەباتی رەوای نەتەوەی كورد و گەلی كوردستان بەرەو مافی چارەنوس و سەربەخۆیی ..
بژی كورد و كوردستان
مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
١٦ ى ئابى ٢٠١٦




