١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
مەکتەبی سياسی

پارتی بۆ ساڵیادی حزبی سۆسیالیست دیموكراتى كوردستان: پێویستە مکوڕتربین بۆ هاوخەباتى و یەكڕیزیی

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی بۆ ساڵیادی حزبی سۆسیالیست دیموكراتى كوردستان راگەیاند و لە پەیامەکەدا هاتووە، واپێویست دەكات زیاتر مكوڕتربین لەسەر هاوخەباتى و یەكڕیزیی بۆ یەكلاییكردنەوەى ئەو كێشەوگیروگرفتانەى نێوخۆ و رێكخستنەوەى نێو ماڵى كورد و داكۆكیكردن لەو ئەزموونە و دەسكەوتەكان و پاراستنى رەوشی ئارام و سەقامگیریی هەرێمى كوردستان.

دەقی پەیامى پیرۆزبایی مەكتەبی سیاسی پارتى دیموكراتى كوردستان بەبۆنەى (٤٠) ەمین ساڵیادی دامەزراندنى حزبی سۆسیالیست دیموكراتى كوردستان:


بەڕێز / محەمەدى حاجى مەحموود سكرتێرى گشتى حزبى سۆسیالیست دیموكراتى كوردستان

بەڕێزان/  ئەندامانى سەركردایەتى حزبى سۆسیالیست دیموكراتى كوردستان..

   بەبۆنەى (٤٠)ەمین ساڵیادى دامەزراندنى حزبە خەباتگێرەكەتان پیرۆزباییەكى گەرم لە ئێوە و كادیروئەندامان و لایەنگرانتان دەكەین، ئومێدەوارین هەر بەردەوام و سەركەوتوو بن لە خەبات و تێكۆشانتان بۆ سەرخستنى كێشەى رەواى گەلەكەمان و بەدیهێنانى گشت مافەكانى.
   روون و ئاشكرایە رۆڵى بەڕێزتان و حزبەكە تێكۆشەرەكەتان لە كاروانى دوورودرێّژى شۆڕش و خەباتى گەلەكەمان مایەى شانازییە، هەر بۆیەش لەو پێناوەدا شەهیدو قوربانی زۆرتان بەخشیوە بۆ بەرگریكردن لە دەسكەوتەكان و گەیشتن بە ئامانجە رەواكانمان.

   ئێمە كاتێك ئەو یادە پیرۆز دەكەین و خەبات و فیداكاری و ئەو قوربانیانەى ئێوە بەهەند دەگرین، هاوكات بەهۆى رەوشى گرنگ و هەستیارى ئەمڕۆى هەرێم و ناوچەكە و گیانفیدایی و بەرگرى هێزى پێشمەرگەى كوردستان لەبەرەكانى شەڕدا دژ بە تیرۆریستان و دوژمنانى گەلەكەمان، واپێویست دەكات زیاتر مكوڕبین لەسەر هاوخەباتى و یەكڕیزیی بۆ یەكلاییكردنەوەى ئەو كێشەوگیروگرفتانەى نێوخوَو رێكخستنەوەى نێو ماڵى كوردو داكۆكیكردن لەو ئەزموونەودەسكەوتەكان و پاراستنى رەوشی ئارام و سەقامگیریی هەرێمى كوردستان.

   هیوادارین هەموو لایەك بە هەمان رۆحیەتى هاوپەیمانییەتى و بەرپرسیاریەتى مێژووییەوە درێژە بە هەوڵ وكۆششەكانمان بدەین لە پێناو بەرژەوەندى گشتیى گەلەكەمان و لەسەر ئاستى ناوخۆو دەرەكیەوە كاربكەین بۆ تەختكردنى كۆسپ و تەگەرەكانى بەردەم ئەو هەلومەرجە دژوارەى ئەمڕۆ لەئارادایەو هەرێمى كوردستان بگەیەنینە كەنارى هەمیشەیی ئارام وئاسوودەیی و دەستەبەر كردنى ئایندەیەكى رۆشنتروگەشتر بۆ گەلەكەمان.  جارێكى دیكە پیرۆزباییتان لێدەكەین و هەر سەركەوتوو بن ....

مەكتەبی سیاسی پارتى دیموكراتى كوردستان

٧/٨/٢٠١٦


                                                                              

 

هەواڵی پەیوەندیدار