١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
مەکتەبی سياسی

فازڵ میرانی: پێوەندی دووقۆڵی پارتی و سوسیالیست بەرز و نموونەیە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان فازڵ میرانی لە پێشوازی سکرتێری حزبی سۆسیال‌دیموکراتی  کوردستان ڕایگەیاند لەم قۆناغەدا دەبێت هەموو گەلی كوردستان و لایەنە سیاسییەكان یەكڕیز و یەكدەنگ و یەكهەڵوێست بن و دەبێت ئاریشەكان وەك خۆی ببینین نەك ئێمە چۆن دەمانەوێت ببینین و بەرژەوەندییەكانی حزب بە لاوە بنێن و بەرژەوەندی باڵای كوردستان لە پێشی هەموو بەرژەوەندییەكی ترەوە بێ.


ئەمڕۆ لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سەلاحەدین فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پێشوازی لە محەمەد حاجی محموود سكرتێری حزبی سوسیال‌دیموكراتی كوردستان و شاندی یاوەری كرد.

لە دانیشتنێكدا كە مەحموود محەمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی و ڕەمزی شەعبان ئەندامی یەدەكی مەكتەبی سیاسی و ئەحمەد كانی بەرپرسی پەیوەندییە كوردستانی و نیشتمانییەکانی پارتی ئامادەی بوون.

فازڵ میرانی وێڕای بەخێرهێنانی شاندی مێوان تیشكی خستە سەر ڕەوشی ئەمڕۆی كوردستان و عێراق و ئاماژەی بەوەدا كە ئێستا دوو بابەتی گرنگ لە بەردەم گەلی كوردستانە یەك شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش و ڕەوشی ناوخۆی كوردستان.

میرانی بەو بۆنەوە سپاسی سەركردایەتیی سیاسی پارتی ئاراستەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و خۆبەخشەكانی گەلی كوردستان كرد بۆ تۆماركردنی ئەو سەركەوتنانەی كە لە شەڕی داعش تۆماریان كردووە؛ هەروەها سپاسی بێپایانی ئاراستەی گەلی كوردستان كرد كە هێز و پاڵپشتی هەری سەرەكی پێشمەرگەو سەركردایەتیی سیاسی كوردستانە.
میرانی دوپاتی كرد كە لەم قۆناغەدا دەبێت هەموو گەلی كوردستان و لایەنە سیاسییەكان یەكڕیز و یەكدەنگ و یەكهەڵوێست بن و دەبێت ئاریشەكان وەك خۆی ببینین نەك ئێمە چۆن دەمانەوێت ببینین و بەرژەوەندیەكانی حزبی بەلاوە بنێن و بەرژەوەندیی باڵای كوردستان لە پێشی هەموو بەرژەوەندییەكی ترەوە بێ.
هەروەها میرانی تەئكیدی كردەوە كە ئەم قەیرانە سیاسیەی ئێستای کوردستان، لەبەر ئەوە بوو كە لە جیاتی ئەوەی پەرلەمانی كوردستان جێگای چارەسەركردنی كێشەكان بێت و بەشێك بێت لە چارەسەر بووە بەشێك لە گرفتەكان و كێشەكان و كوردستانی گەیاندە ئەمڕۆ.
میرانی ئاماژەی بە پەیوەندیەكانی دووقۆڵی لە نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و حزبی سوسیالیستی دیموكراتى كوردستان كردو بە ئاستێكی بەرزو نمونەیی وەسفی كردو هەروەها ستایشی ڕۆڵی كاك محەمەد حاجی مەحموودی وەك پێشمەرگەیەكی قارەمان و لە سەنگەرەكانی جەنگ دا بۆ پاراستنی خاكی كوردستان كرد و بەبەرز و شەرەفمەندی لە قەڵەم دا.
لە لای خۆیەوە محەمەد حاجی محموود سكرتێری حزبی سوسیالیستی دیموكراتی كوردستان سوپاسی مەكتەبی سیاسی پارتی كرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارەو ئاماژەی بەسەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان داو پەیوەندی لە نێوان حزبی سوسیالیست و پارتی بە مێژوویی وەسف كرد و دووپاتی كردەوە كە ئێستا كوردستان پێویستی بە یەكڕیزی هەیە تا پێكەوە بەرەو ڕیفراندۆم و دەوڵەتی سەربەخۆیی كوردستان هەنگاو بنێین.
شایانی باسە شاندی حزبی سوسیالیستی دیموكراتی كوردستان پێكهاتبوون لە: محەمەد حاجی محموود سكرتێری حزب و عەبدوڵا حاجی مەحموود و سادق جەباری و فاتح ڕئووف و محەمەد سەلیم و ڕزگار غەفور ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی حزبی سوسیالیستی دیموكراتی كوردستان.

هەواڵی پەیوەندیدار