فازڵ میرانی: گرینگە یەكڕیزیی ماڵی كورد رێك بخرێت

هەولێر-KDP.info- سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازیی لە یاسین عوەز ئیسماعیل سەرکۆنسووڵی کۆماری سوودان لە هەولێر كرد و، لە دیدارەکەدا میرانی دووپاتی کردەوە کە گرینگە ڕیزی ماڵی کورد ڕێک بخرێت.
لەو دیدارەدا كە عێزەدین بەرواری ئەندامی مەكتەبی سیاسی و ڕەمزی شەعبان ئەندامی یەدەكی مەكتەبی سیاسییشی لەوێ بوون، فازڵ میرانی بەخێرهاتنی باڵیۆزی سوودانی كرد و تیشك خرایە سەر ڕەوشی ئەمڕۆی كوردستان و عێراق و ناوچەكە و دواپێشهات و گۆڕانكاری و ئەو تەنگژانەی سەر ڕێی پرۆسەی سیاسی عێراق و، تەئكید لەسەر بایەخی گرتنەبەری ڕێگای چارەسەری سیاسی و دیالۆگی برایانە؛ گەلی كورد چەندین ساڵە لە پێناو ئازادی و بەدەستهێنانی مافە ڕەواكانی و بۆ دامەزراندنی سیتەمێكی دیموكراتیک لە عێراق تێدەكۆشێ و هەردەم فاكتەری سەقامگیری بووە لە ناوچەكەدا و دەخوازێت پەیوەندییەکی هەرە باشی لەگەڵ عێراق و دەوروبەریدا هەبێت؛ تاكە ڕێگایش دیالۆگە و ئێمەی كورد بڕیارەکەی سوودان بۆ چارەكردنی كێشەی باشووری سوودان بە ڕیفراندۆم بڕیارێكی ژیرانە بوو بۆ ڕێكخستنی پەیوەندیەكانی نێوان هەردوو لا.
کونسوڵی سوودانیش سپاسی سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستانی كرد بۆ ئەم پێشوازییە و ستایشی گەلی كورد بە تایبەتی هێزەكانی پێشمەرگەیشی کرد کە ئاوەها شەڕی ئەو داعشە تیرۆریستانە دەکەن وا دژمنی هەمووانن؛ هەڵوێستی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش زۆر بە پیرۆز زانی کە ئەو هەموو ئاوارە عەرەبەی داڵدە داوە.
تەئكیدی كرد كە گەلی كورد قوربانییەكی زۆری داوە لە پێناو گەیشتن بە مافە ڕەواكانی و ئێمە پشتیوانی مافی گەلی كورد دەكەین و پێویستە دەوڵەتانی عەرەب بایەخێكی زیاتر بە هەرێمی كوردستان بدەن؛ پیرۆزیشە ئەم فەرهەنگی پێكەوەژیانی ئایینی و گیانی لێبوردەیی لە هەرێمی كوردستاندا.
لە كۆتاییدا فازڵ میرانی جەختی كردەوە كە پارتی و سەرۆك بارزانی باوەڕی تەواویان بە چارەسەركردنی كێشەكانی هەرێم بە ڕێگای دیالۆگ و لێكتێگەیشتن هەیە و جەنابیان لە كاركردن بەردەوامە بۆ ئەوەی بە یەك دەنگ و یەك هەڵوێست ئەم قۆناغە هەستیارە تێپەڕێنین تا ئامانجی نەتەوەكەمان بێتە دی و، گرنگە ڕیز ماڵی كورد یەک بخرێتەوە، لەم كاتەدا كە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئاڵوگۆڕی گەورەدایە تا ئامادە بین و بتوانین بە باشی ئەم دەرفەتە بقۆزینەوە و سوودی لێ وەربگرین.




