١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
مەکتەبی سياسی

پارتی سەردانی یەکگرتووی کرد

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی سکرتێری مەکتەبی سیاسی، سەردانی بارەگای یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانیان کرد و بە بۆنەی تەوابوونی کۆنگرەی یەکگرتووەوە پیرۆزبایییان لێ کردن.

ئەمڕۆ فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی و مەحمود محەمەد و كاكەمین نەجاڕ و عێزەدین بەرواری ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و رەمزی شەعبان ئەندامی یەدەگ و ئەحمەد كانی بەرپرسی پەیوەندییەکانی نیشتمانی كوردستانی عێراقی، پێکەوە سەردانی بارەگای یەكگرتوی ئیسلامیی كوردستانیان كرد و، مامۆستا سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی و هادی عەلی بەرپرسی ئەنجوومەنی كاروباری سیاسی و جەماوەری و سەمیر سەلیم و فەرهاد مەلا ساڵح و عەبدولەتیف یاسین ئەندامانی سەركردایەتیی یەكگرتووی ئیسلامی پێشوازییان لێیان کرد؛ مەبەست لە سەردانەكە بۆ پیرۆزباییکردن بوو بە بۆنەی بەستن و كۆتاییهاتنی كۆنگرەی حەفتەمی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان و هەڵبژاردنی مامۆستا سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین وەك ئەمینداری گشتیی و، هەڵبژاردنی دەستەی سەركردایەتیی یەکگرتوو. لە دیدارەکەدا وێڕای پیرۆزبایی لە بەستن و كۆتایی هاتنی كۆنگرەكە، فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان هاتنی مانگی ڕەمەزانی لە ئەمیندار و سەركردایەتیی یەكگرتوو پیرۆز كرد و، ئاماژەی بە پەیوەندییەكانی نێوان پارتی دیموكرتی كوردستان و یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان كرد و، جەختیشی لە پتەوتركردنی پەیوەوەندییەكانی نێوانیان بۆ سەقامگیرکردنی ئارامی و خۆشگوزەرانیی زیاتری خەڵكی كوردستان كردەوە.

سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئاماژەی بەوەش دا پارتی دیموكراتی كوردستان لە سۆنگەی هەستكردن بەو بەرپرسیارەتییە مێژوییەی كە هەلومەرجی ئەمڕۆی كوردستان دەخوازێ، داوا دەکا هەموو كوردستانیان بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ پێشهاتەكاندا بكەن و، هێز و لایەنە سیاسیەكان باشتر خۆیان رێك بخەنەوە و هەنگاو بنێن بەرەوپێش و ئامادە بین بۆ هەموو پێشهات و ئەگەرێك.

ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو مامۆستا سەلاحەدین بەهائەدین سپاسی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان كرد بۆ ئەم سەردانە و ڕایگەیاند كە لە سایەی سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی كوردستانەوە، لەسەر دەستی پێشمەرگەی كوردستان، دەتوانین بە ئازادانە كارێکی هاوبەشی وا بکەین كە بەرهەمەكەی لە بەرژوەندیی گەلی كوردستاندا دەبێت و تاكیدیشی كردەوە كە بە دیالۆگ و گفتوگۆ هەموو كێشەیەك چارەسەر دەبێت.

هەواڵی پەیوەندیدار