١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
مەکتەبی سياسی

پارتی بۆ ساڵیادی شۆڕشی گوڵان: جەخت لە گوتاری هاوبەش و رێکخستنی نێوماڵی کورد دەکەینەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەیامێکیدا بەبۆنەی (٤٠)ـەمین ساڵیادی هەڵگیرسانى شۆڕشى گوڵانى پێشكەوتنخواز رایگەیاند " لەو بۆنەیەدا جارێكى دیكە جەخت دەكەینەوە سەر هاوپەیمانیەتى و گیانى بەرپرسیاریەتی و گوتارى هاوبەش و هاوكارى لەگەڵ  هێز و لایەنە سیاسییەكانى كوردستان بۆ داڕژتنەوەى نەخشەرێگایەكى نوێ و گونجاو بۆ ئەو قۆناغەى ئێستامان و پتەوكردنى بنەماكانى یەكڕیزیی و رێكخستنى نێو ماڵى كورد و وەلانانى كێشەو گیروگرفتە لابەلاكان بۆ رووبەڕووبوونەوەو چارەسەركردنى كێشە هەنووكەیییەكان و بڕیاردان لەسەر چارەنووسی گەلەكەمان."


  بەر لە چڵ ساڵ رۆڵە خۆراگرەكانى گەلەكەمان بە سەركردایەتى پارتیمان پارتى دیموكراتى كوردستان و سەرۆك بارزانى، بۆ رەتكردنەوەى چەوساندنەوە و درێژەدان بە خەباتی رەوای كورد و شكست هێنان بە پیلانی لەباربردنى شۆڕشی ئەیلول، شۆڕشی گوڵانى پێشكەوتنخوازیان  هەڵگیرساند،  ئەو شۆڕشەى درێژەپێدەرى شۆڕشی مەزنى ئەیلوول بوو بە رابەرایەتى بارزانى نەمر، هەروەها گیانى یەكڕیزیی و هاوسەنگەرى گەلى كوردستانی بەرجەستە كرد تاوەكو پێكهێنانى بەرەى كوردستانى، كە هەوێن و داینەمۆى راپەڕینە شكۆدارەكانى ساڵى (١٩٩١)بوو.

  زنجیرەى خەباتى چەكدارى و سیاسی  ئەو قافڵە سەركەشە هەر لە بەرایی هەڵگیرسانى شۆڕشی مەزنى ئەیلوول و  قۆناغە جیاجیاكانى تێكۆشان داو ئەو دەسكەوتانەى لەو كاروانە نەپساوەیەدا بەدیهاتوون لەوانەش (رێككەوتننامەى ١١ئادارى ١٩٧٠) و راپەڕینەكانى (١٩٩١)و ئەزموونى حوكمرانى هەرێمى كوردستان، گەواهیدەرى ئەوەن كە ئەوەی ئەمڕۆ بەدیهاتووە، بەرهەمی كۆڵنەدان و بەردەوامیی ئەو كاروانەیە.

     كارنامەى شۆڕشى گوڵانى پێشكەوتنخواز بەبێ جیاوازى لە رووى ئیتنى و ئایینى و ئایینزاوە لەگەڵ قۆناغى ئەوساى خەباتدا لە بەرژەوەندى تەواوى گەلى كوردستان دا بووە. وەك نەوایەكى ئارام، ئامێزى بۆ تەواوى نیشتیمانپەروەران ئاوەڵا بووە، لە هەورازو نشێوى خەباتدا سڵى لە خیانەتكاریی و پیلانگێڕیی دوژمنانى نەكردۆتەوە و بەردەوام خۆڕاگرانە  مكوڕ بووە لەسەر جۆشدان و رابوونى سیاسی و هۆشیاریی، بۆیە شوورەیەكی پۆڵایینى شۆڕشگێریی و كوردایەتى ئەوتۆى بونیاتنا، كە گیانى هەمیشەیی بەرخودان و بەرگریی وەبەر خەڵكى كوردستان دا بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانی.

  بیرەوەرى (٤٠)ەمین ساڵەى هەڵگیرسانى شۆڕشی گوڵانى پێشكەوتنخواز لەهەلومەجێكدا پیرۆز دەكەین، كە هێشتا هەرێمى كوردستان لەبەر مەترسی پەلاماروهێرشی دڕندانەی داعشدایەو بە سەدان هەزار كەس لە ناوچە كوردستانیەكانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى كوردستان ئاوارەى هەرێم بوون جگە لە سەدان هەزار كەسی دیكەى خوشك و برایانى كریستیان و عەرەبی پارێزگاكانى مووسڵ و تكریت و ئەنبارو دیالەو شاروشارۆچكەكانى دیكەى ئێراق، ئەمە جگە لە هاونیشتیمانیانى رۆژئاواى كوردستان، بەڵام خاكى كوردستان وەك هەمیشە پەناگەیەكى ئارام و ئاسوودەیی بووە بۆ هەر هاووڵاتیەكى دەرەوەى هەرێم و تەواوى كوردستانیان لە بەهاناچوون و هاریكاریكردنى ئاوارەكان و پەنابەران، درێغیان نەكردووە، كە ژمارەیان دەگاتە نزیكەى دوو ملیۆن كەس.

   ئێمە كاتێك زۆر بەتوندى تاوانە نامرۆییەكانیانی تیرۆریستان ئیدانەومەحكوم دەكەین و بە جینۆسایدى لەقەڵەم دەدەین، بەتایبەتى كۆمەڵكوژى كوردانى ئێزیدی، جەخت دەكەینەوە كە پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پەلەى لێبكەن بۆ رێگرتن لە بەردەوامیی ئەنجامدانى ئەو تاوانكاریانەو بنبڕكردنى ئەو تاوانانەو بەهاناهاتنى دانیشتوانى ئەو ناوچانەو فریاكەوتنى دیل و بێسەروشووێنكراوان، هاووڵاتیانیش دڵنیادەكەینەوە، كە بە هەموو هێزو توانایەكمانەوە بەردەوام دەبین تا كۆتایی هێنان بەو كێشە و دەردەسەریانە و كۆتاییهێنان بە تیرۆر.
  ئاشكرایە ئەمڕۆهەلێكی لەبار بۆ گەلى كورد و پێگە سیاسییەكەى رەخساوە بۆ دیاریكردنى چارەنووس. ئەوەش پێویستى بە یەكڕیزی و یەكهەڵوێستیی نەتەوەیی هەیە. هەروەها لەو قۆناغەدا نەخشەى سیاسی دەوڵەتى ئێراقیش گۆڕاوەو وڵاتانى بڕیاربەدەست و نێوەندە سیاسیەكانی جیهان بەبایەخەوە دەڕواننە هەرێمى كوردستان وەك قەوارەیەكی شەرعی و ئەزموونى حوكمرانىیەكی سەركەوتوو بە تایبەت دوای ئەوەی لە شەڕی دژە تیرۆریشدا توانی بە هێزی بازووی پێشمەرگە دلێرەكانی و بە فەرماندەیی سەرۆك  بارزانی وەك تاكە هێزی سەرزەمین ئەفسانەی داعش تێكبشكێنێ و پاشەكشەی پێ بكات. لەلایەكى دیكەوە، ئەمڕۆ هاوسەنگى هێزەكانیش گۆڕاون. بۆیە رووداوەكانى ئەم دواییەى ئیراق و ناوچەكە واقیعێكی تازەى هێناوەتە ئاراوە كە ئەركى سەرشانى لایەنەسیاسیەكان و تەواوى رۆڵەكانى گەلەكەمانە كاربكەن بۆ سەركەوتنی یەكجاریی لەو شەڕە چارەنوسسازەدا و هەنگاونان بەرەو پرۆسەى ریفراندۆم و بڕیاردان لەسەر چارەنووسی داهاتوومان بۆ ئەوەی لە ئاستی ئەو هەل و دەرفەتە مێژوییەدا بین و خەونی دێرینی نەتەوەكەمان بێنینەدی. .

    بێگومان ئەو رەوشە نوێیەو بەهێزبوونى پێگەى سیاسی و ئابوورى هەرێم و بەرقەراربوون و سەقامگیریى ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتیمانیمان وەك فاكتەرێكى كاریگەر لەسەر گۆڕەپانى رووداوەكاندا، دەرەنجامى سیاسەتى راست و دروستى پارتی دیموكراتى كوردستان و سیاسەتى حەكیمانە و دووربینانەو رۆڵى كاریگەرى سەرۆك مەسعود بارزانى_یە لە هەوڵ و كاركردنیدا لەسەر ئاستى ناوچەیی و جیهان بۆ هاریكاری و هەماهەنگی زیاتر بۆ كێشەسیاسیەكەمان و پاڵپشتیكردنى هێزى پێشمەرگەى كوردستان.

  لەو قۆناغە گرنگ و مێژووییەى ئەمڕۆماندا، ئەركى سەرشانى هەموومانە، بەتایبەتى حزب و لایەنە سیاسیە دڵسۆزەكانى كوردستان زەمینەساز بن بۆ راپەڕاندنی ئەركە مێژوویی و چارەنوسسازەكانی قۆناغەكە و مامەڵەی وریایانە لەگەڵ پێشهات و رووداو و گۆڕانكاریەكان چ لەسەر ئاستى ناوخۆیی یا هەرێمایەتى و ناوچەیی، بۆیە پێویستە لەسەر ئاستى ناوخۆ خۆمان رێكخەینەوە و كەموكورتییەكانمان بەرەو چارەسەر ببەین  تا بپەرژێینە سەر ئەركە گەورەكان. هەمومان هاوكاربین بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی ئابوری و بەهێزكردنەوەی ژێرخانى ئابووریمان و چارەسەركردنى كێشەى مووچەوبودجە، بۆ ئەوەى لەداهاتوویەكى نزیكدا بتوانین بەیەك دەنگ بڕیارى چارەنووسساز لەسەر ئایندەى گەلەكەمان بدەین، لەو پێناوەشدا دەبێ هەموو هەوڵەكانمان بۆ بەدەستهێنانی پاڵپشتى زیاتری كۆمەڵگەى نێودەوڵەتى بێت بەرەو بەدیهێنانى ئامانجەكانمان، لەو سونگەیەوەش پێویستە سوپاسی سەرجەم ئەو دەوڵەت وحكومەت و رێكخراووسەرۆك وسەركردەو گەلانە بكەین، بەتایبەتى وڵاتە یەكگرتووەكان و یەكێتى ئۆروپاو  نەتەوە یەكگرتووەكان كە لەرووى سەربازى یا مرۆیییەوە هاوكاریی كوردستانیان كردووە.

   سەبارەت بە بارودۆخى ئێراق ئێمە پێمان وایە هۆكارى ئەوقەیران و شەڕوشۆروكوشتارەى ئەو وڵاتەى گرتۆتەوە بەپلەى یەكەم بۆ سیاسەتە چەوت و ناڕاستەكانى نوخبەى دەسەڵاتدار و كاربەدەستانى بەغدا و رەتكردنەوەی پرنسیپی شەراكەت دەگەڕێتەوە، كە دەرەنجام بووە هۆى پاشەكشەى پرۆسەى سیاسی و بەتاڵكردنەوەى لەناوەڕۆكى دیموكراسییەكەی و هەڵوەشانەوەى هاوپەیمانى هێزە  نیشتیمانیەكان و لەباربردنی ئومێدی دروستبوونی عێراقێكی نوێ، بۆ هەموو لایەكیش روونبۆوە كە ئەوە سیاسەتی تاكڕەوی و وەلانان و پەراوێزخستن و پشت كردنە تەوافوق و شەراكەتە عێراق بەرەو هەڵدێری كۆتایی دەبات، نەك پێدانی مافی رەوای پێكهاتەكان و دیموكراسی تەوافوقی و عەدالەت . بۆیە  هیوادارین دەرس و پەند لەو رابردووە تاڵە وەربگیرێت.

   لەو بۆنەیەدا جارێكى دیكە جەخت دەكەینەوە سەر هاوپەیمانیەتى و گیانى بەرپرسیاریەتی و گوتارى هاوبەش و هاوكارى لەگەڵ  هێز و لایەنە سیاسییەكانى كوردستان بۆ داڕژتنەوەى نەخشەرێگایەكى نوێ و گونجاو بۆ ئەو قۆناغەى ئێستامان و پتەوكردنى بنەماكانى یەكڕیزیی و رێكخستنى نێو ماڵى كورد و وەلانانى كێشەو گیروگرفتە لابەلاكان بۆ رووبەڕووبوونەوەو چارەسەر كردنى كێشە هەنووكەیییەكان و بڕیاردان لەسەر چاەرەنووسی گەلەكەمان.
   ئێمە كاتێك یادى(٤٠)ساڵەى ئەو بۆنە پیرۆزە دەكەینەوە، دوبارە بەڵێن بۆ رۆحى پاكى شەهیدان نوێدەكەینەوە كە بەردەوام بین لەسەر هەمان رێبازى پارتیمان كە رێبازى كوردایەتی و  نیشتیمانیمانە بۆ پاراستنى ئەو ئەزموون و دەسكەوتانەى، كە بەرهەمى خوێنى شەهیدان و قوربانیەكانمانن و پتەوكردنى بنەماكانى ئاشتیخوازى و دیموكراسی و كوولتورى لێبوردەیی وپێكەوەژیان و سەقامگیریی سیاسی وئابوورىو كۆمەڵایەتى، هەروەها دابینكردنى خۆشگوزەرانیی وئارامیی و ئاسوودەیی بۆ سەرجەم هاووڵاتیان.
   لە بیرەوەرى (٤٠)ەمین ساڵیادى هەڵگیرسانى شۆڕشی گوڵانى پێشكەوتنخواز، گەرمترین پیرۆزبایی لە ئەندامان و لایەنگرودۆستانمان،  لە گشت گەلى كوردستان  بەتایبەتى هێزە دلێرو خۆراگرەكانى پێشمەرگە لە بەرەكانى جەنگ و پێشمەرگە دێرینەكان، دەكەین، سڵاو و رێز بۆ خانەوادە و كەسوكارى سەربەرزى شەهیدان دەنێرین.
    سڵاو بۆ شەهیدانى رێگاى ئازادى و رزگاری كوردستان، سڵاو بۆ یادى  ئەو تێكۆشەرانەى سەرقافلەى گەشانەوەى ژیلەمۆى شۆڕشگێریی و بەرخودان بوون...سڵاو لە گیانى پاكى شەهیدانى بەرەكانى جەنگى دژە تیرۆر و پاراستنى خاكى پیرۆزى كوردستان...
نەمریی و سەروەریی بۆ رۆحی پاكى بارزانى نەمر و كاكە ئیدریسی هەمیشە زیندوو...
   سڵاو لە پێشمەرگە دلێرەكانى بەرەكانى جەنگى دژ بە تیرۆریستان...
  سڵاو لە جەماوەرى خۆراگروپشتیوانى پێشمەرگەى كوردستان...
  سڵاو لە خۆراگرى خوشكوبرا ئاوارەكانى دەستى تیرۆر...
هەر بەرزوشەكاوە بێت ئاڵاى كورد و كوردستان...
   سەركەوتن هەر بۆ ئیرادەى گەلەكەمانە...
مەكتەبی سیاسی پارتى دیموكراتى كوردستان
٢٥/٥/٢٠١٦
 

هەواڵی پەیوەندیدار