فازڵ میرانی: دیالۆگ، تاكە ڕێگای چارەسەری كێشەكانە

هەولێر-KDP.info- سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، سیاسەتە هەمیشەییەکەی پارتی، بەرزڕاگرتنی بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستان و ڕەچاوکردنی قۆناغی ناسکە و ژیرانە مامەڵە لەگەڵ كێشەكاندا دەكات تا ئاشتیی كۆمەڵایەتی زیاتر بچەسپێنێت و یەكڕیزیی ناوماڵی كورد مسۆگەرتر بكات بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر ئەگەر و پێشهاتێك؛ دیارە گەلی كورد هەردەم فاكتەری پاراستنی ئۆقرە و سەقامە لە عێراقدا و نابێتە بەشێك لە كێشەكان و، تاكە ڕێگایش بۆ چارەسەری كێشەكان، دیالۆگە.
فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی ئەمڕۆ لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستاندا پێشوازیی لە (فرانك بەیكر) باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و (ئەنگس مەكی) سەرکونسووڵی بەریتانیا لە هەولێر و شاندێكی یاوەریان كرد.
فازڵ میرانی لە دیدارەكەدا كە ڕەمزی شەعبان ئەندامی یەدەكی مەكتەبی سیاسییشی لێ بوو، وێڕای بەخێرهێنانیان باسی بیروڕا و دوا پەرەسەندنەكانی سیاسەت و ئاسایشی عێراق بە گشتی و كوردستانیشی بە تایبەتی بۆ کردن؛ ئینجا پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و بەغدا و ئاڵۆزی و گۆڕانكارییەکانی ئەو دواییەیشی خستە بەر باس.
دواتر سكرتێری مەكتەبی سیاسی سەبارەت بە ڕەوشی سیاسیی هەرێمی كوردستان جەختی كردەوە كە ڕەوشێكی ئارام و سەقامگیرە و، گوتی ئەو بیروڕا جیاوازەی نێوان هێزە سیاسییەكانی كوردستان شتێكی سروشتییە و، دەرهاوێشتەی پرۆسەی سیاسییە و یەكێكە لە بنەماكانی دیموكراسی و، پرۆسەی سیاسی تێراو دەکا، بەو مەرجەی بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستان بپارێزێت و، تاكە ڕێگای چارەکردنی كێشەكان دیالۆگە و، پارتی هەمیشە سیاسەتی بەرزڕاگرتنی بەرژەوەندیەكانی گەلی كوردستانی گرتووەتە بەر و، کامە قۆناغ ناسک بووبێ ڕەچاوی کردووە و، ژیرانە مامەڵە لەگەڵ كێشەكاندا دەكات تا ئاشتیی كۆمەڵایەتی زیاتر بچەسپێت و، یەكڕیزی ناوماڵی كورد مسۆگەرتر بكات بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەموو ئەگەر و پێشهاتێك؛ دیارە گەلی کورد هەردەم فاكتەری پاراستنی ئارامشت و سەقام بووە لە عێراقدا و نابێتە بەشێك لە كێشەكان و، تاكە ڕێگایش بۆ چارەسەری كێشەكان هەر دیالۆگە."
فرانك بەیكر سپاسی مەكتەبی سیاسیی كرد بۆ ئەو پێشوازییە و سەركەوتنی بەردەوامی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیشی لێ پیرۆز کردین و، ئاماژەی دا كە جیهان بە چاوی ڕێزەوە سەیری قارەمانەتی و قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەكات و، گوتیشی بەردەوام دەبن لە یارمەتیدانی هەرێمی كوردستان بۆ ڕووبەرووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش و، یەكڕیزیی هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستانی بە پێویست زانی و جەختی لێ كردەوە.
'فازڵ میرانی'ـیش سپاسی گەلی بەریتانیای كرد بۆ یارمەتیدانی هەرێمی كوردستان و ئاماژەی بەوە كرد كە پێویستە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی زیاتر لە جاران یارمەتیی هێزەكانی پێشمەرگە بدات؛ وا خەریکن گیانی خۆیان بەخت دەکەن؛ ڕاستە بەرگری لە خاكی كوردستان دەكەن، بەڵام لە جیاتی هەموو جیهان ڕووبەرووی تیرۆریستانی داعش بوونەتەوە.




