پارتی، ٥٤ ساڵیادی دامەزراندنى یەكێتى مامۆستایانى كوردستانی پیرۆز کرد

هەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەیامێکیدا، ٥٤ ساڵیادی دامەزراندنى یەكێتى مامۆستایانى كوردستانی پیرۆز کرد و رایگەیاند" یەكێتى مامۆستایانى كوردستان شانبەشانى بزووتنەوەى رزگاریخوازى گەلەكەمان لە قۆناغە جیاجیاكاندا بەشداریەكى دیاروبەرچاوى لە خەباتى سیاسی و چەكداریشدا كردووە، لەو پێناوەشدا وەك رێكخراوێكى پیشەیی كارى كردووەو هەوڵى زۆرى داوە لەپێناو سەركەوتن و بەدیهێنانى ئامانجە پیشەییەكانى لە بوارى پەروەدەوفێركردن لە چوارچیوەى مافە سیاسی و فەرهەنگی وكوولتورییەكان دا."
دەقی پەیامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان:
بەڕێزان سكرتێرى یەكێتى مامۆستایانى كوردستان و ئەندامانى مەكتەبى سكرتاریەت لە یەكێتى مامۆستایانى كوردستان
بەبۆنەى(٥٤)هەمین ساڵیادى دامەزراندنى یەكێتیە تێكۆشەرەكەتان، یەكێتى مامۆستایانى كوردستان گەرمترین پیرۆزبایی لە ئێوەوسەرجەم مامۆستایانى كوردستان دەكەین، ئەو كاروانە پڕ بەخشش و بەرهەمەتان مایەى رێزو پێزانینە، كە بێ سرەوتن هەمیشە بەرپرسانە لە هەوڵ وكۆشش دابووە بۆ خزمەتكردنى توێژى مامۆستایان و پشتیوانیكردنى دۆزى رەواى گەلەكەمان بۆ بەدیهێنانى ئامانجەكانى.
گومانى تێدانیە یەكێتى مامۆستایان بەو مێژووە شكۆدارەى هەر لە سەرەتای دامەزرانیەوە لە(١٥/٥/١٩٦٢) وەك رێكخراوێكى پیشەیی و مەدەنی دەستى پێكردو بە خەبات و قوربانیدانێكى زۆرەوە بەردەوام بووەو تا گەیشتۆتە ئەمڕۆ بەمەش توانیویەتى دەسكەوتێكى زۆر بەدی بێنێ، كە بەراستى مایەى شانازییە بۆ گەلەكەمان بە گشتى و توێژى مامۆستایان بە تایبەتى.
یەكێتى مامۆستایانى كوردستان شانبەشانى بزووتنەوەى رزگاریخوازى گەلەكەمان لە قۆناغە جیاجیاكاندا بەشداریەكى دیاروبەرچاوى لە خەباتى سیاسی و چەكداریشدا كردووە، لەو پێناوەشدا وەك رێكخراوێكى پیشەیی كارى كردووەو هەوڵى زۆرى داوە لەپێناو سەركەوتن و بەدیهێنانى ئامانجە پیشەییەكانى لە بوارى پەروەدەوفێركردن لە چوارچیوەى مافە سیاسی و فەرهەنگی وكوولتورییەكان دا.
مامۆستایانى دڵسۆزوماندوونەناس
ئاشكرایە گەلەكەمان ئەمڕۆ لەبەردەم كۆمەڵە كێشەوبەربەستێكدایە لەوانە رووبەڕووبوونەوەى شەڕی داسەپاوى تیرۆریستانى داعش و قەیرانى دارایى، ئینجا بە قۆناغێكى هەستیاروچارەنووسسازیشدا رەت دەبێ كە دواڕۆژی گەل و نەتەوەكەمانى پێوەبەندە، بۆیە ئێوەش وەك توێژێكى كاریگەر كاروئەركێكى گرنگتان لەئەستۆدایە رووى پەروەردەو پێگەیاندنێكى راست و دروستى نەوەكانمان و سەرخستنى پەیامى زانست و بەرەو پێشبردنى بوارى مەعریفى و سیستەمى پەروەردەیی و گەشەپێدانى هزروهۆشی كوردپەروەرى و نەتەوایەتی و نیشتمانیەروەریی بۆ بونیاتنانى ئەو ئایندە رۆشنە بۆ كۆمەڵگەو گەلەكەمان.
كاتێك ئێمە ئەو یادە پیرۆزە بەرز دەنرخێنین و تەواوى پشتیوانى خۆمان بۆ یەكێتیەكەتان و چارەسەركردنى گیروگرفتەكان دووپات دەكەینەوە...هیوادارین بەهەمان گیانى كوردپەروەرىو پەوەردەیی وەك چۆن درێغیتان نەكردووە، بەردەوام لە پێشكەوتندابن و داكۆكى لە مافە پیشەییەكانتان بكەن و دەسكەوتى زیاتر و مافە رەواكانتان بۆ سەرجەم مامۆستایان بەبێ جیاوازى بەدی بێنن..
لەو بۆنەیەدا سڵاوورێز بۆ دامەزرێنەران و سەرۆك و سكرتێرە پێشەنگەكانى یەكێتی مامۆستایانى كوردستان...
پیرۆز بێت داگیرساندنى(٥٤)مین مۆمى تەمەنی یەكێتی مامۆستایانى كوردستان..
مەكتەبی سیاسی پارتى دیموكراتى كوردستان
١٤/٥/٢٠١٦




