"ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لە بەرەی شەڕدا کاریگەرییەکی یەکجار زۆری هەبووە لە تێکشکاندنی داعشدا"

هەولێر-KDP.info- (فازڵ میرانی) سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پێشوازی شاندی (الاصالە والمعاصرە)ی مەغریبدا باسی لە ڕەوشی بەرەكانی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش كرد و ئاماژەی بەو سەركەوتنانەی هێزی پێشمەرگە كرد كە بەدەستی هێناوە و، بووە هۆی شكاندنی تیرۆریستانی داعش و جەختی لەوە كرد كە ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە بەرەكانی شەڕدا كاریگەرییەكی ئیكجار زۆری هەبوو لە دوورخستنەوە و تێكشكاندنی داعشدا.
ئەمڕۆ لە بارەگای مەكتەبی سیاسیدا (فازڵ میرانی) سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان پێشوازی لە پارتی (الاصالە والمعاصرە)ی مەغریب کرد؛ (الیاس العماری) ئەمینداری گشتی سەرۆکایەتیی شاندەکەی دەکرد و، (عبدالرحمن بن الضو) و (محمد زیتونی) و (عبدالرحمن بیجتاوی) ئەندامانی سەركردایەتیی پارتی ڕەسەنایەتیونوێخوازییشی لەگەڵدا بوو.
مەحموود محەمەد و ڕێبوار یەلدا ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و ڕەمزی شەعبان ئەندامی یەدەكی مەكتەبی سیاسی و هێمن هەورامی ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی و بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوە و عارف ڕوشدی ڕاوێژكاری سیاسیی مەكتەبی سیاسییش لەو دانیشتنەدا بوون؛ میرانی زۆر بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەم دیدارە دەربڕی و بە سەردانێكی مێژووییی زانی.
هەروەها سكرتێری مەكتەبی سیاسی باسسی لە كورتەمێژوویەکی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستانی کرد لەسەر دەستی بارزانی نەمر؛ ئاماژەیشی بە خەبات و بەرخودانی گەلی كورد و ئەو نەهامەتی و ماڵوێرانی و دەربەدەری و كیمیاباران و ئەنفالكرانی ئەم گەلە کرد لە پێناو بەرگری لە خاك و ناسنامەی خۆیدا؛ فازڵ میرانی هیوایشی خواست كە ئەم سەردانە ببێتە مایەی خێروخۆشی بۆ گەلی كورد و گەلی ئەمازیغ و، ببێتە هۆی خۆشترکردنی نێوان عێراق و مەغریب لە هەموو بوارێکدا.
(الیاس العماری) ئەمینداری گشتی حزبی (الاصالە والمعاصرە)یش خۆشحاڵی خۆی دەربڕی و سوپاسی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستانی كرد و، خۆی بە بەختەوەر زانی كە ئێستا لە كوردستاندایە و، گوتی "ئێمە دۆستی کوردین؛ گەلی كورد و گەلی ئەمازیغ هەردووکیان مێژووییەكی هاوبەشیان هەیە لە ڕووبەرووبوونەوەی ستەمكاری لە پێناو گەیشتن بە مافەكانیان". ستایشی سەركردایەتیی كوردیشی كرد کە ئاوەها بەرپەرچی تیرۆریستانی داعشیان داوەتەوە و ئەفسانەی داعشیان شکاندووە؛ گوتیشی ئامانجیان لەو سەردانە پەرەپێدانی پەیوەندیی سیاسی و هەماهەنگیی كولتووری و ئابوورییە و، گرێدانی پەیوەندییەکی تایبەتیشە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستاندا؛ سوپاسی پارتی دیموكراتی كوردستانیشی كرد کە لە كۆنگرەی سێیەمی حزبی (پارتی ڕەسەنایەتیونوێخوازی)ـدا بەشدار بووە و، هیوای خواست پەیوەندییەکەیان لەگەڵ پارتیدا پەرەی پێ بدرێت؛ دەڵێ هەوڵیش دەدەن كونسوڵگەریی شانشینی مەغریب لە هەولێردا بکەنەوە.
لە ئاخریشەوە فازڵ میرانی باسێکی ڕەوشی هەرێمی كوردستان و، ئەو پێكەوەژیانە ئاشتیانەیشی کرد لە کوردستاندا؛ كۆن ئەو هەموو دین و، نەتەوە جیاوازە بە خۆشی، پێکەوە هەڵیانکردووە و، بەبێ کیشە بۆ خۆیان دەژین.
میرانی باسی ڕەوشی بەرەكانی شەڕی تیرۆریستانی داعشیشی كرد و ئاماژەی بەو سەركەوتنانەی هێزی پێشمەرگەیش دا کە چۆن ئەو خوێنمژەیان بە چۆکدا هێناوە؛ جەختی لە ڕۆڵی سەرۆك بارزانییش کردەوە کە چۆن شەووڕۆژی داوەتە دەم یەکەوە و، بە خۆی دەچێتە بەرەكانی شەڕەوە و، ورەی پێشمەرگەی بەرز کردووەتەوە. گوتیشی دیارە مایەی سەربەرزیی پێشمەرگەیە کە لە جیاتی هەموو جیهان شەڕی تیرۆرستانی داعش دەكات و، هەقە جیهان لەوە زیاتر هاوكاریی كورد و پێشمەرگە بكات.
میرانی تیشكیشی خستە سەر پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی بەغدا و، جەختیشی کردەوە بە گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن کێشە چارە دەبێ، بەڵام پابەندی بە دەستووریش زۆر زەروورە و، نابێت لایەنێک بە کەیفی خۆی دەستی تێ ببات. هیوایشی خواست گەلی كورد و گەلی ئەمازیغ و، عێراق و مەغریبیش لێک نزیکتر ببنەوە.




