١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
مەکتەبی سياسی

فازڵ میرانی پیرۆزبایی لە ئەیاد سامەڕائی کرد

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info-سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان فازڵ میرانی لە دیدارێکدا لەگەڵ ئەیاد سامەرایی ئەمینداری گشتیی حزبی ئیسلامی عێراق، پیرۆزباییی لێ کرد بەبۆنەی هەڵبژاردنەوەی بە ئەمینداری گشتیی حزبەکەی.

ئەمڕۆ لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستاندا لە سەلاحەدین فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی، پێشوازیی لە د. ئەیاد سامەرایی ئەمینداری حزبی ئیسلامیی عێراق و شاندی یاوەری كرد.
لە دانیشتنێكدا كە ئازاد بەرواری و د. ڕۆژ نووری شاوەیس و مەحموود محەمەد ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و، ڕەمزی شەعبان ئەندامی یەدەكی مەكتەبی سیاسی و، عسمەت ڕەجەب بەرپرسی لقی 14ی پارتیشی لێ بوو، فازڵ میرانی وێڕای بەخێرهێنانی شاندەكە، تیشكی خستە سەر ڕەوشی ئەمڕۆی عێراق و ناوچەكە و ئەم بارودۆخەیشی بە هەستیار زانی؛ پاشان پیرۆزبایینامەی مەكتەبی سیاسیی پارتیشی پێشكەش كردن بە بۆنەی تەواوبوونی كاری كۆنفرانسی حزبی ئیسلامی و هەڵبژێرانەوەی ئەیاد سامەرایی وەک ئەمینداری گشتی.
میرانی ئاماژەی بە پەیوەندییەكانی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و حزبی ئیسلامی عێراقیش كرد و بە پەیوەندییەكانی لە ئاستێكی بەرز لە قەڵەم دا؛ میرانی دووپاتی كردەوە كە پارتی دیموكراتی كوردستان هەر لە ڕۆژی یەكەمی ئازادكرانی عێراق لە ساڵی 2003ـەوە هەوڵی داوە لەگەڵ هێزەكانی دیکەی عێراقدا عێراقێكی دیموكراتیکی وەها دابمەزرێنن کە مافی هەموو كەس و نەتەوە و خاوەن‌ئایینێک پارێزراو بێت، بەڵام بە داخەوە تا ئێستا ئەم ئامانجە نەهاتووەتە دی.
میرانی تەئكیدیشی كردەوە كە تا ئەو كاتەی كوردستان پارچەیەك بێت لە عێراق پاشەڕۆژ و ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لامان گرنگە و دەبێت هەموومان كار بكەین بۆ بەرقەرارکردنی ڕەوشێکی باشی ئەمنی و سیاسی و جڤاكی لە عێراق.
د. ئەیاد سامەرایی ئەمینداری گشتیی حزبی ئیسلامی عێراقیش سپاسی مەكتەبی سیاسیی پارتیی كرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدار و پێشوازییە گەرمەی لێیان كراوە؛ ئینجا بە سەركردایەتیی سیاسیی پارتیدا دەسخۆشانە و ئافەرینیان بۆ پێشمەرگەی كوردستان نارد کە ئاوەها تەنگیان بەو داعشە تیرۆریستانە هەڵچنیوە.
هەروەها سوپاسی خۆیان ئاراستەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان كرد بۆ حەواندنەوەی نزیكەی دووملیۆن پەنابەری عێراقی و تەئكیدیشیان كردەوە ئەم كارە پیرۆزەی هەرێمی كوردستان تا دنیا مابێ دەبێتە جێگای ڕێز و خۆشەویستی لە ناو خەڵكی عێراق و بە تایبەت لە سونییەکاندا.
هەروەها بەرەوەپێشبردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی هەردوو لای بە گرنگ زانی؛ تا بتوانن خۆیان بۆ پێشهاتی نوێی ناوچەکە ئامادە بکەن.
داوایشی كرد كە ئەم جۆرە دیدارانە بەردەوام بێ بۆ لێکتێگەیشتنی زیاتر و، خزمەتكردنی خەڵکی عێراق.

 

هەواڵی پەیوەندیدار