٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکاني پارتي

سەرکردایەتیی پارتی ئامادەیی بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی چاکسازیی سەرۆک بارزانی دەربڕی

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  بە سەرپەرشتیی (سەرۆک بارزانی)، ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی  کوردستان کۆ بووەوە و، تێیدا سەبارەت بە بڕیارەكانی جەنابی (سەرۆك بارزانی) دەربارەی پرۆسەی چاكسازی، چ لە ئاستی حكوومەتی هەرێم و چ لە ئاستی ناوخۆی حزبدا، گفتوگۆ كرا و، كۆبوونەوە دووبارە پشتگیری و ئامادەیی خۆی بۆ ئەو بڕیارانە و ئالیەتی گونجاو سەبارەت بە هەنگاوەكان دەربڕی.

 

دەقی راگەیاندراوەکە:

بە سەرپەرشتیی جەنابی سەرۆك (مەسعوود بارزانی)، كۆبوونەوەی نائاسایی و فراوانی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتیمان ئەنجام درا و، چەندین تەوەر گفتوگۆیان لەسەر كرا و بڕیاری پێویستیان لە بارەوە وەرگیرا.
لە سەرەتاى كۆبوونەوەكە، سەبارەت بەسەفەرە سەركەوتووەكەی جەنابی (سەرۆك بارزانی) بۆ ئەڵمانیا و بەشداریی لە كۆنفرانسی ئاسایشی جیهانی لە میونیخ گفتوگۆ كرا، دەرئەنجامەكانیشی بە باش هەڵسەنگێندرا.

لە تەوەرێكی دیكەدا، گفتوگۆ لەسەر بارودۆخی ناوچەكە و عێراق بە گشتی و ناوخۆی كوردستان بە تایبەتی كرا و، ئەگەر و پێشهاتەكان خرانە بەر باس و لێكۆلینەوە و، باس لە هەنگاوی پێویست كرا بۆ خۆئامادەكردن كە لە ئاستی ئەو ئەگەر و رووداوانەدا بن.

هەروەها كۆبوونەوە، بابەتی ناوخۆی پارتیمان و هەندێك گۆڕانكاریی پێویستى خستە بەرباس، كە بەشێكی دیراسە كراوە و هەندێكی دیكەش پێویستیی بە دیراسەتكردنە، تا لە داهاتووێكی نزیكدا جێبەجێ بكرێن.

لە دوا تەوەری كۆبوونەوەكەدا، سەبارەت بە بریارەكانی جەنابی (سەرۆك بارزانی) دەربارەی پرۆسەی چاكسازی، چ لە ئاستی حكوومەتی هەرێم و چ لە ئاستی ناوخۆی حزبدا، گفتوگۆكراو، كۆبوونەوە دووبارە پشتگیریی و ئامادەیی خۆی بۆ ئەو بڕیارانە و ئالیەتی گونجاو سەبارەت بە هەنگاوەكان دەربڕی.

لە كۆتاییدا كۆبوونەوە، رۆڵی پێشمەرگە نەبەزەكانی كوردستانی بەرز نرخاند و سلآوی بۆ كەسوكاری شەهیدانی سەربەرزی كوردستان نارد.


ئەنجوومەنی سەركردایەتیی
پارتی دیموكراتی كوردستان
27شوباتی 2016

هەواڵی پەیوەندیدار