''كه بهڵگه ههیه بڵاوی بكهنهوه''.. پارتی مووچەی بە ناوی چاودێریی خێزانهوه نییه

ههولێر-KDP.info- مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ههواڵێكی ڕۆژنامهی 'هاوڵاتی' ڕهت دهكاتهوه لهوهی هیچ مووچهیێكی به ناوی چاودێریی خێزانهوه دابهش كردبێت. هاوكات رایگهیاندووه، هەر کەس و لایەنێک بەڵگەی هەیە لە یەکێک لە لقەکانی پارتی خەڵک بە ناوی چاودێریی خێزانەوە مووچە وەردەگرن، با بڵاوی بکەنەوە.
ڕوونکردنەوەیەک لە مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە
لە رۆژنامەی 'هاوڵاتی' ژماره (1742لە 18/2/2016) بە مانشێتێکی گەورە نووسراوە مووچەی100 هەزار کەس رادەگیرێت، 23 هەزاریان لە ڕێی پارتی و یەکێتییەوە وەریدەگرن، لە درێژەی ئەم بابەتەدا هاتووە کە 23 هەزار کەس بە ناوی چاودێریی خێزانی لە رێگای مەڵبەند و لقەکانەوە مووچە وەردەگرن.
ئێمە لە مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کورد ستان رایدەگەیێنین، ئەم هەواڵە ئەوەی پەیوەستە بە ئێمەوە هیچ ڕاستی و دروستی تێدا نییە و، هیچ مووچەیێک بە ناوی چاودێریی خێزانی لە لقەکانی پارتی دابەش ناکرێت. هەر کەس و لایەنێک بەڵگەی هەیە لە یەکێک لە لقەکانی پارتی خەڵک بە ناوی چاودێریی خێزانەوە مووچە وەردەگرن، با بڵاوی بکەنەوە.
باشتر بوو رۆژنامەی 'هاوڵاتی' پرسیارێکی لە ئێمە کردبا و تەئکیدیان لە ڕاستی و دروستیی هەواڵەکەیان کردبا ئەوجا بڵاویان کردباوە، ئەگەر نا بۆ مسداقیەتی کاری ڕۆژنامەگەریی خۆیان هەق نییە هەواڵی نادروست و بێ بەڵگە بڵاو بکەنەوە.
مەکتەبی ڕێکخستنی
پارتی دیموکراتی کوردستان
21/2/2016

__2021_04_03_h23m18s5__JH.jpg)


