١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
مەکتەبی سياسی

لاوانی ٢٠ وڵات بۆ پشتگیریی پێشمەرگە دێنە هەولێر.. بۆ ڕیفراندۆمیش هاوكاریی لاوانی كوردستان ده‌كه‌ن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  له‌ دیداریدا له‌گه‌ڵ سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان (فازڵ میرانی)دا، سەرۆکی یەکێتیی لاوانی ئەورووپا رایگەیاند، دەیانەوێ لاوانی ٢٠ وڵات لە هەولێر کۆ ببنەوە و تێیدا پشتگیریی پێشمەرگە بکەن.

ئەمڕۆ (فازڵ میرانی) سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بارەگای مەكتەبی سیاسی لە پیرمام پێشوازی لە خافیێر هۆرتادۆ مێرا سەرۆكی یەكێتی لاوانی ئەورووپا كرد.

لە دیدارێكدا كە (مەحموود محەممەد) و (رێبوار یه‌ڵدا) و (كەمال كەركوكی) ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و (رەمزی شەعبان) ئەندامی یەدەكی مەكتەبی سیاسی و (فه‌لاح حەسەن) جێگری سەرۆكی یەكێتیی لاوانی دیموكراتی جیهان و (ته‌یموور ته‌یموور عەبدال) سەرۆكی یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان ئامادە بوون.
(میرانی) وێڕای بەخێرهێنانی میوان خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەم سەردانە نیشان دا و دووپاتی كردەوە، كە ئەم جۆرە سەردانانە بۆ پتەوتركردنی پەیوەندیی دۆستایی نێوان لاوانی كوردستان و ئەورووپا و جیهان گرینگیی زۆریان هەیە، بە تایبەتی كە ئێستا هەرێمی كوردستان لە جەنگێكی سەپاودایە لە دژی تیرۆریستان داعش و، پێشمەرگە بە گیانێكی فیداكارانە بەرگری لە كوردستان و جیهان و مرۆڤایەتی دەكات و، تێكشكاندنی ئەم تیرۆریستانەیش پێویستی بە هەوڵی هاوبەشی هەموو لایەك هەیە چونكە تیرۆر هەڕەشەیە بۆ هەموو جیهان.
(میرانی) كورتەیەكی لەبارەی بزاڤی لاوانی كوردستانی خستە ڕوو و دووپاتی كردەوە لاوانی كوردستان توێژێكی كارا و زیندووی كۆمەڵگەی كوردستانن و هەردەم خەباتیان بۆ بەدیهێنانی مافی لاوان كردووە و، هەمیشە سەركردایەتیی پارتی بایه‌خی زۆری بەم توێژە داوە و رێكخراوەكانى قوتابیان و لاوان و ئافرەتان بوونە قوتابخانەى پێگەیاندنى زۆربەى سەركردە سیاسییەكانى ئەمڕۆ.

دووپاتیشی كردەوە هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ لە قەیرانی داراییدایە بە هۆی بڕینی بەشەشایستەی لە بودجەی گشتیی عێراق و، لە هەمان كاتیشدا ژمارەیەكی زۆری ئاوارەی و پەنابەرى حەواندووه‌تەوە؛ ئەوەشی خستەڕوو كە، وڵات بە دۆخێكی هەستیاردا تێدەپەرێت و (سەرۆك مه‌سعوود بارزانی) و پارتییش لە كاردان بۆ ئەوەی بە یەكدەنگی و یەكهەڵوێستی، هەموو لایەنە سیاسییەكان ئەم قۆناغە تێپەڕێنن.

لە لای خۆشیەوە سەرۆكی یەكێتیی لاوانی ئەورووپا سوپاسی مەكتەبی سیاسیی پارتی كرد بۆ رەخساندنی دەرفەتی ئەم دیدارە و سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ هەرێمی كوردستان و گەلی كوردستان نیشان دا بۆ حەواندنی ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و پەنابەر لە هەموو نەتەوە و ئایین و مەزهەبەوە، سەرەڕای ئەو قەیرانەی پێیدا تێدەپەڕێت و ستایشی ڕۆڵی قارەمانانەی پێشمەرگەی كرد كە بە ورەیەكی بەرزەوە بەرگری لە كوردستان و مرۆڤایەتی دەكات و سەركەوتنیش تۆمار دەكات.
هەروەها (خافیێر هۆرتادۆ مێرا) پوختەیەكی كار و چالاكییەكانیانی خستەڕوو و ئاماژەی دا، بە نیازی كۆكردنەوەی لاوانی جیهانن لە ٢٠ وڵاتەوە كە لە هەولێر بۆ گرێدانى كۆبوونەوەیەكی یەكێتیی لاوانی سیاسیی ئەورووپا، یەك لە ئامانجە سەرەكییەكانى پشتگیریكردنی پێشمەرگە كە بە گیانی خۆیان بەرگری لە بەهاكانی مرۆڤایەتی و  پرەنسیپەكانی دیموكراسیەت دەكەن و، ئاماژەیشی دا، كە ئەوان دەیانەوێ پەیامی پێشمەرگە بگەیەننە لاوانی ئەورووپا و هاوكات دەیانەوێ هاوكاریی لاوانی كورد بكەن لە بارەی پرسی ئەنجامدانی ریفراندۆمەوە.
لە كۆتایی دیدارەكەدا (میرانی) سوپاسی هەڵوێستەكانی سەرۆكی یەكێتیی لاوانی ئەورووپای كرد و بەرز نرخاندی و، پاڵپشتیی (پ.د.ك)یشی بۆ دەربڕی لە كارەكانیدا.

هەواڵی پەیوەندیدار