١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
مەکتەبی سياسی

فازڵ میرانی: پارتی ئامادەیە لەگەڵ هەموو لایەک دانیشتن بکات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە پێشوازی شاندێکی حزبی سۆسیا‌ل‌دیموکراتی فەرمانڕەوای سوید ڕایگەیاند کە بۆ چارەکردنی کێشەکان، پارتی ئامادەیە لەگەڵ هەموو لایەکدا دانیشتن بکات.

ئەمڕۆ لە بارەگای مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سەلاحەدین فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پێشوازیی لە شاندێكی حزبی سوسیال‌دیموكراتی فەرمانڕەوای سویدی بە سەرۆكایەتی (ئینسن ئورباك) كرد.

لە دانیشتنێكدا مەحموود محەمەد و جەعفەر ئیبراهیم ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و ڕەمزی شەعبان ئەندامی یەدەكی مەكتەبی سیاسی و هێمن هەورامی بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی ئامادەی بوون.

فازڵ میرانی وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان تیشكی خستە سەر ڕەوشی ئەمڕۆی كوردستان و ناوچەكە و سوپاسی حكوومەت و گەلی سویدی كرد بۆ پاڵپشتیكردنیان لە دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان و، بە دۆستێكی نزیكی گەلی كوردستان وەسفی كرد.

دەربارەی قەیرانی سیاسی هەرێمی كوردستان فازڵ میرانی ئاماژەی بەوەدا كە قەیرانی سیاسی لە كوردستان بە دیدی پارتی دیموكراتی كوردستان چارەسەری دەبێت و، هەموو لایەك ئارەزووی چارەسەری هەبێت بەڵام بەبێ مەرجی پێشوەخت لەگەڵ یەكتر دابنیشن و دەبێت هەموومان ئەو چەندە لامان گەڵاڵەبێت كە هەموومان پێكەوە خاوەنی ئەم وڵاتەین و دەبێت هەموومان هەنگاو بنێین بۆ بەرەڤ پێش بردنی.

هەروەها فازڵ میرانی دوپاتی كرد كە پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادەیە لەگەڵ هەموو لایەنەكان دابنیشێت و گفتوگۆ بكات بۆ چارەسەركردنی ئاریشەكان.
لەلای خۆیەوە (ئینسن ئورباك) سەرۆكی شاندەكە وێڕای سوپاسكردنی مەكتەبی سیاسی بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە و سڵاو و ڕێزی سەرۆكوەزیرانی سویدی بۆ گەلی كوردستان و، سەركردایەتی سیاسی كوردستان و پارتی گەیاندە مەكتەبی سیاسی پارتی و ئاماژەی بەوەدا كە سەرۆك وەزیرانی سوید زۆر بەگەشبینیەوە دەروانێتە پاشەرۆژی كوردستان.

هەروەها دوپاتی كرد كە شاندی حزبی سوسیال‌دیموكراتی فەرمانڕەوای سویدی ئامادەیە بۆ درێژكردنی دەستی هاروكاری بۆ چارەسەركردنی قەیرانی سیاسی لە هەرێمی كوردستان و تەئكیدی كرد كە لەگەڵ پارتە سیاسیەكانی كوردستان كۆ دەبنەوە بە تایبەتی لەگەڵ گۆڕان و یەكێتی نیشتمانیی كوردستان.

هەروەها هیوای خواست كە كوردستان هەر لە گەشەدا بێت و، ستایشی ڕۆڵی پێشمەرگەی كوردستانی كرد و پیرۆزبایی ئاراستەی سەركردایەتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كرد بە بۆنەی سەركەوتنەكانی لەسەر گروپی تیرۆریستی داعشدا.

هەواڵی پەیوەندیدار