١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
مەکتەبی سياسی

فازڵ میرانی: تاكەڕێگا بۆ چارەكردنی كێشەكان، دیالۆگە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە دیداریدا لەگەڵ  باڵیۆزی بەریتانیادا ڕایگەیاند، بیروڕای جیاوازی نێوان هێزە سیاسییەكان شتێكی سرووشتییە و یەك لە بنەماكانی دیموكراتییە و دەوڵەمەندییشە بۆ پرۆسەی سیاسیی كوردستان.

سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان (فازڵ میرانی)، دوێنێ سیشەممە 19/1/2016 لە شاری هەولێر لەگەڵ باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق (فرانك بیكر) كۆ بووەوە.
لە دیدارەكەی نێوان سكرتێری مەكتەبی سیاسی و باڵیۆزی بەریتانیادا، بیروڕا و دواپێشهاتە سیاسی وئەمنییەكانی عێراق بە گشتی و كوردستان بە تایبەتی و پەیوەندیی نێوان هەرێم وبەغدا، ئاڵوگۆڕ كرا.
(فرانك بیكر) پیرۆزبایی لە سەركەوتنەكانی هێزی پیشمەرگەی كوردستان كرد، كە جیهان بە چاوی ڕێزەوە سەیری قارەمانییەتی و قوربانیدانی هێزی پیشمەرگەی كوردستان دەكات و گوتی: "ئێمەیش بەردەوام دەبین لە یارمەتیدانی هەرێمی كوردستان، بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش".
لەلای خۆیەوە، (فازڵ میرانی) سوپاسی بەریتانیای كرد، بۆ یارمەتیدانی هەرێمی كوردستان و ئاماژەی دا كە، هەبوونی بیروڕای جیاوازی نێوان هێزە سیاسییەكان شتێكی سرووشتییە و یەك لە بنەماكانی دیموكراتییە و دەوڵەمەندییە بۆ پرۆسەی سیاسیی كوردستان، بە مەرجێ بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستان بپارێزرێن و، تاكەڕێگایش بۆ چارەكردنی كێشەكان دیالۆگە.
 

هەواڵی پەیوەندیدار