١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
مەکتەبی سياسی

پارتی 17 ساڵه‌ی كوردستان تی ڤیی پیرۆز كرد

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info-  مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان په‌یامێكی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی كوردستان تی ڤی كرد كه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:


  بەڕێزان بەڕێوەبەرى گشتى و ستاڤی بەڕێوەبردن و تێکڕاى کارمەندانى کوردستان تی ڤی..


   بەبۆنەى (17) هەمین ساڵیادى دامەزراندنى کەناڵى ئاسمانى کوردستان (Ktv) گەرمترین پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەى ئێوەى بەڕێزو سەرجەم بینەرانى کەناڵە ئازیزەکەتان دەکەین، ئومێدەوارین وەک چۆن بەردەوام مینبەری راستبێژیی و دڵسۆزیی بوون، بە هەمان گیانى بەرپرسانەو نیشتیمان پەروەریتان بەردەوام بن و خزمەتى زیاترو بەرچاوتر بە رەوتى تێکۆشان و خەباتى گەلەکەمان و کوولتورى  پێکەوەژیان و تەبایی و برایەتى بگەیەنن.

  کوردستان تیڤى کە بە بڕیارو سەرپەرشتى راستەوخۆی سەرۆک بارزانى دامەزرا،  لەو (17) ساڵەى تەمەنى پڕ بەخشش و دەسکەوتیدا وەک یەکەمین کەناڵى ئاسمانی کوردستان جێ دەستى روون و کاریگەرەو توانیویەتى بە بەرنامەو پلانێکى رێکوپێک و بە پرۆسەیەکى خەمخۆرانەو بێ سرەوتن هەنگاوى گرنگ بنێ و قۆناغێکى نوێ لە کاروانى بوارى میدیایی لە هەرێمى کوردستان بخاتە سەر گەنجینەى میدیاى کوردیمان و بەرەو پێشەوەى ببات، هەروەها توانیویەتى کوردانەو پیشەوەرانەش پەیامە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکەى پیادە بکات و بەبێ جیاوازی هەواڵ و رووداوەکانى پارچەکانى دیکەى کوردستان رووماڵ بکات و رەچاوى شێوەزارە جیاجیاکان بکات، بەمەش ببێتە تاکە کەناڵى گشت هاونیشتمانیانى خۆشەویست و مایەى شانازی  و رەزامەندى تەواوى بینەرانى بێت لەکوردستان و  لە سەرتانسەرى جیهاندا.

  رۆڵ و کاریگەرى میدیا لەو رەوشە قەیراناویەى ئەمڕۆدا زۆر هەستیار و گرنگە بەتایبەتیش میدیای بینراو، دیارە لەو رووەوەش (Ktv) هەمیشە شانبەشانى سەرکەوتنەکانى هێزى پێشمەرگەى کوردستان و جەماوەرى گەلەکەمان وێراى کێشەو کەموکوریەکان هەردەم لە سەنگەرەکانى پێشەوەى بەرگرى و داکۆکیکردندا دابووەو لەخۆبردووانە و بوێرانە بە ئەرکى پیرۆزى خۆى هەستاوە کە مایەى رێزو ستایش و دەستخۆشیە.

   کوردستان تیڤی لەو ماوەى کارکردنیدا بەهەق بڵندگۆى راستەقینەى پەیامى سیاسی و میدیایی  بووەو بەرجەستەکارێکى بێ نموونەى مافە نەتەوەیی و نیشتمانیەکانمان بووە، بۆیە خوازیارین لەو بۆنەیەدا زیاتر و لە گشت روویەکەوە بەرەو پێش بچێ و کێشەو کەموکوڕیەکان چارەسەر ببن و شانبەشانى کەناڵەکانى دیکەى میدیایی رەوایی کێشە سیاسیەکەمان و سەرکەوتنە مەزنەکانى هێزى پێشمەرگەو خواست و ویستەکانى گەلەکەمان بە جیهان بگەیەنن.


  جارێکى دیکە پاڵپشتى و پشتیوانى تەواوى خۆمان بۆ زیاتر بەرەو پێشچوونى کەناڵى ئاسمانى کوردستان(Ktv) دووپات دەکەینەوەو بە هیواى پێشکەوتن  و سەرکەوتنى زیاتر لە کارەکانتان.


مەکتەبى سیاسی پارتى دیموکراتى کوردستان
16/1/2016

هەواڵی پەیوەندیدار