فازڵ میرانی: پێویسته شهڕی ڕاگهیاندن ڕابگیرێت و، بەبێ مهرج دهست بە دانوستان بكرێتهوه

ههولێر-KDP.info- سكرتێری مهكتهبی سیاسی پارتیی دیموكراتی كوردستان فازڵ میرانی له پێشوازی كونسووڵی ئوردهن له ههرێمی كوردستان، بڕیار و هەڵوێستی پارتیی دیاری کرد و داوای کرد لەبەر هەستیاریی قۆناغەکە پێویستە پرسەکان بەوپەڕی بەرپرسیارەتییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و، شەڕی ڕاگەیاندن ڕابگیرێت بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخەکە و دانوستانی نێوان هەموو لایەنەکان بەبێ مەرج دەست پێ بکرێتەوە؛ خۆی پارتی هەمیشە سیاسەتی ئەوە بوو کە بەرزڕاگرتنی بەرژەوەندییە باڵاکانی کوردستان لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکانی ترەوە بێت و، دەبێ ئاشتەواییی سیاسی و کۆمەڵایەتی زیاتر بەدی بکرێت و، پارتی بەردەوام هەوڵی یەکڕیزی ناوماڵی کورد دەدات و، بڕوای وایە چارەی کێشەکان بە دیالۆگ و لەیەکتر تێگەیشتن و، یەکترقەبووڵکردنە.
فازڵ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی ئەمڕۆ لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی پارتیی دیموکراتی کوردستاندا پێشوازیی لە د. وەلید قەزاز كونسووڵی ئوردن کرد.
فازڵ میرانی پیرۆزبایی لە د. وەلید قەزاز کرد کە بووەتە كونسووڵی نوێی ئوردن لە هەرێمی کوردستاندا و، ئامادەیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەربڕی بۆ هەر جۆرە هاوکارییەک بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانی و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست.
هەروەها میرانی تیشکی خستە سەر ڕەوشی ئەمڕۆی کوردستان بە تایبەتی و عێراق و ناوچەکە بە گشتی و باسی قەیرانەکانی هەرێمی کوردستانی لە ڕووی ئابووری و بڕینی مووچەی خەڵک لەلایەن حکوومەتی عێراق کرد و، بە گرنگی باسی ئەو سەرکەوتنە مەزنەی هێزەکانی پێشمەرگە بە فەرماندەیی مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگە کرد لە ڕزگارکردنی شنگال و دەوروبەری لە دەست تیرۆریستانی داعش و دەرکردن و لەناوبردنیان دەبێتە هۆی سەقامگیری و هێمنیی زیاتر لە ناوچەکە بەتایبەتی و جیهان بەگشتی.
دواتر میرانی بڕیار و هەڵوێستی پارتیی دیاری کرد و داوای کرد لەبەر هەستیاریی قۆناغەکە پێویستە پرسەکان بەوپەڕی بەرپرسیارەتییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و، شەڕی ڕاگەیاندن ڕابگیرێت بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخەکە و دانوستانی نێوان هەموو لایەنەکان و، بەبێ مەرج دەست پێبکرێتەوە؛ چونکە پارتی هەمیشە سیاسەتی ئەوە بوو کە بەرزڕاگرتنی بەرژەوەندییە باڵاکانی کوردستان لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکانی ترەوە بێت و، دەبێ ئاشتەوایی سیاسی و کۆمەڵایەتی زیاتر بەدی بکرێت و، پارتی بەردەوام هەوڵی یەکڕیزیی ناوماڵی کورد دەدات و، بڕوای وایە چارەسەری کێشەکان بە ڕێگای دیالۆگ و لەیەکتر تێگەیشتن و یەکترقەبووڵکردنە.
کونسووڵی ئوردن، سپاسی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانی کرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە و ئەم پێشوازییەی کە لێی کراوە و، پیرۆزبایی لە سەرکردایەتیی کورد کرد بۆ ئەم سەرکەوتنە مەزنەی بە بۆنەی ڕزگارکردنی شنگال و، ستایشی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانی کرد و، ڕۆڵی پێشمەرگەیان بەرز نرخاند لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش و، هیوای خواست کوردستان هەر لە گەشەدا بێت و، باوەڕی وایە کوردستان دەتوانێت لەم قەیرانانەدا بە سەرکەوتوویی دەرباز بێت.




