١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
مەکتەبی سياسی

مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی، رۆژی مامۆستایان پیرۆز ده‌كات

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info-  مه‌كته‌بی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان وێڕای پیرۆزكردنی رۆژی جیهانی مامۆستایان، راشیده‌گه‌یه‌نێت "لەم رۆژەدا، کە لە سەرتاسەرى جیهان وەکو رۆژى جیهانى مامۆستایان دەستنیشانکراوە، دەستخۆشی لە ئەرک و ماندووبوونى مامۆستایانى کوردستان دەکەین و پاڵپشتى بەردەوامى پارتیمان بۆ ئەو توێژە کاریگەرەى کۆمەڵگاکەمان دوپات دەکەینەوە و، هیوادارین رەوتى پەروەردەوفێرکردن لە کوردستاندا زیاتر بەرەوپێش بچێ و لەهەموو بوارێکەوە لەگەڵ سیستەم و رەوتى نوێ و پێشکەوتووى جیهاندا هەنگاو بنێ".

ده‌قی په‌یامی پیرۆزبایی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان بۆ مامۆستایان:
بەبۆنەى رۆژى جیهانى مامۆستایان، پیرۆزبایى گەرممان ئاراستەى سەرجەم مامۆستایانى کوردستان و جیهان دەکەین، ئەرک و ماندوبونیان بەرز دەنرخێنین لە پەروەردەکردن و پێگەیاندنى رۆڵەکانمان و پێشخستنى کۆمەڵگا.

مامۆستایانى کوردستان، کە نیشانەى پەروەردەکاریی و خۆراگریى و کۆڵنەدانن،  شوێن پەنجەیان بەسەر هەموو بوارەکانى ژیانى گەل و نەتەوە و کۆمەڵگەوە دیارە، بەوپەڕى دڵسۆزی و  بەهەستێکى نیشتیمانپەروەرانەوە هەمیشە پەیامەکەیان گەیاندۆتە جێ، پێشمەرگەى دڵسۆزى مەیدانى پەروەردەو فێرکردن بوون و، لە هەموو قۆناغەکانى خەباتى سیاسی و چەکدارى گەلەکەمان نموونەى قارەمانیەتى و دڵسۆزى بوون، لەو رێگایەشدا کاروانێک شەهید و قوربانیان بەخشیوە، ئەمڕۆیش سەربارى ئەو قەیران و هەلومەرجە نالەبار و فشارە زۆرەى لەئارادایە، ماندونەناسانە بەهەمان گیانى دڵسۆزى و لێبووردەیی و خۆنەویستیەوە بەردەوامن لە پەروەردە و پێگەیاندنى رۆڵەکانمان و پتەوکردنى سەنگەرى روبەڕوبوونەوەى فکرى توندوتیژى و جیاکارى، هەر بۆیەش هەمیشە مایەى شانازى و سەربەرزى گەلەکەمانن.


پیشەى پیرۆزى پەروەردە و فێرکردن بایەخ و گرنگیەکى زۆر و چارەنووسسازى لە ژیانى تاکەکەس و کۆمەڵگەدا هەیە بۆیە پێویستە هەردەم جێگەو رێگەو پێگەى مامۆستا و پیشەى پەروەدەو فێرکردن بەرز رابگیرێت و بەردەوام پاڵپشتى بکرێت و پەرەى پێبدرێت و نەکرێتە کارتى سیاسى لە ململانێکاندا، هەروەها مافەکانى توێژى مامۆستایان بپارێزرێ و  ئاستى گوزەرانیان باشتر بکرێ.


   لەم رۆژەدا، کە لە سەرتاسەرى جیهان وەکو رۆژى جیهانى مامۆستایان دەستنیشانکراوە،  دەستخۆشی لە ئەرک و ماندووبوونى مامۆستایانى کوردستان دەکەین و پاڵپشتى بەردەوامى پارتیمان بۆ ئەو توێژە کاریگەرەى کۆمەڵگاکەمان دوپات دەکەینەوە و، هیوادارین رەوتى پەروەردەوفێرکردن لە کوردستاندا زیاتر بەرەوپێش بچێ  و لەهەموو بوارێکەوە لەگەڵ سیستەم و رەوتى نوێ و  پێشکەوتووى جیهاندا هەنگاو بنێ.
جارێکى دیکە پیرۆزبایى لە مامۆستایانى کوردستان دەکەین و هەمیشە سەرفرازو سەرکەوتوو بن..


مەکتەبى سیاسیى پارتیی دیموکراتى کوردستان
                                                                                                   

هەواڵی پەیوەندیدار