فازڵ میرانی: پشتگیری له چه‌سپاندنی مافه‌كانی توركمان ده‌كه‌ین له دەستووری هه‌رێمی كوردستاندا

هه‌ولێر -KDP.info- (فازڵ میرانی) سكرتێری مه‌كتە‌بی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان له پێشوازیی سه‌رۆكی حزبی 'توركمان‌ئیلی'ـدا ڕایگه‌یاند كه، ئێمه وه‌ك پارتیی دیموكراتی كوردستان پشتگیری له چه‌سپاندنی مافه‌كانی برایانی توركمان ده‌كه‌ین له دەستووری هه‌رێمی كوردستاندا.
ئه‌مڕۆ له باره‌گای مه‌كته‌بی سیاسی پارتیی دیموكراتی كوردستان فازل میرانی پێشوازی له ڕیاز ساری كه‌یه سه‌رۆكی حزبی توركمان ئیلی و شاندی یاوه‌ری كرد.
له دیداریكدا كه (ئه‌حمه‌د كانی) به‌رپرسی پێوه‌ندییه‌كانی نیشتمانی و عێراقی ئاماده بوو وێرای به خێرهێنانی شاندی مێوان (فازڵ میرانی) خۆشحاڵی خۆی بۆ ئه‌م دیداره ده‌ربڕی و هیوای خواست ئه‌م جۆره دیدارانه به‌رده‌وام بن بۆ پته‌وتركردنی پێوه‌ندییه‌كان كه خزمه‌تی زیاتری گه‌لی كورد و توركمان ده‌كات و ده‌بێته هۆی به‌رقه‌راربوونی زیاتری ئاساییشی ناوچه‌كه.
میرانی تیشكی خسته سه‌رئه‌م سه‌ركه‌وتنانه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه كه به‌رگری له به‌هاكانی دیموكراتییه‌ت و سه‌قامگیری ئه‌من و ئاساییشی ناوچه‌كه ده‌كات و ئێمه‌و گه‌لی توركمان قوربانی زۆرمان داوه له پێناو پاراستنی پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه‌و به‌رگری كردن و شكاندنی تیرۆریستانی داعش.
دواتر سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پێوه‌ندییه‌كانی حزبی توكمان‌ئیلی و پارتیی دیموكراتی كوردستانی به گرنگ ناوبرد چونكه هاوبه‌شه‌كانی نێوان هه‌ردوولا زۆرن و هه‌ندێ جار بۆچوونی جیاوازیش هه‌بن ئه‌مه‌نیشانه‌ی سه‌ربه‌خۆیی بریاره‌كانی هه‌ردوو لایه و گرنگه خاڵه هاوبه‌شه‌كان بكه‌ینه بنچینه‌ی به‌رده‌وامیدانی په‌یوه‌ندییه‌كان و ئێمه وه‌ك پارتیی دیموكراتی كوردستان پشتگیری له چه‌سپاندنی مافه‌كانی برایانی توركمان ده‌كه‌ین له دەستووری هه‌رێمی كوردستاندا.
له لای خۆیه‌وه ڕیاز ساری كه‌یه سه‌رۆكی حزبی توركمان‌ئیلی سوپاسی سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتیی دیموكراتی كوردستان كرد بۆ ئه‌م پێشوازیه و هیوای خواست ئه‌م جۆره كۆبوونه‌وانه به‌رده‌وام بێ و ئاماده‌ییی حزبه‌كه‌یشی ده‌ربڕی بۆ به‌شداری له هه‌ر ئه‌ركێكی كه پێیان بسپێردرێت له پێناو سه‌قامگیری و ئه‌من و ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كە.




