مه‌كته‌بی سیاسی پارتی 39 یه‌مین ساڵیادی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان پیرۆز ده‌كات

هه‌ولێر-KDP.info-مه‌كته‌بی سیاسی پارتیی دیموكراتی كوردستان وێڕای پیرۆزكردنی 39 یه‌مین ساڵیادی حزبی سۆسیالیستی دیموكراتی كوردستان، راشیده‌گه‌ینێت " واپێویست ده‌كات زیاتر سووربین له‌سه‌ر هاوخه‌باتى و یه‌كڕیزیی و ته‌بایی بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ى ئه‌و كێشه‌وگیروگرفتانه‌و پاراستنى ده‌سكه‌وته‌كان و ره‌وشی ئارام و سه‌قامگیریی هه‌رێمى كوردستان".
ده‌قی پیرۆزبایینامه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی:
به‌ڕێز / كاك محه‌مه‌دى حاجى مه‌حموود سكرتێرى گشتى حزبى سۆسیالیست دیمو‌كراتى كوردستان
به‌ڕێزان/ ئه‌ندامانى مه‌كته‌بى سیاسى و سه‌ركردایه‌تى حزبى سۆسیالیست دیمو‌كراتى كوردستان..
به‌بۆنه‌ى ساڵیادى دامه‌زراندنى حزبه تێكۆشه‌ره‌كه‌تان پیرۆزباییه‌كى گه‌رمى خه‌بات و كۆڵنه‌دان له ئێوه و كادیروئه‌ندامان و لایه‌نگرانتان ده‌كه‌ین، هیوادارین هه‌ر به‌رده‌وام و سه‌ركه‌وتوو بن له خه‌بات و تێكۆشانتان بۆ سه‌رخستنى دۆزى ره‌واى گه‌له‌كه‌مان و به‌دیهێنانى گشت مافه‌كانى.
رۆڵى به‌ڕێزتان و حزبه‌كه‌تان له كاروانى شۆڕش و خه‌باتى نه‌پساوه‌ى گه‌له‌كه‌مان روون وئاشكرایه‌و مایه‌ى شانازیه هه‌ر بۆیه‌ش له‌و پێناوه‌دا شه‌هیدو قوربانی زۆرتان به‌خشیوه بۆ به‌ده‌ستهاتنى ده‌سكه‌وته‌كان و گه‌یشتن به ئامانجه ره‌واكانمان.
ئێمه كاتێك ئه‌و یاده پیرۆز ده‌كه‌ین و خه‌بات و فیداكاری و ئه‌و قوربانیانه‌ى ئێوه به‌هه‌ند ده‌گرین، هاوكات ره‌وشى گرنگ و هه‌ستیارى ئه‌مڕۆى هه‌رێمى كوردستان و ناوچه‌كه و گیانفیدایی و به‌رگرى هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان له‌به‌ره‌كانى شه‌ڕدا دژ به تیرۆریستان و دوژمنانى گه‌له‌كه‌مان، واپێویست ده‌كات زیاتر سووربین له‌سه‌ر هاوخه‌باتى و یه‌كڕیزیی و ته‌بایی بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ى ئه‌و كێشه‌وگیروگرفتانه‌و پاراستنى ده‌سكه‌وته‌كان و ره‌وشی ئارام و سه‌قامگیریی هه‌رێمى كوردستان.
هیوادارین هه‌موو لایه‌ك به هه‌مان رۆحیه‌تى هاوپه‌یمانییه‌تى و به‌رپرسیاریه‌تى گه‌وره‌ومێژوویی درێژه به خه‌بات و تێكۆشان بده‌ین و له پێناو به‌رژه‌وه‌ندى گشتیى گه‌له‌كه‌مان له‌سه‌ر ئاستى ناوخۆ‌و ده‌ره‌كیه‌وه كاربكه‌ین بۆ ته‌ختكردنى كۆسپ و ته‌گه‌ره‌كانى به‌رده‌م ئه‌و هه‌لومه‌رجه دژواره‌ى ئه‌مڕۆ له‌ئارادایه‌و هه‌رێمى كوردستان بگه‌یه‌نینه كه‌نارى هه‌میشه‌یی ئارام وئاسووده‌یی و ده‌سته‌به‌ر كردنى ئاینده‌یه‌كى رۆشنتروگه‌شتر بۆ گه‌له‌كه‌مان.
جارێكى دیكه پیرۆزباییتان لێده‌كه‌ین و هه‌ر سه‌ركه‌وتوو بن ....
مه‌كته‌بى سیاسى
پارتىی دیمو‌كراتى كوردستان




