مەكتەبی سیاسی سەرکۆنەی تەقینەوەکانی ئامەد دەکات

هەولێر-KDP.info-مەکتەبی سیاسی پارتیی دیموکراتی کوردستان سەرکۆنەی تەقینەوەکەی ئامەد دەکات و رایدەگەیەنێت کە، زۆر بەتوندی ئەو كارە چەپەڵانە ئیدانە دەكەین و بە تاوانكاریی لەقەڵەمی دەدەین و بە كاری ناحەزودوژمنانی دەزانین، كە مەبەستیان ئاژاوەوتێكدانی رەوشی ئاشتەوایی و ئارامی و سەقامگیرییە، هیوادارین پرۆسەی هەڵبژاردنەكان لە كەشێكی ئاسوودە و ئارام و دیموكراسی لە بەرژەوەندی گەلانی توركیا بە سەركەوتوویی بەڕێوەبچن و لە خزمەتی پێكەوەژیان و بەرەوپێشچونی پرۆسەی ئاشتی ئەو وڵاتەدابن.
دەقی راگەیاندراوەکە:
بەداخەوە رۆژی هەینی رابردوو چەند تەقینەوەیەك لە نێو ئاپۆرای جەماوەری لە كاتی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن لە شاری خۆشەویستی ئامەد روویانداو بەهۆیەوە ژمارەیەك هاووڵاتی شەهیدو چەندی تریش برینداربوون.
ئێمە كاتێك زۆر بەتوندی ئەو كارە چەپەڵانە ئیدانە دەكەین و بە تاوانكاریی لەقەڵەمی دەدەین و بە كاری ناحەزودوژمنانی دەزانین، كە مەبەستیان ئاژاوەوتێكدانی رەوشی ئاشتەوایی و ئارامی و سەقامگیرییە، هیوادارین پرۆسەی هەڵبژاردنەكان لە كەشێكی ئاسوودە و ئارام و دیموكراسی لە بەرژەوەندی گەلانی توركیا بە سەركەوتوویی بەڕێوەبچن و لە خزمەتی پێكەوەژیان و بەرەوپێشچونی پرۆسەی ئاشتی ئەو وڵاتەدابن.
وێرای پرسەو سەرەخۆشی خۆمان لەخانەوادە و كەسوكاری شەهیدەكان و هیوای چاكبوونەوەیش بۆ بریندارەكان، ئومێدەوارین رووداوی ئاوها جارێكی دیكە دووبارە نەبێتەوە و پرۆسەكەش بە رێگە و رێوشوێنی یاسایی و دیموكراسیانەدا دوماهی بێت.
مەكتەبی سیاسی
پارتیی دیموكراتی كوردستان
6/6/2015




