دەزگای بارزانی هاوكاری و دیاریی جۆراوجۆری بەخشیە 5000 خێزان و منداڵە ئاوارە

بەردەڕەش -KDP.info- دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە چەند هەڵمەتێكدا لە كەمپی بەردەڕەش و ماملیان عەربەت، 4000 خێزانە ئاوارەی باروبوو كرد، لەگەڵ دابەشكردنی دیاری بەسەر 1000 منداڵدا.
ڕۆژی 3/6/2015 لەدرێژەی كاروچالاكییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ساڵیادی رۆژی جیهانی منداڵان، لە چەندین ناوچە و شار لە هەرێمی كوردستان بۆ بەرزراگرتنی ئەو یادە هەڵستا بە دابەشكردنی دیاری جۆراوجۆر بەسەر منداڵانی كچ و كوڕی كەمدەرامەت و هەژار و ئاوارە. لە هەڵمەتێكی تردا لە كەمپی عەربەت بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی منداڵانەوە دەزگای خێرخوازیی بارزانی دیاری جۆراوجۆری بەسەر 1000 منداڵی كەمپەكەدا دابەش كرد، دیارییەكانیش بریتی بوون لە کایەکلێ (یاری منداڵان) و خواردەمەنی.
لەلایەكی دیكە لە درێژەی هاوكاریكردنی ئاوارەان لە كەمپەكاندا، ئۆفیسەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە كەمپی بەردەڕەش بە هاوكاری لەگەڵ رێكخراوی قەندیل هەستان بە دابەشكردنی پێداویستی هاوینە بەسەر 1548 خێزاندا، هاوكارییەكانیش بریتی بوون لە پانكە، حەسیر، جلیكانی نەوت. هەر هەمان ڕۆژ دەست كرا بە دابەشكردنی پێداویستی منداڵان لەوانە شیر و كێك بەسەر 536 منداڵ.
لەلایەكی دیكە لە كەمپی ماملیان ئۆفیسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوكاری لەگەڵ رێكخراوی قەندیل پانكە و حەسیر و جلیكانی نەوتیان بەسەر 2334 خێزانی دانیشتووی كەمپەكەدا دابەش كرد.




