دەزگای بارزانی دەرمان و پێداویستیی تەندروستی بۆ نەخۆشخانەی لەدایكبوونی هەولێر دابین دەكات

هەولێر-KDP.info- دەزگای خێرخوازیی بارزانی 4 تۆن دەرمان و پێداویستیی تەندروستی بۆ نەخۆشخانەی لەدایكبوون لە شاری هەولێر دابین دەكات، هاوكات هاوكارییەكەیش سەرجەم نەخۆشخانەكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و بەپێی پێویستی و كەموكوڕییەكانیان دەرمان و كەلوپەلی تەندروستییان بۆ دابین دەكرێت.
رۆژی 1/6/2015 لە درێژەی كار و چالاكییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە شێوەیەكی بەردەوام كەلوپەل و پێداویستیی تەندروستی بۆ نەخۆشخانە و بنكە تەندروستییەكان لە هەرێمی كوردستان، بە هاوكاری لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و مانگی سووری ئیماراتی بڕی (8) كۆنیتەر كە دەكاتە (40) تۆن لە دەرمان و پێداویستیی جۆراوجۆری تەندروستی بەسەر نەخۆشخانە و بنكە تەندروستیەكانی هەرێمی كوردستاندا دابەش دەكات، ئەمڕۆیش بە ئامادەبوونی نوێنەرانی نەخۆشخانەی لەدایكبوون لە شاری هەولێر، دەزگای خێرخوازیی بارزانی (4) تۆن لە كەلوپەلی تەندروستی و دەرمان و كەرەستەی دیكەی پێشكەشی نەخۆشخانەكە كرد.
لەو بارەیەوە (مووسا ئەحمەد) جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، سەبارەت بە چۆنیەتیی دابەشكردنی پێداویستییە تەندروستییەكان رایگەیاند: "لە سەردانێكماندا بۆ نەخۆشخانەی لەدایكبوون لە شاری هەولێر، لەسەر داخوازیی نەخۆشخانەكە، كۆمەڵێك پێداویستیی تەندروستیمان پێشكەش كردن، كە پێك هاتبوو لە 4 تۆن لە كەرەستەی تەندروستی و دەرمان و چەندین جۆری دیكەی تەندروستی، لەوانە: ویلچەرخ, قەرەوێڵە و دەرمان و پێداویستیی نەشتەرگەری و لەفاف و برینپێچ و سرنج و دەستەوانە، ئەم هاوكارییە بە هاوكاری لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و رێكخراوی مانگی سووری ئیماراتی بەڕێوە دەچێت و سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە تەندروستییەكان لە هەرێمی كوردستاندا دەگرێتەوە و پێویستییەكانیان بۆ دابین دەكەین".




