مەکتەبی سیاسیی پارتیی پیرۆزبایی چوارشەمەسۆری لە کوردانی ئێزدی کرد

هەولێر -KDP.info- مەکتەبی سیاسی پارتیی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی جەژنی چوارشەمەسۆر و سەری ساڵی کوردانی ئیزدی لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، پاڵپشتی و پشتیوانی تەواو و بەردەوامی ماددی و مەعنەوی پارتیمان و، جەنابی سەرۆك (مەسعود بارزانی) دووپات دەكەینەوە بۆ بەدیهێنانی گشت مافەكانتان و پاراستنی كوولتوری ڕەسەنی ئێزدیاتی و گەڕاندنەوەی ئارامی و ئاوەدانی و سەقامگیریی بۆ تەواوی ناوچەكەنتان و ساڕێژكردنی برینەكان.
دەقی پەیامی پیرۆزباییەکەی مەکتەبی سیاسی بە بۆنەی جەژنی (چوارشەمە سۆر) سەری ساڵی ئێزدیان
بە بۆنەی جەژنی (چوارشەمە سۆر) سەری ساڵی نوێی ئێزدیان، گەرمترین پیرۆزبایی لە كەسایەتی و شێخان و ئەنجوومەنی ڕوحانی كوردانی ئێزدی و سەرجەم خوشك و برایانی ئێزدی لە كوردستان و جیهان دەكەین، هیواخوازین ئەم جەژنە و گشت جەژن و بۆنەكانتان لە سایەی ئازادی و سەقامگیریی هەرێمەكەمان بە خێروخۆشی و كامەرانی بۆ هەموو لایەك بگەڕێـتەوە و، مایەی دڵنەوایی و ئارامگری و ئاشتەوایی بێت و مژدەی كۆتاییهێنانی ناخۆشی و دەردەسەرییەكانی پێ بێت.
ئەو بۆنەیە لەكاتێكدا لە ئێوە پیرۆز دەكەین، كە گەلەكەمان بە گشتی و ئێوە بە تایبەتی دووچاری شەڕێكی دڕندانەی نەخوازراو و نەویستراو بوونەتەوە، بۆیە ئەركی سەرشانی هەموومانە بە یەك دەست و بەرپرسانە ڕووبەڕووی پیلانی دوژمنان و ناحەزانی گەلەكەمان ببینەوە و داكۆكی لە خاك و زێد و نیشتمانەكەمان و ئەو دەسكەوتانەی بە خوێن و قوربانییەكانمان هاتوونەتە دی، بكەین.
لەم بۆنەیەدا وێڕای پیرۆزباییمان جارێكی دیكە پاڵپشتی و پشتیوانی تەواو و بەردەوامی ماددی و مەعنەوی پارتیمان و جەنابی سەرۆك (مەسعود بارزانی) دووپات دەكەینەوە بۆ بەدیهێنانی گشت مافەكانتان و پاراستنی كوولتوری ڕەسەنی ئێزدیاتی و گەڕاندنەوەی ئارامی و ئاوەدانی و سەقامگیریی بۆ تەواوی ناوچەكەنتان و ساڕێژكردنی برینەكان، هەروەها زیاتر پەرەپێدان و پێشكەوتنی گیانی برایەتی وپێكەوە ژیان لەسایەی سیستەمی حوكمڕانی دیموكراسی لە هەرێمی كوردستاندا.
دیسان جەژنەکەتان پیرۆز بێت و ئومێدی بەختەوەری و خۆشگوزەرانیتان بۆ دەخوازین..
مەكتەبی سیاسی
پارتیی دیموكراتی کوردستان




