٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکاني پارتي

گوتەبێژی فەرمیی پارتی: بە هێمنی و پشوودرێژییەوە مامەڵە لەگەڵ پرسی دەستوور و سەرۆكایەتیی هەرێم دەكەین

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-   گوتەبێژی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەینێ، مادام مەسەلەی دەستوور پرسێكە لە خزمەت بە دامەزراوەییكردنی هەرێمی كوردستاندایە، دەبێ بە پشوودرێژیی و بابەتیانە مامەڵەی لە گەڵدا بكرێت، نەك لە سەر بنەمای بەرژەوەندیی حزبی و فەڕزكردنی دروشمی سیاسی بە سەر شەقامی كوردستانی و لایەنێكی دی.

دوێنێ یەکشەممە بە سەرپەرشتیی (سەرۆك بارزانی)، ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆ بۆوەو پرسی دەستوور و سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانی، وەكو پرسی هەموو گەلی كوردستان گفتوگۆی لەسەر كرد و چەند بابەتێكی دیكەی ناوخۆییش تاوتوو كران و بڕیاری پێویستیان لەبارەوە درا.

دوای كۆبونەوەكە (جەعفەر ئیبراهیم) گوتەبێژی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان، سەبارەت بە ڕوانگای پارتیی دیموكراتی كوردستان بۆ ڕۆژنامەی هەولێر گوتی، "ئێمە وەكو پارتیی دیموكراتی كوردستان دوور لە هەنگاوی پەلە و بەرژەوەندیی حزبی، بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییە باڵاكانی خەڵكی كوردستان، زۆر بە هێمنی و هۆشیارییەوە مامەڵە لە گەڵ پرسی دەستوور و سەرۆكایەتیی هەرێمدا دەكەین،
دەمانەوێت چارەیەكی یاساییی دەستووری بۆ یەكلاكردنەوەی ئەم پرسە بدۆزینەوە."
(جەعفەر ئیبراهیم) هەروەها گوتی، "پارتی بە پشوویەكی درێژەوە و لە لە ڕوانگای ستراتیژیی نێوخۆی هەرێمی كوردستانەوە هەنگاو دەنێ، بە شێوەیەك كە لە خزمەت سەقامگیریی سیاسیی هەرێم و خەڵكی كوردستاندا بێت، ئێمە وەكو پارتی وای دەبینین، كە مادام مەسەلەی دەستوور پرسێكە لە خزمەت بە دامەزراوەییكردنی هەرێمی كوردستاندایە، دەبێ بە پشوودرێژیی و بابەتیانە مامەڵەی لە گەڵدا بكرێت، نەك لە سەر بنەمای بەرژەوەندیی حزبی و فەڕزكردنی دروشمی سیاسی بە سەر شەقامی كوردستانی و لایەنێكی دی."

گوتەبێژی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، "نە پێشتر و نە ئێستایش هیچ لایەنێكی سیاسیی ناتوانێ بە فەرزكردنی ئەجێندای تایبەتی خۆی و گوشاری ناڕەواوە، دۆخی هەرێم تێك‌بدات و پرسەكان ئاڵۆز بكات، بۆیە لایەنە سیاسییەكان دەبێ ئەو ئیرادەیان هەبێت كه‌ هەموو پرسەكان بە باشترین شێوە چارە بكەن."

هەواڵی پەیوەندیدار