مەكتەبی سیاسی پارتی تاوانە تیرۆرستییەكانی حەسەكە سەرکۆنە دەکات

هەولێر-KDP.info-مەکتەبی سیاسی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە پەیامێکیدا تاوانە تیرۆریستییەکانی حەسەکە ڕیسوا دەکات و رایدەگەیەنێت کە، بە تیرۆر و تۆقاندن و تاوانە وەحشیگەرییەكان، هیواكانی گەلی كوردستان بۆ ئازادی و سەربەستی و، هەوڵەكان بۆ گەیشتن بە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی نەتەوەكەمان ناوەستێندرێن.
ئەمەیش دەقی پەیامەکەیە:
لەكاتێكدا كە كوردستانیان لە شاری حەسەكەی رۆژئاوای كوردستان خەریكی پیرۆزكردنی جەژنی نەورۆزی نەتەوەیی و سەری ساڵی كوردی بوون و ئاهەنگی سەركەوتن و ئاشتی و پێكەوەژیانیان دەگێڕا، تیرۆرستانی تاریكپەرست دوو هێرشی خۆكوژیان كردەسەر ئاهەنگگێڕان، كە بەداخەوە لە ئەنجامی ئەو هێرشە تیرۆرستیانەدا ژمارەیەك هاونیشتمانی و خەڵكی سڤیل شەهید و برینداربوون.
وێڕای ئیدانەكردن و شەرمەزاركردنی ئەو كردەوە تیرۆرستیانە، پرسە و سەرەخۆشیمان ئاراستەی كەسوكاری شەهیدان دەكەین و هیوای زوو چاكبوونەوە بۆ بریندارەكان دەخوازین. هاوكات دووپاتیدەكەینەوە كە بە تیرۆر و تۆقاندن و تاوانە وەحشیگەرییەكان، هیواكانی گەلی كوردستان بۆ ئازادی و سەربەستی و، هەوڵەكان بۆ گەیشتن بە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی نەتەوەكەمان ناوەستێنرێن. بەپێچەوانەوە رۆڵەكانی گەلەكەمان مكوڕتردەبن لە هەوڵ و خەباتی بێوچانیان لەپێناو ئازادی و مافە رەواكانمان و، كڵپەی ئاگری سەركەوتنەكانی كوردستانیان بەتینتردەبێت.
بەرز و پیرۆزبێت نەورۆزی نەتەوەییمان..
سەركەوتن هەر بۆ پەیامی ئاشتی و پێكەوەژیانی گەلەكەمان و روورەشی و شەرمەزاری بۆ تیرۆرستانە..
مەكتەبی سیاسی
پارتیی دیموكراتی كوردستان
21/3/2015




