١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
مەکتەبی سياسی

پەیامی پیرۆزبایی مەكتەبی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان بەبۆنەی جەژنی نەورۆز

سەرچاوە: KDP.info

    بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی نەتەوەیی نەورۆز و سەری ساڵی كوردییەوە گەرمترین پیرۆزبایی لە گەلەكەمان لە هەر چوار پارچەی كوردستان و هاونیشتیمانیان لە سەرتانسەری جیهان دەكەین، پیرۆزبایی لە خانەوادە و كەسوكاری شەهیدە نەمرەكان و چەپكە گوڵی نێرگزی سەركەوتن پێشكەش بە هێزە نەبەردەكانی پێشمەرگە دەكەین لە بەرەكانی جەنگ و خۆراگری دا.
  نەورۆز، كە بەر لە هەزاران ساڵ لە نێو كولتووری رەسەنی میللیماندا سەری‌هەڵدا و هەڵقووڵاوی گیانی مانەوە و خۆراگری بوو، وەك نەریتێكی نەمر و جەژنێكی دێرین و نەتەوەیی، نیشانەی ژیاندۆستی و رابوون و رووناكی بووە، هێمای خۆری ئازادی و تێكشكاندنی زنجیری ژێردەستی و زۆرداری بووە.
  نەورۆز، وەك داستانێكی مێژوویی و رۆژێكی چارەنووسساز، هەردەم سرووشبەخشی بەرەنگاریی و شۆڕش بووە دژ بە زوحاكەكانی هەموو سەردەمێك و بەرەنگاربوونەوەی داگیركەرانی كوردستان، هەروەها ئەڵقەیەكی گرینگی نێو زنجیرەی راپەڕینەكانی ئاداری (1991)ـە، كە هاوكاتە لەگەڵ سەرهەڵدان و راپەڕینی شاری كەركووكی دڵی كوردستان، لەگەڵ ئازادكردنی شاری برایەتی و خۆڕاگری، هەر بەو بۆنەیەوە و بە یادی 24ـەمین ساڵیادی راپەڕینی شاری كەركووك پیرۆزباییەكی گەرم لە هاووڵاتیان و خەڵكی خۆڕاگری ئەو شارە دەكەین و هیوای بەختەوەری و ئاسوودەیی و سەرفرازیان بۆ دەخوازین.
  نەورۆز، سەری ساڵی كوردی و یەكەم رۆژی وەرزی بەهارە و پەیامی نوێبوونەوە و هەبوونی نەتەوەیی و نیشتیمانی گەلەكەمانە، لەو هەلومەرجە هەستیارەی ئەمڕۆشماندا هیواخوازین جەژنی نەورۆز وەك چۆن سیمبوولی تێكۆشانی نەتەوەیی و نیشتیمانییە، ئاوهاش هاندەر و مایەی پتەوبوونی هاوهەڵوێستی و یەكڕیزی  و برایەتیی گشت پارت و لایەنە سیاسیییەكان بێت، چ لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان یا هەر چوارپارچەی كوردستان، تا بتوانین بە یەكخستنی هەوڵ و كۆششەكانمان داكۆكی لە دەستكەوتە نەتەوەیی و نیشتیمانییەكانمان بكەین و رووبەڕووی دوژمنان و تیرۆریستان ببینەوە و هەنگاوی كاراتر بنێین بۆ چارەكردنی كێشەكان و بەدیهاتنی ئامانجە نزیك و دوورە رەواكانی گەلەكەمان.

     جەماوەری خۆڕاگری گەلەكەمان
  ساڵیادی جەژنی نەورۆز لەكاتێكدا هاتەوە گەلەكەمان رووبەڕووی شەڕێكی نەخوازراو و داسەپاو بۆتەوە و وێڕای سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی جەنابی سەرۆك بارزانی، پێویستە و ئەركی سەرشانی هەموومانە بەیەك دەست هێز و وزە و تواناكانمان زیاتر بخەینە گەڕ، بۆ بنبڕكردنی گوشارەكانی سەر گەلەكەمان و پتەوكردنی گیانی بەرپرسیاریەتی و خۆراگری بۆ پاراستنی خاك و نیشتیمانەكەمان لە هەڕەشە و مەترسییەكانی ناحەز و دوژمنان.
داواكارین دروشمی سەرتاسەریی كوردستانیانی خۆشەویست لە رۆژی نەورۆزدا پشتیوانی و پشتگیریی بێت لە هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە بەرەكانی خۆڕاگری و گیانفیداییدا و،  یادی نەورۆز بكرێتە هاندەر و هەوێنی بەردەوامبوونی خەبات و تێكۆشان و ئومێدبەخشی زیاتر بۆ بەدیهێنانی مافەكانمان و بەرقەراربوونی زێتری سەقامگیری و ئاسوودەیی  كوردستان...
دەخوازین لە نەورۆزی ئەمساڵدا چەكوشی دەستی پێشمەرگە دلێرەكانمان موژدەی تێكشكانی یەكجارەكی تیرۆریستانی زوحاكی پێ‌بێت و، گڕوكڵپەی نەورۆزی ئەمساڵ، مەشخەڵی دەستی رۆڵەكانی گەلەكەمان بێت بۆ رەواندنەوەی تاریكی و شەوەزەنگی  نەیار و ناحەزانی گەل و وڵاتەكەمان....
جارێكی دیكە جەژنی دێرین و مێژوویی و نەتەوەییمان، جەژنی نەورۆز و ساڵی تازە لە هاووڵاتیان و تێكڕای كوردستانیانی خۆشەویست، پیرۆز بێت...
هەر شەكاوە بێت ئاڵای كوردستان...

مەكتەبی سیاسیی
پارتیی دیموكراتی كوردستان
20/3/2015

                                                                                             
 

هەواڵی پەیوەندیدار