ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك – گەرمیان: بە رزگاركردنی كەركووك موژدەی ئازادی و ترۆپكی سەركەوتنی ڕاپەڕینمان ڕاگەیاند

كەركووك-KDP.info- ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك – گەرمیانی پارتیی دیمەكراتی كوردستان، لە بەیاننامەیەكدا بە بۆنەی بیستوچوارەمین ساڵڕۆژی ڕاپەڕین و ئازادكردنی كەركووكەوە ڕایگەیاند: "ئێمە وەك پارتی مێژووی شێوێندراوی جیۆپۆلەتیكی كەركووكمان راست كردووەتەوە و دژ بە گۆڕینی دیموگرافیی دەڤەرەكە هەمیشە هەڵوێستمان وەرگرتووە، بەرخودان و خەباتمان كردووە و شەهید و قوربانییەكی زۆرمان لە پێناو كەركووكدا داوە و (بارزانی نەمر)ـیش داكۆكی لە كوردستانییەتی ئەم شارە كردووە و بە ڕووی دەستەڵاتداراندا ڕاوەستاوە".
ئەمەیش دەقی بەیاننامەكەیە:
بەیاننامەی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك – گەرمیان بە بۆنەی بیستوچوارەمین ساڵڕۆژی ڕاپەڕین و ئازادكردنی كەركووك
جەماوەری كۆڵنەدەر و خەباتكاری كەركووك و گەرمیان..
هاووڵاتیانی زێدە ئازیزی كوردستان
خۆشحاڵ و بەختەوەرین بە ناوی خۆمان و لقەكانی سنوورمان و تەواوی كادیر و ئەندام و هەوادارانمانەوە پیرۆزبایی گەرمی جەژنی نەورۆزی نەتەوەییمان و بیستوچوارەمین ساڵڕۆژی ڕاپەڕین و رزگاركردنی كەركووكی دڵی كوردستان لە دەست داگیركەران لە تەواوی جەماوەری كوردستان بە گشتی و سنوورەكەمان بە تایبەتی بكەین، بە رزگاركردنی ئەم شارە موژدەی ئازادی و ترۆپكی سەركەوتنی ڕاپەڕینمان ڕاگەیاند. جەماوەری شاری كەركووك بە درێژایی دەیان ساڵی رابردوو لە ئەنجامی زەبر و زەنگی دەستەڵاتدارە یەك لە دوای یەكەكاندا دووچاری سەركوتكردن و دیلكردنی ئازادی زمان و كولتوور و بیروڕای سیاسی و نەتەوەیی ببوو، ڕاپەڕین سیاسەتی پاكتاوی نەژادی هەڵتەكاند، دوای ئازادكردنی شارەكانی دیكەی باشووری كوردستان، زەبری گورچكبڕ و چنگ بە گڕی پێشمەرگە ئاوێتەی جەماوەری ڕاپەڕیوی شاری كەركووك بوون و بە خۆڕاگرییەوە بە ڕووی دامودەستگا داپڵۆسێنەر و سەركوتكارانی ڕژێمی بەعس ڕاوەستان و هەڵمەتی بوێرانەیان برد و تەخت وتاراجی ستەمكاریان هێنایە خوارەوە و موژدەی سەركەوتنی ڕاپەڕینی لە بەرۆكی كوردستانی ئازاد دا.
جەماوەری ئەمەكداری پارێزگای كەركووك..
ئێمە وەك پارتیی دیموكراتی كوردستان بە درێژایی مێژووی خەباتی خۆمان، بۆ ساتێكیش نە بیرمان لێ كردووەتەوە و نە سازشمان لەسەر بستێك لە خاكی كوردستان كردووە بە كەركووكی دڵیشەوە.. ئێمە مێژووی شێوێندراوی جیۆپۆلەتیكی ئەم شارەمان راست كردووەتەوە و بە ڕووی گۆڕینی دیموگرافی دەڤەرەكە هەمیشە هەڵوێستمان وەرگرتووە، بەرخودان و خەباتمان كردووە و شەهید و قوربانییەكی زۆرمان لە پێناو كەركووكدا داوە و (بارزانی نەمر)ـیش داكۆكی لە كوردستانییەتی ئەم شارە كردووە، بە ڕووی دەستەڵاتداراندا ڕاوەستاوە و ساڵی 1974 شۆڕش و خەباتی لە سەر كەركووك دەست پێ كردووەتەوە و ساڵی 1975هەر لە پێناوی كەركووكدا قوربانیی بە شۆڕشێكیش دا.
هاوكات لەگەڵ ئەم یادەدا لەمساڵدا پێشمەرگە لە هەڵمەت و نەبەردییەكانی خۆی بەردەوامە و رزگاركردنی ناوچەیەكی بەرفراوانی لە خۆرئاوا و باشووری خۆرئاوای كەركووك دەكاتە دیاریی ساڵیادی ئەم بۆنەیە و موژدەی دڵنیایی و ئارامی بە دانیشتووانی شارەكەمان دەدەین بە جیاوازی زمان و دەنگ و ڕەنگەوە.
جەماوەری خۆشەویستی كەركووك و گەرمیان..
لە كاتێكدا ئێمە لە ئاهەنگی سەركەوتنەكانی پێشمەرگە و بیستوچوارەمین ساڵڕۆژی رزگاركردنی شارەكەداین، جیهان و ناوچەكە ڕوو لە گۆڕانكارییە و پێویستە هەموو لایەكمان خۆمانی بۆ ئامادە بكەین، جێپەنجە و دەستمان بۆ نەوەكانی دادێ دیار بێت، با هەموو تواناكانمان یەك بخەین لە پێناو پاراستنی یەكڕیزی و یەكگوتاریی سیاسی، چونكە تا ئێستا مەترسییەكان و هەڕەشەكان لە سەر ئەم شارە بەردەوامن و پێویستە پرسی نەتەوەیی لە سەروو هەموو پرسەكانەوە بێت، بۆ ئەوەی كەركووك بكەینە پایتەختی ئەو وڵاتە سەربەخۆیەی كوردستان.
ترۆپكی سەركەوتنەكانی راپەڕین لە كەركووك و ئازادكردنی ناوچەیەكی بەرفرەی دەوروبەری بە خوێنی گەش و ئاڵی چەندین پێشمەرگە و ڕۆڵەی گەلەكەمان بەدەست هاتووە، لێرەوە سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاك و بەرزەفڕی شەهیدانی ڕاپەڕینی ساڵی 1991 و ئەو داستانانەی ئەم دواییەی پێشمەرگە لە سنووری كەركووك و شەهیدانی رێگای رزگاریی كورد و كوردستان و سەروەریان (بارزانی نەمر) و (كاكە ئیدریس)ـی هەمیشە لەیاد دادەنەوێنین.
بەرز و پیرۆز بێت یادی بیستوچوار ساڵەی ئازادكردنی كەركووك.
ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك- گەرمیان

__2021_04_03_h23m18s5__JH.jpg)


