١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
مەکتەبی سياسی

پارتی، ساڵیادی یەکێتیى ئافرەتانى کوردستان پیرۆز دەکات.. ئومێدەوارین هەردەم پێشەنگ بن

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info-  مەکتەبى سیاسیى پارتیى دیموکراتى کوردستان، بەبۆنەى(62)ـەمین ساڵوەگەڕى دامەزراندنى یەکێتیى ئافرەتانى کوردستان پاڵپشتى و پشتیوانى خۆی بۆ یەکێتییەکە و سەرجەم ئافرەتان دووپات دەکاتەوە. دەشڵێ "ئومێدەوارین هەردەم پێشەنگ و پێشڕەوى بزووتنەوەى ئافرەتانى کوردستان بن بۆ بەدەستهێنانى خواست و داخوازییە  رەواکانتان و هەر ئەو دەنگە زوڵاڵ و گەشاوە بن کە شەستودوو ساڵە دەدرەوشێتەوە و گەشە دەکات."

 

دەقی پیرۆزباییەکەى مەکتەبى سیاسىی پارتیى دیموکراتى کوردستان:


بەڕێز د.ڤیان سلێمان سکرتێرى یەکێتى ئافرەتانى کوردستان..
بەڕێزان هەڤاڵانى مەکتەبى سکرتاریەت و ئەنجومەنى باڵا..
  بەبۆنەى(62)هەمین ساڵوەگەڕى دامەزراندنى یەکێتى ئافرەتانى کوردستان گەرمترین پیرۆزبایی لە ئێوە و ئەنجوومەنەکان و گشت ئەندام و ئافرەتانى کوردستان دەکەین، هیوادارین هەمیشە هەر سەرکەوتوو بن لە هەوڵ و  کۆشش و کاروچالاکیەکانتان بۆ داکۆکیکردن لە ئازادى و یەکسانى و گەیشتن بە گشت مافەکانتان.
مایەى شانازییە یەکێتییەکەتان، کە بەر لە (62)ساڵ بە پشتیوانى و بڕیاری سەرکردە و رێبەرى نەتەوەییمان بارزانی نەمر دامەزرا، توانیویەتى بەو تەمەنە پڕ بەخششەى رۆڵێکى بەرچاو و گرینگ و کاریگەریى خۆى ببینێ لە گشت قۆناخ و شێوازەکانى خەبات و تێکۆشانى گەلەکەمان و بزووتنەوە سیاسیەکەى دا و گەلێک دەسکەوتى گرنگیش بەدەست بێنێ.
توێژى بەرفراوانى ئافرەتان چەندین ئەرک وکاریان لە ئەستۆیە و، سەنگ و کاریگەریی دیاریشیان هەیە بەسەر کۆمەڵگە و پێشکەوتن و بونیاتنانى ئایندەیەکى رۆشنتر، لەو رووەوەش قوربانی زۆریان داوە و بە هەمان گیانفیدایی و خۆبەختکردنەوەش بەردەوامن لەو کاروانەدا، بۆیە رۆڵى بەرپرسانەى ئێوە و یەکێتییەکەتان زۆر گرینگ و بایەخدارە، بەتایبەتى لەو قۆناخە چارەنووسسازەى ئەمڕۆماندا شانبەشانى رۆڵەکانى گەلەکەمان و پێشمەرگە قارەمانەکان بۆ رووبەڕووبونەوەى پەلامار و هەڕەشەى تیرۆریستان و چارەکردنى کێشەى ئافرەتانى ئاوارە و لێقەوماو بەتایبەتى ئافرەتانى شنگال و ناوچەکانى دیکە، هەروەها پاراستنى ئەو ئەزموونە و رەوشى سەقامگیری و بەدیهێنانى ئایندەیەکى گەشتر بۆ رۆڵەکانى گەلەکەمان.
  بەو بۆنەیەوە جارێکى دیکە پاڵپشتى و پشتیوانى خۆمان بۆ یەکێتییەکەتان و سەرجەم ئافرەتان دووپات دەکەینەوە و ئومێدەوارین هەردەم پێشەنگ و پێشڕەوى بزووتنەوەى ئافرەتانى کوردستان بن بۆ بەدەستهێنانى خواست و داخوازییە  رەواکانتان و هەر ئەو دەنگە زوڵاڵ و گەشاوە بن کە شەستودوو ساڵە دەدرەوشێتەوە و گەشە دەکات و پەرەى پێدەدرێت و لەهەر قوناخ و سەردەمێکیشدا وەڵامى واقعى و لەبارى خواستەکانى ئافرەتان و کێشەکانیان بێت.

مەکتەبى سیاسیى
پارتیى دیموکراتى کوردستان
11/12/2014
 

هەواڵی پەیوەندیدار