٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکاني پارتي

گومانی لە هاتنی بەناو ئاوارەکانەوەیە بۆ کەرکووک.. پارتی کردە تیرۆریستییەکەی کەرکووکی ڕیسوا کرد

سەرچاوە: KDP.info

کەرکووک-KDP.info-  ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك – گەرمیانی پارتیی دیموكراتی كوردستان، وێڕای ڕیسواکردنی کردەوە تیرۆریستییەکەی دوێنێی شۆریجە، هاتنی ئەو ژمارە زۆرە ناڕێکخراوەی شارەكانی ناوەڕاست و شوێنەكانی دیكەی عێراق بە ناوی ئاوارەوە بۆ کەرکووک، بەبێ ئەوەی لەژێر چاودێریدا بن و لە ناوچە جیاکانی شارەكەدا نیشتەجێ بوون، بە نەشیاو ناو دەبات.


    لەو بەیاننامەیەیدا کە بۆ سەرکۆنەی کردە تیرۆریستییەکەی دوێنێی شۆریجەی کەرکووکە، ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك – گەرمیانی پارتیی دیموكراتی كوردستان،  هاوکات داوا لە هەموو لایەك دەکات پێكەوە كار بۆ ئارام راگرتنی شارەكە بكەن و رێوشوێنی ئەمنیی توندیش بگیرێتە بەر بۆ ئەوەی ئەم كارانە دووبارە نەبنەوە.

دەقی بەیاننامەی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك – گەرمیانی پارتیی دیموكراتی كوردستان:
ئێوارەی رۆژی 4 / 12 / 2014 جارێكی دیكە دەستی رەشی تیرۆریستان گەییشتە جەماوەری خۆڕاگری شاری كەركووك و ئوتۆمبێلێكی بۆمبرێژكراو لە گەڕەكی شۆریجە تەقییەوە و بووە هۆی شەهید و برینداربوونی ژمارەیەك لە رۆڵەكانمان، ئێمە لە ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك – گەرمیانی پارتیی دیموكراتی كوردستان، بە ناوی خۆمان و تەواوی كادیر و ئەندام و هەوادار و جەماوەری پارتیمانەوە لە سنوورەكەمان، بە توندی پرۆتستۆی ئەو كارە نەگریس و چەپەڵەی تیرۆریستان دەكەین، هاوبەشی خەم و كەسەرباریی جەماوەری شارەكەمانین و پرسە و سەرەخۆشی لە خانەوادە و كەسوكاری شەهیدان دەكەین و خوازیارین و تەمەننا دەكەین، هەرچیی زووترە بریندارەكانیش چاك ببنەوە.
  لە كاتێكدا تیرۆریستان لە بەرەكانی شەڕ دووچاری شكست و هەڵاتن دەبنەوە، بە كرداری تیرۆریستی پەلاماری خەڵكی سیڤیل دەدەن، هاوكات ئێمە پێمان وایە خەڵكێكی زۆر لە شارەكانی ناوەڕاست و شوێنەكانی دیكە بە ناوی ئاوارەوە روویان لە شارەكە كردووە، بەبێ ئەوەی بە جۆرێكی رێكوپێك لەژێر چاودێریدا بن، لێرە و لەوێی شارەكەدا نیشتەجێ بوون.
      ئێمە دڵنیاین بە پشتیوانی و هاریكاریی هێزەكانی پۆلیس و ئاساییش ئەم دیاردە قێزەونە بنبڕ دەبێت، داواكارین هەموو لایەكمان پێكەوە كار بۆ ئارام راگرتنی شارەكە بكەین و رێوشوێنی ئەمنیی توندیش بگیرێتە بەر بۆ ئەوەی ئەم كارانە دووبارە نەبنەوە و دەزگاكانی ئاساییش و پۆلیسیش هەموو تواناكانیان بخەنە كار بۆ دۆزینەوەی تاوانباران و دەستگیركردنیان و بە سزایان بگەیەنن.
    
مردن و سەرشۆڕی بۆ تیرۆریستان.. سەركەوتن بۆ ئیرادەی خێر و ژیانی ئارام و برایانە

ئەنجومەنی سەركردایەتی كەركووك - گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان
                                                                              
 

هەواڵی پەیوەندیدار