مەکتەبى سیاسیی پارتی بۆ محەمەدى حاجى مەحموود: لەدەستدانی کاکە عەتا کەسەرێکى زۆرە بۆ هەموو لایەک

هەولێر-KDP.info- مەکتەبى سیاسیی پارتیى دیموکراتى کوردستان، لەدەستدانى (عەتا)ی (محەمەدى حاجى مەحموود) بە مایەى داخ و کەسەرێکى زۆر بۆ هەموو لایەک ناو دەبات، ڕایشیدەگەیەنێت، "رۆڵى (محەمەدى حاجى مەحموود) و بنەماڵە سەربەرزەکەتان لە کاروانى شۆڕش و خەباتى گەلەکەمان، روون و ئاشکرایە و مایەى شانازییە، هەر بۆیەش لەو پێناوەدا قوربانیی زۆریان داوە بۆ گەییشتن بە ئامانجە رەواکان و بەدیهێنانى مافەکانى گەلەکەمان."
بۆ بەڕێز محەمەدى حاجى مەحموود سکرتێری گشتى
حزبی سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان
بە خەم و پەژارەیەکى زۆرەوە هەواڵى شەهیدبوونى بەڕێز(عەتا)ى کوڕتان و ئەندامى سەرکردایەتیى حزبتانمان بیست، کە لە سەنگەرى بەرگرى لە خاک و ئازادیى میللەتەکەمان گیانى بەخشى، لەدەستدانى کاکە عەتا مایەى داخ و کەسەرێکى زۆرە بۆ هەموو لایەک، داواکارین خوا سەبووریتان بدات و لە خەم و خەسارەتتان بەدوور بگرێ.
بێگومان رۆڵى بەڕێزتان و بنەماڵە سەربەرزەکەتان لە کاروانى شۆڕش و خەباتى گەلەکەمان، روون و ئاشکرایە و مایەى شانازییە، هەر بۆیەش لەو پێناوەدا قوربانیی زۆرتان داوە بۆ گەییشتن بە ئامانجە رەواکان و بەدیهێنانى مافەکانى گەلەکەمان.
جارێکى دیکە خۆمان بە هاوخەم و هاوبەشى ئێوە دەزانین و ئومێدەوارین ئەوە دواکۆستى بەڕێزتان و بنەماڵەکەتان بێت.
انالله وانا الیه راجعون
مەکتەبى سیاسیی پارتیى دیموکراتى کوردستان
27/11/2014




