مەكتەبی سیاسیی پارتی ساڵڕۆژی دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی كوردستان پیرۆز دەكات

بەڕێزان بەڕێوەبەر و ستافی بەڕێوەبردنی ئێزگەی دەنگی كوردستان..
سڵاوێكی شۆڕشگێڕانە..
بە بۆنەی (51)ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی كوردستانەوە، گەرمترین پیرۆزباییتان لێ دەكەین و هیوادارین هەردەم لە پێشكەوتندا بن..
ئێزگەی دەنگی كوردستان لە هەلومەرجێكی زۆر سەخت و دژوارترین قۆناخی مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلەكەماندا دامەزرا، ئەوسا پێویست بوو ئێزگەیەك دەنگی زوڵاڵ و هەقیانەتی شۆڕش بە سەركردایەتیی (بارزانیی نەمر) بە جەماوەر و گەلی كوردستان بگەیەنێ.
دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی كوردستان بە فەرمان و رێنمایی (بارزانیی نەمر) و سەركردایەتیی شۆڕش، هەنگاوێكی بوێرانە و گرینگ بوو شانبەشانی سەنگەرەكانی دیكەی داكۆكیكردن لە بوونی نەتەوەیی گەلەكەمان و جۆشدانی گیانی بەرخودان و گیانفیدایی و بەرەوپێشبردنی كاروانی شۆڕش و تێكۆشان لەو سەردەمەی جەنگ و هێرشەكانی دوژمن و شەڕی ئیعلامی و دەروونی دژ بە شۆڕش و سەركردایەتی و گەلەكەمان.
هەڤاڵانی بەڕێز..
ئێزگەی دەنگی كوردستان، ئێزگەی بەردەوامیی شۆڕش و بەرخودانی گەلەكەمان بووە، لە شۆڕشی مەزنی ئەیلوولەوە بۆ شۆڕشی گوڵانی پێشكەوتنخواز و بۆ بەرەنگاربوونەوە و پووچەڵكردنەوەی نیازی شۆڤێنیانەی شاڵاوی بەدناوی ئەنفال و كیمیاباران، تا راپەڕینی ئاداری 1991 و لە رۆژگاری ئەمڕۆماندا، لە سەردەمی بونیاتنانی كوردستانی دیموكراسی و گەشاوە و ئازاددا، كاروانێكی دەوڵەمەند و خەباتێكی ئیعلامیی لەیادنەكراوی هەموو ئەو هەڤاڵە تێكۆشەرانەیە كە بە خوێن و ئارەقە و ماندووبوون و شەونخوونییان، لاپەڕە گەشەكانی مێژووی راگەیاندنی كوردییان تۆمار كردووە و بۆ هەتاهەتایە جێی شانازییە.
بۆیە ئێستایش بە هەمان حەماسەت و راستگۆیی و هەقبێژییەوە لەو بارودۆخەی ئەمڕۆدا بەرپرسانە داكۆكی لە بەرژەوەندی و مافە ڕەواكانی گەلەكەمان و دۆزە رەواكەی دەكات و وەك هەمیشە مینبەر و سەنگەری بەرگرییە لە ئامانج و هیواكانی نەتەوەكەمان.
هەر بەو بۆنە پیرۆزەوە سڵاو و دروود بۆ گیانی پاكی شەهیدانی ئێزگەی دەنگی كوردستان و سەرجەم شەهیدانی رێگەی سەرفرازی گەلەكەمان.
هیوادارین هەردەم لە پێشكەوتن و سەركەوتندا بن..
مەكتەبی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان
28/9/2014




