یەکدەنگیی زلهێزان لە پاراستنی هەرێم واتادارە.. لە مێژووی دیپلۆماسییەتدا نموونەی نییە

هەولێر-KDP.INFO-نووسەر و چاودێرێكی سیاسی دەڵێت، ئەو وڵاتە زلهێزانەی هەرگیز یەكدەنگ نەبوون لەسەر كۆمەڵێك كێشە بە تایبەت کە پێوەندی بە قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە هەبێ، کەچی ئێستا هەموویان لەسەر پاراستن و هاوكاریكردنی هەرێمی كوردستان یەكدەنگن و دەشڵێت، ئەمە، هەنگاوەكانی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستانی نزیكتر كردەوە.
نووسەر و چاودێری سیاسی (د. ناسح غەفوور ڕەمەزان) بۆ kdp.infoراگەیاند: "شەڕی داعش سەلماندی كە كوردستان لەسەر هەقە، چونكە وڵاتانی زلهێز بە تایبەتیش ئەوانەی كە قەت یەكدەنگ نەبوون لەسەر كۆمەڵێك كێشە، ئێستا هەموویان یەكدەنگن بەرامبەر ئەوەی كە دەبێت هەرێمی كوردستان بپارێزرێت.. نامانبینیوە وڵاتانی ئەورووپایی و وڵاتە یەکگرتووەکان و تا بە رووسیا و چینیش دەگات، بەرامبەر بە كێشەیەكی ئاوا یەك بگرن، بەڵام ئەمڕۆ دەبینین هەموویان یەكدەنگن و هەندێكیان ئامادەییان دەربریوە لە ڕووی سەربازی و سیاسی و مرۆییەوە هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكەن، هەڵبەت هەموویشیان هاوڕان لەسەر ئەو نموونەیەی كە لە هەرێمی كوردستان هەیە، کە دەبێت بپارێزرێت."
(د. ناسح غەفوور) گوتیشی: "داعش مەبەستیان بوو بەم شەڕە كورد لە هەنگاونان بەرەو دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان سارد بكەنەوە، بەڵام ئەم پرۆسەیە نزیكتر بووەتەوە، چونكە هەموو دنیا بە تایبەتی ئەورووپای ڕۆژئاوایی و وڵاتە باڵادەستەكان، گەیشتە ئەو باوەڕەی كە هەرێمی كوردستان نموونەیەكی جوانی پێكەوەژیان و ئارام و سەقامگیرە بۆیە پێویستە هاوكاری بكرێت لەسەر پێكەوشتنی زیاتر، ئەمەیش هانی وڵاتانی تر دەدات كە هەمان رێڕەو بگرنەبەر بەرامبەر هەرێمی كوردستان."
ئەو چاودێرە سیاسییە، گوتیشی: "وڵاتان بێگومانیان و دەزانن (سەرۆك بارزانی) نەك تەنیا سەركردەیەكی كوردە بۆ ئەوەی ئاشتی و ئازادی لە كوردستاندا بپارێزێت، بەڵكو ددان بەوەیشدا دەنێن کە (سەرۆك بارزانی) یەكێكە لە سەركردە هەرە مەزنەكان كە دژی تیرۆر دەجەنگێت."
زیاتر گوتی: "یەكەم جارە لە مێژووی دیپلۆماسیی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و وڵاتانی زلهێز، بێن ڕاستەوخۆ هاوكاری بەشێك لە وڵاتێكی سەربەخۆ بكەن كە ئێستا سەربەخۆیی وەرنەگرتووە.. ئەمە مانای ئەوەیە ئەوان ئامادەییان تێدا هەیە كاتێک هەرێمی كوردستان سەربەخۆیی رابگەیەنێت، ئەوانیش پشگیریی ئەو سەربەخۆییە بكەن."
(د. ناسح غەفوور) ئاماژەیشی دا: "ئەمە سەركەوتنێكی گەورەیە بەرامبەر بە داعش.. داعشیش زوو یان درەنگ دەبێت ئەم ناوچەیە جێ بهێڵن، ئەگەرنا لەسەر دەستی هێزی پێشمەرگەی كوردستان تووشی شكستی گەورە دەبن.. ئەو شكستەیش وایان لێ دەكات كە تووشی هەڵدێر بن و لە هەموو عێراق خۆیان نەگرنەوە."
فەرەیدوون ئیبراهیم

__2021_04_03_h23m18s5__JH.jpg)


