چەك لە سەركردایەتیی بەرەکانی جەنگە و بە زوویی دەگاتە دەست پێشمەرگە
__2014_08_15_h21m39s11__BA.jpg)
كەركووك-KDP.INFO- ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان(د.كەمال كەركووكی)، کە بە یاوەریی بریكاری وەزیری پێشمەرگە، ئەمڕۆ هەینی سەنگەرەكانی پێشەوەی پێشمەرگەیان لە سنووری پارێزگای كەركووك بەسەر كردنەوە، سەبارەت بە کاتی گەیشتنی چەك بۆ دەستی پێشمەرگە گوتی: "بەراییەكانی گەیشتە سەركردایەتیی جەبهەكان، بە زووترین كاتیش بەشێكی زۆری ئەو پشتیوانییە دەگاتە دەستی پێشمەرگەكانیش."
(د.كەمال كەركووكی) ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە سەنگەرەكانی پێشمەرگەوە لە رێگای تەلەفونەوە بۆ KDP.INFOگوتی: "بە یاوەریی بریكاری وەزیری پێشمەرگە(ئەنوەری حاجی عوسمان)، سەنگەرەكانی پێشەوەی پێشمەرگەمان لە (جسری مەكتەب خالید) لە سنووری لیوای 1 و (جسری تەلل وەرد) و بەرزاییەكانی (تەلل وەرد) و (جسری حورییە و جسری فەتحە) كە لیوای 6و11 بە هاوبەشی دەیپارێزن، هەروەها (جسری مەلا عەبدوڵڵا و جسری مامە) لە سنووری لیوای 2 و (جسری كوبیان) لە سنووری لیوای 10 و سنوورەكانی لیوای نەوت لە (بای حەسەن) لە پارێزگای كەركووك بەسەر كردنەوە."
گوتیشی: "ئەوەی ئەمڕۆ بینیمان جێگای دەستخۆشییە كە، بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە و پێشمەرگە قارەمانەكان لە ئامادەباشیی تەواودان بۆ بەرگری و پاراستنی خاكی كوردستان و ئارامی وڵاتەكەیان، كە بە درێژایی نزیكەی حەفتا كیلۆمەتر توانیویانە پارێزگاری لە شاری كەركووكی خۆشەویست بكەن."
(كەركووكی) گوتیشی: "بە گشتی سنوورەكە ئارامە و پێشمەرگەش بە ورەیەكی بەرزەوە لە ئامادەباشیی تەواودان بۆ بەرگری لە هاووڵاتیان و خاكی پیرۆزی كوردستان، كە بە ڕاستی جێگای سەربەرزی و شانازیی گەلەكەمانن، هەرئەوەش چاوەڕوان دەكرێت لە پێشمەرگەی كوردستان و كوڕانی باوەڕ بە نیشتیمانی."
ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان (د.كەمال كەركووكی) زیاتر گوتی: "ئامانجی سەردانەكەمان ئەوە بوو كە لە نزیكەوە وەزعی پێشمەرگە لە هەموو رووێكەوە ببینم و گوێ لە داواكاری و پێداویستییەكانیان بگرم، هەروەها لەگەڵ هەریەك لە فەرماندە و ئەفسەرەكانی لیوای 1و2و6و11-دا كۆ بووینەوە و باسی دواگۆڕانكاریی هەنگاوەكانی پێشمەرگەمان كرد، دڵنییایش بوومەوە لەوەی كە كوردستان خاوەنی هێزێكی ئاوا قارەمانی وەك پێشمەرگەی بێت، سەركەوتن بەسەر ئەو شەڕەدا مسۆگەرە."
سەبارەت بە کاتی گەیشتنی چەك بۆ دەستی پێشمەرگەیش (كەركووكی) گوتی: "بەراییەكانی گەیشتە سەركردایەتیی جەبهەكان، بە زووترین كاتیش بەشێكی زۆری ئەو پشتیوانییە دەگاتە دەستی پێشمەرگەكانیش."
فەرەیدوون ئیبراهیم

__2021_04_03_h23m18s5__JH.jpg)


