٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکاني پارتي

بەیاننامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی، بە بۆنەی 68ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتیی دیموكراتی كوردستان

سەرچاوە: KDP.info

16ـی ئاب ساڵڕۆژی دامەزراندنی پارتیمان، پارتی دیموكراتی كوردستان، لە كادیر و ئەندام و لایەنگر و دۆستان و لە گشت گەلی كوردستان و بە تایبەتی لە هێزی دلێر و خۆڕاگری پێشمەرگە و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان، پیرۆز دەكەین و، هیوادارین و هەوڵی بۆ دەدەین كە گەلەكەمان لە بەختەوەری و سەركەوتن دابێت.

دامەزراندنی پارتی بە ڕێنمایی بارزانیی نەمر وەرچەرخانێكی مەزن بوو لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد و كاروانی خەباتی نەسرەوتوو و تێكۆشاندا، هەروەها زەرورەتێكی مێژوویی بوو لەو سەروبەندەی كۆتاییهاتنی دووەم جەنگی جیهان بۆ بەدیهێنانی خواست و ئاواتەكانی گەلەكەمان لە گەیشتن بە گشت مافە ڕەواكانی.

پارتی، هەڵقوڵاوی كولتووری شۆڕشگێڕیی كوردایەتی و ڕەسەنایەتی بوو، لە ئانوساتێكی زۆر پێویست هاتە كایەوە و ڕابەرایەتیی گەلی كوردستانی كرد لە سەردەمی پاشایەتیی ئێڕاقدا و دواتریش ڕابەرایەتیی شۆڕشی ئەیلوولی كورد، كە سەرەتایەكی مەزن بوو لە بەتواناكردنی گەلی كورد بۆ گێڕانەوەی مافە زەوتكراوەكان و مەشخەڵی خەبات و بەرخودانی هەڵگرت و لەو رێگەیەیشدا بە درێژاییی كاروانی تێكۆشانی هەزاران شەهید و قوربانی داوە بۆ پاراستنی كیان و هەبوون و شكۆداریی نەتەوەیی گەلی كورد و كوردستانییەكان و رووبەڕووبوونەوەی ستەم و زۆرداریی رژێمە یەك لە دوای یەكەكان.

هەڤاڵانی خۆشەویست...

زنجیرەی خەباتی نەپساوەی چەكدرای و سیاسی و دیپلۆماسی و ئیعلامیی پارتیمان لە قۆناخە جیاجیاكانی تێكۆشانیدا لە سەردەمی پاشایەتی و كۆماریدا و هەروەها لە شۆڕشەكانی ئەیلوولی مەزن و گوڵانی پێشكەوتنخواز و ڕاپەڕینی ئاداری 1991ـدا و ئەو دەستكەوتانەی لەو كاروانە نەپساوەی پڕ سەروەرییەیدا بە دی هاتوون، گەواهیدەری ئەوەن، كە پارتی هێزێك و ڕێكخستنێكی پێشەنگ و پشتئەستوور بووە بە جەماوەر و تێكڕای چین و توێژەكان و پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبییە جیاكانی كوردستان، هەروەها بە گیانی كوردایەتی و كوردستانی و كولتووری دیالۆگ و برایەتی و پێكەوەژیان لەسەر ئاستی ناوخۆ و پارچەكانی دیكەی كوردستان كاری كردووە بۆ بەدیهێنانی ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان و سەرخستنی دۆزە ڕەواكەمان و دابینكردنی مافەكانمان.

هەڤاڵانی بەڕێز...

لەسەر ئاستی ناوخۆییدا، پارتیمان بە گیان و هەستی بەرپرسارەتی و دیموكراسیانەی ئەوتۆ، شانبەشانی هێز و لایەنە هاوپەیمان و سیاسییەكانی دۆست لە كوردستان كاری كردووە، بۆ یەكڕیزی و ڕێكخستنی نێوماڵی كوردستانی و وەلانانی كێشە و گرفتە لابەلاكان لە قۆناخەكانی بەرایی و دواتریش لە پێكهێنانی حكوومەت و پێشخستنی ئەزموونی هەرێم و حوكمڕانیكردن و هەنگاونان بۆ بونیادنانی كۆمەڵگایەكی مەدەنی كە تیایدا ئازادییەكانی تاك و كۆمەڵ بەرجەستە بكرێن و لە ناویشیاندا ئازادیی ڕا دەربڕین و راگەیاندن و باوەڕەكان و هەروەها پەیڕەوكردن و پابەندبوون بە بنەما و پڕنسیپە یاساییەكان و فرەحزبی و دەستاودەستكردنی ئاشتیانەی دەستەڵات و ئینجا پتەوكردنی ڕەگەز و بنەماكانی دەوڵەتداری لە ڕووی ژێرخانی ئەمنی و ئابووری و سەقامگیری و ئاسودەیی بۆ هاووڵاتیان و بەجێگەیاندنی پلان و پرۆسەكانی ئاوەدانی و بوژاندنەوەی هەرێمی كوردستان لە گشت بوارەكاندا و، هەوڵی بێوچان بۆ گێڕانەوەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و دابینكردنی مافە نەتەوایەتی و كولتووری و ئایینی بۆ نەتەوە و ئایینزا جیاوازەكانی كوردستان، وەك توركمان و كلدان سریان ئاشووری و كوردانی ئێزدی و چەسپاندنی كولتووری پێكەوەژیان لە كوردستاندا.

لەسەر ئاستی ئێڕاقیشدا، پارتیمان و (سەرۆك مەسعوود بارزانی) ڕۆڵی گرینگیان هەبوو لە بنیادنانەوەی ئێڕاق بە شێوازێكی نوێ‌ و جیاواز لە پێشوو، هەوڵی زۆریان دا بۆ ئەوەی ئێڕاق هیی هەموو پێكهاتەكان بێت، لە دواییشدا بۆ چەسپاندنی سیستمی دیموكراسی و پەرلەمانی فیدراڵی و پاراستنی یەكیەتیی نیشتیمانی ئێڕاقی بە ئارەزوومەندانە و چارەسەركردنی ئەو كێشە هەڵپەسێردراوانەی كە حكوومەتی فیدراڵ بە ئەنقەست، خۆی لە چارەسەركردنیان دەدزیەوە، چارەسەركردنی ئەو كێشانەی كە ئۆقرەیی و سەقامگیریی وڵاتیان فەراهەم دەكرد و هەروەك دەستتێوەردانی دەرەكیشیان بە زەحمەت دەخست.

لەسەر ئاستی وڵاتانی دراوسێ‌، پاراستنی سەروەرییەكان و تایبەتمەندیی هەر وڵاتێك و پرنسیپی رێزگرتن لە بەرژەوەندیی هاوبەش و هەماهەنگیی دۆستانە و سوود بە یەكترگەیاندن لە ڕووی ئابووری و كولتوورییەوە، پەیڕەو كراوە.

لە ئاستی نێودەوڵەتییش، پارتیمان باوەڕی بە دۆستایەتی و هەنگاونان بۆ پێشخستنی ئاستی پەیوەندییەكان هەبووە بە جۆرێك كە ئێڕاق دەرباز بێت لەو تێڕوانینە چوارچێوەدارانەی كە لە رژێمەكانی پێشووەوە بە میرات بۆی ماوەتەوە و دروستكردنەوەی كەسایەتیی تاكی ئێڕاقی لە نێوەندە نێودەوڵەتی و مەدەنییەكانیشدا كە پێشتر بێزرا بوون، بگەڕێنێتەوە ئاستی سرووشتیی خۆی.

بێگومان ئاشكرایە ڕەوشی ئەمڕۆی ئێڕاق بە گشتی و هەرێمی كوردستان بە تایبەتی هەروەها ناوچەكەش، چەندە هەستیار و چارەنووسساز و گرینگە، ئێمە لە هەرێمی كوردستاندا لەبەردەم شەڕێكی دژوارداین لە بەرامبەر تیرۆریستان و مەتەرێزی بەرگریمان گرتووە و شەڕی ئیرهابێكی جیهانی دەكەین و، نایشارینەوە بەشێكی هۆكاری ڕاكێشانی ئەم شەڕە بۆ ئێڕاق و كوردستان ئەو زەوینە خۆشكردنە بوو كە سیاسەتە ناڕاست و چەوتەكانی دەستەڵاتدارانی بەغدا ئامادەیان كرد، جێبەجێ‌نەكردنی دەستوور و رێكکەوتننامەكان و بە ئەقڵیەتی تاییفی كاركردن و پەڕاوێزخستنی ئەوانی دیكە، ئەم بارودۆخەی لێ‌ كەوتەوە و تیرۆریستان پەناگەیەكی گونجاویان دەستكەوت. لە كاتێكدا كە دەمێك بوو پارتی و (سەرۆك بارزانی)، لایەنە كوردستانییەكان و بەشداربووانی پرۆسەی سیاسیی ئێراق و دراوسێكان و هەتا دەوڵەتانی زلهێزی جیهانیشیان ئاگادار كردبووەوە و، بە گەواهی و دیكۆمێنت پێیان گوترا  دەوڵەتمەداری ئێڕاق و دەستەیەكی دەوروپشتی، پڕۆسەی سیاسیی ئەم وڵاتە بەرەو هەڵدێر دەبەن، بەڵام  پاش پشتگیرییەكی زۆری ئەو دەوڵەتمەدارە و دارودەستەكەی، كە بەشێكی ئێڕاق كەوتە دەست تیرۆریستانی داعش و هەڕەشە كەوتە سەر بەغدا، ئینجا سیاسەت و تێڕوانینەكانیان گۆڕی، كە چارەسەركردنی كێشەكان لە ساڵانی رابردوو زۆر ئاسانتر بوو، كەچی ئێستا دەبێ‌ بە نرخێكی زۆر گران و كاتێكی زیاتر و زەحمەت و ماڵوێرانیی هاووڵاتیان چارەسەر بكرێ. لەگەڵ ئەوەشدا بەشێكی ئەم گۆڕانكاریانەی ڕوویان دا، بە باش دەزانین و هیوادارین دەرس لە ڕابردوو وەرگیرابێ‌ و سەرۆكوەزیرانی داهاتوو رێچكەی دەوڵەتمەداری پێشوو نەگرێتەبەر و هەموو لایەنەكان بە ناوخۆی ئێڕاق و كوردستان و دەرەوەیش، بە چاكەی ناوبراو بڵێن چاكە و بەخراپەش بڵێن خراپ.

هەڤاڵان و جەماوەری خۆڕاگری كوردستان..

ئێمە لەكاتێكدا یادی 68ـەمین ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەینەوە، كە نیشتیمانەكەمان هەر لە شنگالەوە تا مەندەلی كەوتووەتە بەر هێرشی ناڕەوای دەوڵەتی خەلافەتی بە ناو ئیسلامی (داعش) و سەدانهەزار خەڵكی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان ئاوارەی هەرێم بوون، هەروەكو سەدانهەزار كەسی دیكە لە برایانی كریستیان و عەرەبی پارێزگاكانی مووسڵ و تكریت و ئەنبار و دیالە و شارەكانی دیكەی ئێڕاق ئاوارەی كوردستانن، ئەمە جگە لە هاونیشتیمانیانی ڕۆژئاوای كوردستان.. سەربەرزین بە مەردایەتی و مرۆڤدۆستیتان، حەواندنەوەی ئەو خەڵكە كارەسات بەسەرهاتووەی كە ژمارەیان دەگاتە دووملیۆن كەس لە هەرێمی كوردستاندا جێگای شانازییە.

 

جەماوەری دڵسۆزی كوردستان..

پێشمەرگە نەبەردەكانی كوردستان، بەو ئیمكانیاتە متەوازعەی بەردەستیان كە ساڵانێكی زۆربوو سەرۆكوەزیرانی پێشووی ئێڕاق بێبەشی كردبوون لە چەك و پێداویستییەكانی بەرگری و مووچە و كەلوپەلی سەربازی و لەبەرامبەریشدا چەك و كەلوپەلێكی زۆری سەربازی كەوتە بەردەستی تیرۆریستان و شەڕی كوردستانی پێ دەكەن، بەڵام بە پشتیوانیی جەماوەری كوردستان، پێشمەرگە گیانلەسەردەستەكان بە ورەی بەرز و باوەڕی كوردانەیان لە هەڵمەتی پێچەوانەدان و چەندین شار و شارۆچكەیان لە داعش و داعشیەكان پاك كردووەتەوە، خۆڕاگریی پێشمەرگە و سیاسەتی دروست و سەردەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و (سەرۆك مەسعوود بارزانی) و كاری لە مێژینەی بەڕێزیان لەسەر دیپلۆماسیەتی دروستی هەرێم وای كرد، زۆربەی حكوومەتەكانی زلهێزی جیهان و وڵاتانی ئەورووپا و ناوچەكەیش بێنە سەر خەت بۆ هاوكاریی كوردستان، بە دابینكردنی چەك بۆ پێشمەرگە و پێداویستییەكانی دیكەش بۆ ئاوارە و لێقەوماوەكان. ئەم بەدەنگەوەهاتنە گۆڕانكارییەكی گەورە بوو لە جیهانی نوێدا، كە كوردستان ئێسا شەڕی تیرۆری جیهانی دەكات، بۆیە جێی خۆیەتی لێرەوە سوپاسی حكوومەت و گەلی ئەمەریكا و نەتەوە یەكگرتووەكان و حكوومەت و گەلانی ئەورووپا بكەین و هەروەها سوپاسی گەل و كۆماری ئیسلامیی ئێران و وڵاتانی دراوسێ‌ و هەموو ئەو وڵاتانەی كە لە ڕووی سەربازی یاخود مرۆییەوە هاوكارییان پێشكەشی كوردستان كردووە بۆ شەڕی دژی تیرۆری جیهانی، دەكەین.

هاوكات لەگەڵ یادكردنەوەی 16ـی ئاب لە شەڕێكی بەربڵاو داین، دڵنیایی دەدەین كە سەركەوتوو دەبین، چونكە پێشمەرگە لە سەنگەری شەڕێكی ڕەوادایە بە پشتگیریی خەڵكی كوردستان و، زۆربەی وڵاتانی جیهانیش پاڵپشتمانن..

 یەكڕیزیی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و جەماوەر، هۆكاری سەرەكیی سەركەوتنەكانمان دەبن، هەروەها لەم یادەدا جارێكی دیكە بەڵێن و سۆز بە خوێن و گیانی پاكی شەهیدان و گەلەكەمان دەدەین و جەخت دەكەینەوە لەسەر بەردەوامبوون لەسەر ڕێبازی بارزانیی نەمر بە ڕێبەرایەتیی سەرۆكی خۆشەویستمان (سەرۆك مەسعوود بارزانی) كە ڕێبازی كوردایەتی و نیشتیمانیمانە بۆ پاراستنی ئەو ئەزموون و دەستكەوتانەی كە بەرهەمی خوێنی شەهیدان و قوربانیدانەكانمانن و دابینكردنی ئارامی و ئاسودەیی بۆ هاووڵاتیان.

لەم بۆنە مێژووییەدا، سوپاس و پێزانین ئاراستەی گشت هەڤاڵانمان و كادیر و ئەندام و لایەنگر و دۆستانمان دەكەین و ڕۆڵیان بەرز دەنرخێنین لە داكۆكیكردن لە پارتە ڕەسەنەكەیان و سووربوونیان لەسەر بەدیهێنانی ئەو پەیام و پەیمانەی داویانە و ساڵانێكی زۆرە لە ڕێبازی بارزانییەوە قوربانی بۆ دەدەن تا گەیشتن بە ئاییندەیەكی گەشتر و دیاریكردنی چارەنووسی گەل و نیشتیمانەكەمان بە ویست و ئیرادەی خۆمان.

سڵاو لە گیانی پاكی سەرجەم شەهیدانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان... نەمریی و سەروەریی بۆ ڕۆحی پاكی بارزانیی نەمر و كاكە ئیدریسی هەمیشە زیندوو...

 سڵاو لە گیانی پاكی شەهیدانی بەرەكانی جەنگی دژەتیرۆر و پاراستنی كوردستان...

سڵاو لە پێشمەرگە نەبەردەكانی بەرەكانی جەنگی دژی تیرۆریستان..

سڵاو لە جەماوەری خۆڕاگر و پشتیوانی پێشمەرگەی كوردستان..

سڵاو لە خانەوادە ئاوارەكانی ناوخۆ و دەرەوە..

سڵاو و پێزانین لە تەواوی ئەو گەل و وڵاتانەی بە پەرۆشەوەن بۆ سەركەوتنی كوردستان..

                     هەر بەرز و شەكاوە بێت ئاڵای كوردستان...

مەكتەبی سیاسیی

پارتی دیموكراتی كوردستان

                                                                                    16/8/2014

 

   

 

هەواڵی پەیوەندیدار