٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکاني پارتي

قادر قەچاخ: پێشمەرگە سەركەوتنی مەزن تۆمار دەكات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-ئەندامێكی سەركردایەتیی  پارتی، باس لە دواگۆڕانكارییەكانی شەڕی نێوان پێشمەرگە و چەكدارە تیرۆریستەكانی داعش دەكات و دەڵێت، بەپێی بەرنامەی نوێ سەركەوتنی مەزن بۆ كوردستان و هێزی پێشمەرگە چاوەڕوانكراوە. دەشڵێت، دوابستی خاكی كوردستان لە دەستی تیرۆریستان دەردەهێندرێتەوە و ئاوارەكانیش هەموویان دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و زێدی خۆیان.

ئەندامی سەركردایەتیی پارتیی دیموكراتی كوردستان (قادر قەچاخ) لە لێدوانێكدا بۆ KDP.infoگوتی، "هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە بەرەكانی شەڕ لە دژی چەكدارە تیرۆریستەكانی داعش لە پێشڕەویدان و بەپێی بەرنامەی نوێیش سەركەوتنی مەزن بۆ كوردستان و هێزی پێشمەگە چاوەڕوانكراوە، هەروەها ئەوانەی لە چیای شنگالیش چەند رۆژێك گیریان خواردبوو، هیچ مەترسییەكیان لەسەر نەماوە و خواردن و ئاو و پێداویستیی سەرەتاییان گەیشتووەتێ و زیاتر لە 200 ئۆتۆمبێلی پێشمەرگەیش بە هانایانەوە چوون، بەردەوامیش ئۆتۆمبێلی تر بۆ دەرباز كردنی ئاوارەكانی شنگال دەچن".

(قەچاخ) گوتیشی، "پێشمەرگە بە ورەیەكی بەرزەوە بەردەوامە لە داكۆكیكردن لە خاكی خۆشەویستی كوردستان و بە رێژەیەكی یەكجار زۆریش كوڕانی باوەڕ بە نیشتمان و پێشمەرگە كۆنەكانیش بە خۆبەخش دێنەوە ریزەكانی پێشمەرگە و شانبەشانی پێشمەرگە لە سەنگەری بەرگرین لە كوردستاندان، ئەمە سەرەڕای پشتگیرییەكانی ئەمەریكا و كۆمەڵگای نێودەوڵەتییش كە دڵنیاین بە ماوەیەكی زۆر كەم بەسەر چەكدارە تیرۆریستەكانی داعشدا سەر دەكەوین."

ئەو هەروەها دڵنیاییشی دا، "دوابستی خاكی كوردستان لە دەستی تیرۆریستان دەردەهێنینەوە و  ئەو ئاوارانەش هەموویان دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و زێدی خۆیان و بارودۆخەكە زۆر لە پێشتر باشتر دەبێت".

فەرەیدوون ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار