بەشێكی گوندە عەرەبنشینەكان زانیارییان داوەتە تیرۆریستان.. فەرەیدوون جوانڕۆیی: بەم زووانە، داعش تێك دەشكێت

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی پارتی، باس لە دواگۆڕانكارییەكانی شەڕی نێوان پێشمەرگە و چەكدارە تیرۆریستەكانی داعش دەكات و دەڵێت، بەشێكی گوندە عەرەبنشینەكان زانیارییان داوەتە داعش و هاوكارییان كردوون. ڕوونیشی دەكاتەوە كە، بەم زووانە سەرجەم هێزی پێشمەرگە دەگەڕێنەوە ئەو شوێنانەی كە پێشووتر لێی بوون و داعش بە یەكجاری تێك دەشكێنن.
ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان (فەرەیدوون جوانڕۆیی) لە لێدوانێكدا بۆ KDP.infoگوتی، "دەبێت خەڵكی هەرێمی كوردستان ورەبەرز بن، ناكرێت فیشەكێك بتەقێت خەڵك ڕابكات و شوێنی خۆی جێ بهێڵێت، لە كاتێكدا ئێمە بە تۆپ لێمان دراوە، كیمیاویمان بەسەردا كراوە و بە فڕۆكە هێرشمان كراوەتە سەر و ورەمان بەرز بووە، ئێستایش چەند داعشێك بە چەكی سوپای عێراقەوە هاتووە و كۆمەڵێك هێرشی بچوكی كردووە، پێمان وابێت دەتوانێت نزیكی خاكی كوردستان بكەوێتەوە، لە كاتێكدا ئێمەی پێشمەرگە بە خۆمان و هاوسەنگەر و دڵسۆزەكانمانەوە بەردەوام دەبین لە بەرگریكردن لە خاك و نەتەوەی خۆمان، شانبەشانی ئێمەیش پێشمەرگەی دێرین و گەنجانی خۆبەخش پارێزگاری لە كوردستان دەكەن".
گوتیشی، "بەداخەوە بەشێك لەو گوندانەی تیرۆریستانی لێیە، پشتیان لە پێشمەرگە كردووە و زانیاریان بە داعش داوە و هاوكارییان كردوون، واتە داعش لە هێرشەكاندا بە تەنیا نەبووە و پێشوەختە لەلایەن لایەنگر و ئەندامانیانەوە لە گوندەكان پشتیوانییان لێ كراوە".
(جوانڕۆیی) ئەوەیشی خستە ڕوو كە، "بە پشتیوانیی خوا بەم زووانە سەرجەم هێزی پێشمەرگە دەگەڕێنەوە ئەو شوێنانەی كە پێشووتر لێی بوون".
کارزان هەورامی

__2021_04_03_h23m18s5__JH.jpg)


