جەمال مۆرتكە: داعش شكستی برد و پێشمەرگەیش ئاسۆیەكی ڕووناكی لە بەردەمە

هەولێر-KDP.info- پێشمەرگە و ئەندامی پەرلەمانی كوردستان (جەمال مۆرتكە) ڕایگەیاند، ئێستا دژی دوژمنانی كوردستان لە بەرەی شەڕدایە و دۆخەكەیش لە بەرژەوەندیی پێشمەرگە دەشكێتەوە. دەشڵێت، داعش شكستی بردووە و هێزی پێشمەرگەیش سەركەوتنی گەورەی تۆمار كردووە.
پێشمەرگە و پەرلەمانتاری كوردستان (جەمال مۆرتكە) لە بەرەكانی جەنگەوە بە KDP.info-ی گوت، "داعش بەرەو شكست دەڕوا و پێشمەرگەیش ئاسۆیەكی ڕووناكی لە بەردەمە، ئومێدەوارم تۆڵەی شەهیدان بە زووترین كات بكرێتەوە و بۆ جیهانیش بیسەلمێنین كە كوردستان خاكی پیرۆزە و هێڵی سوورە."
(مۆرتكە) دەڵێت، "ورەی پێشمەرگە بەرزە و هەڵەی تەکنیکی هەبووە، بەڵام كاریگەریی نەبووە و ئومێد زیاترە كە دۆخەكە لە بەرژەوەندیی پێشمەرگە كۆتایی بێت، هەروەها تیرۆریستانی داعشیش لە زۆربەی میحوەرەكان شكستیان بردووە و هێزی پێشمەرگەی كوردستانیش سەر كەوتووە."
ئەوەیشی خستە ڕوو كە، "لە ساڵی 2003ـدا قۆناخێك هاتە ئاراوە و گوتیان كورد كۆتایی پێ دێت، بەڵام بینیمان چۆن لە بەرژەوەندیی كورد شكایەوە، ئەوەی ئێستایش لە سنووری كوردستان ڕوو دەدات و پێشمەرگە بەرگری دەكات و هێرش دەبات، قۆناخی ڕزگاریی كوردستانە بۆ تەواوكردنی دەستكەوتەكانی ڕابردوو، بۆیە هەنگاوەكانی ئێستا لە بەرژەوەندیی كوردستان تەواو دەبێت، بەزاندنی سنوورەكانی كوردستانیش، بە لای كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و زلهێزانەوە، بووەتە هێڵی سوور لە ناوچەكەدا."
فەرەیدوون ئیبراهیم

__2021_04_03_h23m18s5__JH.jpg)


