مەكتەبی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان، ساڵیادی دامەزراندنی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان پیرۆز دەکات

بەڕێزان محەممەدی حاجی مەحموود سكرتێر و ئەندامانی سەركردایەتیی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان..
بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی حزبە تێكۆشەرەكەتان پیرۆزباییەكی گەرمی خەبات و تێكۆشان لە ئێوە و ئەندامان و لایەنگرانتان دەكەین، هیوادارین هەر بەردەوام و سەركەوتوو بن لە خەبات و تێكۆشانتان بۆ سەرخستنی دۆزی رەوای گەلەكەمان و بەدیهێنانی گشت مافەكانی.
ئێمە كاتێك ئەو یادە پیرۆز دەكەین و خەبات و فیداكاری و ئەو قوربانیانەی ئێوە بەهەند دەگرین، هاوكات بەهۆی رەوشی گرینگ و هەستیاری ئەمڕۆی ناوچەكە و گیانفیدایی و بەرگریی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە بەرەكانی شەڕدا دژ بە تیرۆریستان و دوژمنانی گەلەكەمان، وا پێویست دەكات زیاتر سوور بین لەسەر هاوخەباتی و یەكڕیزیی بۆ پاراستنی دەسكەوتەكان و رەوشی سەقامگیریی هەرێم.
هیوادارین هەموو لایەك بە هەمان رۆحیەتی هاوپەیمانییەتی و بەرپرسیاریەتی گەورەومێژوویی درێژە بە خەبات و تێكۆشان بدەین و كاربكەین بۆ تەختكردنی كۆسپ و تەگەرەكانی ئەو هەلومەرجە نالەبارەی ئەمڕۆ لەئارادایەو هەرێمی كوردستان بگەیەنینە كەناری ئارام وئاسوودەیی و دەستەبەر كردنی ئایندەیەكی رۆشنتروگەشتر.
جارێكی دیكە پیرۆزباییتان لێدەكەین و هەر سەركەوتوو بن....
مەكتەبی سیاسیی
پارتی دیموكراتی كوردستان
7/8/2014




