چنار سەعد: گفتوگۆمان لەگەڵ بەغدا، بەو واتایە نییە سەربەخۆییمان بیر چووبێتەوە
__2014_07_20_h15m51s37__LB.jpg)
هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان، دەڵێت، سەرۆكی هەرێمیش لە لێدوانەكاندا چەندان جار گوتوویەتی پابەندیی کورد بە دەستووری عێراقەوە، تا ئەو كاتەی کە دەرگەیەك هەبێت مافی كورد پێشێل نەكرێت و دەستوور جێبەجێ بكرێت، تا ئەو كاتەی ئومێد هەبێت و، بتوانریت بە شێوازێكی ئاشتایانە پێكەوەیی بپارێزن، گوتیشی، "كاتێك گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا دەكەین، واتای ئەوە نییە ئامانجی سەربەخۆییمان بیر چووبێتەوە."
ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان (د. چنار سەعد عەبدوڵڵا) لە لێدوانێكدا بۆ KDP.infoباس لە ڕۆڵی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكات و دەڵێت: "سەرۆكی هەرێمی كوردستان زۆر زیرەكانە توانیویەتی ئیدارەی ئەم قەیرانە لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستاندا بكات، بۆیە ڕۆڵی بەڕێزیان لە عێراقدا زۆر بەرز و گرنگ دەنرخێنرێت، چونكە خۆی یەكێك بووە لە ئەندامانی ئەنجوومەنی حوكم و خاوەنی پێشنیاز بۆ دەربازبوونی عێراق لە قەیرانەكان."
لەبارەی ناڕوونیی بەشداریكردن یان كشانەوەی كورد لە حكوومەتی بەغدا، (د. چنار) گوتی: "ئەوەی كە باس دەكرێت كورد وەزیرەكانی كشاندووەتەوە و ئێستا بۆچی بەشداری حكوومەت دەكاتەوە، ئەوە لە ڕاستییەوە دوورە و ئێمە لە حكوومەتی عێراق نەكشاوینەتەوە، بەڵكو هەڵوێستێك بەرانبەر بە لێدوانەكانی (نووری مالیكی) وەرگیراوە. هەروەها تا ئێستا هەرێمی كوردستان بە فەرمی خۆی لە عێراق جیا نەكردووەتەوە و جەنابی سەرۆكی هەرێمیش لە لێدوانەكاندا دەڵێت ئێمە پابەندین بە دەستووری عێراقەوە، بۆیە تا ئەو كاتەی دەرگەیەك هەبێت كە مافی كورد پێشێل نەكرێت و دەستوور جێبەجێ بكرێت، تا ئەو كاتەی ئومێد هەبێت، دەتوانین بە شێوازێكی ئاشتایانە پێكەوەیی بپارێزین."
ئەوەیشی خستە ڕوو كە "هەوڵی دیپلۆماسیی زۆر هەیە بۆ ئەوەی ئەو قەیرانەی عێراق چارە بكرێت تا ئەو ئومێدە بگەڕێتەوە و لە هەمان كاتدا لە هەوڵەكانمان بۆ گەڕانەوەی تەواوی خاكی كوردستان بەردەوام دەبین و هەوڵ دەدەین ئەو ناوچانە بگەڕێنەوە سەر هەرێمی كوردستان، هەرچەندە ئێستا بە واقیع گەڕاوەتەوە، بەڵام ماوەتەوە سەر ڕووە یاساییەكەی."
(چنار سەعد) دەشڵێت: "ڕیفراندۆم هۆكارێكە بۆ ئەوەی گرفتەكانمان بە شێوەی مەدەنی و یاسایی چارە بكەین، لە هەمان كاتدا دەبێت بودجەی پێشمەرگە دابین بكرێت."
لەبارەی مافی چارەنووسینیشەوە گوتی: "مافی چارەنووس ویستی خەڵكی كوردستانە، هیچ كاتێك بەشداریمان لە حكوومەتی عێراقدا كردبێت، وازمان لەو ئامانجە نەهێناوە، بۆیە پێویستە داواكانی ئێمە لە بەرچاو بگرن و ئێمەیش پابەندیی خۆمان دەپارێزین، هەروەها هەر كاتێك داواكانی ئێمە جێبەجێ نەكرێن، ئامادەین جیابوونەوەی خۆمان ڕابگەیەنین".
ئەو ئەندامەی سەركردایەتیی پارتی دەڵێت: "ئێستا هەرێمی كوردستان زۆر بەهێز بووە، چونكە ئەوەی بە هێزی پێشمەرگە كراوە بە سوپای عێراق نەكراوە و ئێمە توانیومانە بەشێكی زۆری ناوچەكانی خۆمان بپارێزین، هەروەها سەدان هەزار ئاوارە هاتوونە هەرێمی كوردستان و ئێمە بووینەتە خاوەن ماڵ و لە ئاستی نێودەوڵەتییشدا پێگەمان زۆر باشە".
گوتیشی: "هەرێمی كوردستان هەمیشە لەگەڵ ئاشتیدایە، ئەوەی پشگیری لە ئاشتییش دەكات براوەیە و ئەوەی شەڕ دەكات دۆڕاوە، ئێمە نامەوێت ستەممان لێ بكرێت و لە كەسیشی قبووڵ ناكەین".
ئەوەیشی ڕوون كردەوە كە كورد یاریی سیاسی دەكات، كێ لە یاری سیاسیدا توانی ئیدارەی قەیران بكات و مافی نەتەوەیی بە دەست بهێنێت، سەركەوتووە.
سەرکەوت حەسەن

__2021_04_03_h23m18s5__JH.jpg)


