هێمن هەورامی: تورکیا دەروازەی ستراتیژیمانە

هەولێر- KDP.info- بەرپرسی بەشی پێوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان(ھێمن ھەورامی)، تورکیا وەک "دەروازەی ستراتیژی" ناو دەبات. بە بۆچوونی ئەو، زۆر وڵات بڕیاری خۆیان لەمەڕ کوردستان بە گوێرەی ھەڵوێستی تورکیا دیاری دەکەن. (هەورامی) دەڵێ، کوردستان، ھۆکارێکی سەقامگیریی تورکیایە و دراوسێیەکە کە لە مسۆگەرکردنی ئاساییشی وزەدا بەشداری ھەیە. گوتیشی کە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوایان لێ دەکات پێوەندییەکی باشیان لەگەڵ تورکیادا ھەبێت.
لە دیمانەیەکیدا کە کەناڵی "ئەلجەزیرە تورك" لەگەڵیدا سازی داوە، بەرپرسی بەشی پێوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان(ھێمن ھەورامی)، دواڕەوشی سیاسی و ئەمنیی عێراق و ناوچەکە و پێوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، هاوکات ڕۆڵی داعش لەو نێوەدا، هەروەها پرسی بڕیاردان لە مافی چارەنووس دەخاتە بەر باس.
(هەورامی) دەربارەی ئەو بژاردانەی کە سەرکردایەتیی سیاسیی کورد کاریان لەسەر دەکات، دەڵێت، "یەکەم بژاری بەر دەستمان، بژاری Aیە، ئێمە ناتوانین بەشێک لەو دەوڵەتە لاواز و شکستخواردووە بین. ئێمە پێویستیمان بە داھاتوویەکی باشتر ھەیە. مافی دیاریکردنی چارەنووسمان. ئەمە بۆ تەواوی خەڵکی کوردستان دەڵێم. چونکە لێرەدا تەنیا کورد بوونیان نییە؛ لە کوردستان، تورکمان، عەرەب و کریستیانیش دەژین. واتە ئەمە دەوڵەتێکی نەتەوەیی بۆ تاکە نەتەوەیەک نییە، وڵاتێکە کە لە ناویدا ھاووڵاتیان دەژین. ئێمە لەو کاتەوە کە سەرۆک (بارزانی) لە پەرلەمان داوای ریفراندۆمی بۆ ناوچە تازە ئازادکراوەکان کرد، دەستمان بە کارکردن لەسەر ئەم بژارە کرد."
دەقی دیمانەکە:
* بژارەکانی بەردەم کوردستانی عێراق چین؟ چ بژارێک، چ کاتێک و لە چ ھەلومەرجێکدا ھەڵدەبژێردرێت؟
(هێمن هەورامی)- بەرلە باسکردنی بژارەکانی بەردەممان، پێویستە لە مێژوو بڕوانین، چونکە رەوشی ئێستامان لە راستیدا ئەنجامێکە. ئێمە نیمچە سەربەخۆ بووین، بەڵام قبووڵمان کرد ببینە بەشێک لە عێراقی نوێ. لە کاتێکدا سوننەکان و شیعەکانیش خوازیار نەبوون، پێشمەرگە سوپای نوێی عێراقیان دامەزراند. ئێمە قبووڵمان کرد بەشێک لەم عێراقە نوێیە بین، بەڵام ھەڵبەتە مەرجی خۆمان ھەبوو. ویستمان ھەندێک لە بناخەکانی ئەم سەردەمە نوێیە پێک بھێنین. فرەیی، سیستمی فیدراڵ، تەوافوق، حکوومەتی گشتگیر، پێڕەوکردنی دەستوور و کۆتاییھێنان بە تاک حیزبی، تاک کەسی و تاک مەزھەبی. واتە داوامان کرد سەردەمی سەددام بە تەواوەتی کۆتایی بھێندرێت، بەڵام ئێستا چیمان بە دەستەوەیە؟ مەبەستم ماوەی نێوان 2003 و 10ی حوزەیرانە، چونکە لە 10ی حوزەیرانەوە، عێراقێکی تەواو جیاواز لە بەرامبەرمانە. لەم ماوەیەدا، 11 ساڵی تەواو چاوەڕوانی جێبەجێبوونی ئەم ھاوکێشەیەمان کرد، بەڵام لە کۆتاییدا چیمان بەدەست ھێنا؟ دەستوور وەلاوە نرا، سوننەکان پەڕاوێز خران، کورد بێدەسەڵات کرا، سوننە میانڕەوەکان کرانە دەرەوەی وڵات و شیعە میانڕەوەکان بەبیانی کران. بۆ سەردەمی سەددام حوسێن گەڕاینەوە. بۆ حکوومەتی کەسێک لە نێو حیزبێکدا. ھەرەمێک دامەزرێندرا، لە سەروویەوە کەسێک بە ناوی (مالیکی) دانیشت. وەک پیاوێکی دەوڵەت ھەڵسوکەوتی نەکرد، ئەو ھەرەمەی بۆ خۆی دروست کرد، بەم ھۆیەوە بووە سەرۆکی دەزگای ھەواڵگری، سەرۆکی ئەرکانی سوپا، سەرۆکی سیستمی ئاسایش؛ ئابووریشی لە دەوری ئەم ھەرەمە دامەزراند. خۆی بە شێوەیەک جێگیر کرد کە بووە کۆڵەکەی ئەو کەشە سیاسییە. ئەگەر لە سیستەم دەربھێندرێت، ھیچ دەوڵەتێک نامێنێت. بەم ھۆیەوە دوای خولی یەکەمی سەرۆکایەتی، لە خولی دووەمدا پێداگری کرد و ئێستاش لە خولی سێیەمدا پێداگرە. (مالیکی) نەبێت، عێراقیش نابێت. ئەمە رەوشی گشتیی عێراقە.
* پێوەندیی ھەولێر و بەغدا چۆنە؟
(هێمن هەورامی)- ماددەی 140ـی دەستوور ھەیە کە جێبەجێ نەکرا. داوامان کرد یاسای نەوت و گاز، بە گوێرەی سیستمی فیدراڵی ھەموار بکرێت، ئەوان ویستیان یاسایەک دەربکەن کە گوایە تاکە ناوەندێکمان ھەیە. داوای سەرژمێریمان کرد، رێگەیان نەدا، داوامان کرد پێشمەرگە بەشێک لە سیستمی بەرگری بن، دژایەتیان کرد. بە ھۆی تەواوی ئەمانەوە، لە تەواوی پرسەکانی نێوان کوردستان و بەغدا، دەستوور پێشێل کرا و بە چاوی ھاوبەش لە ئێمەیان نەڕوانی. لە رەوشی بەغدا بڕوانن، ئەگەر سیاسەتی پەڕاوێزکارانەی (مالیکی) نەبوایە، داعش نەیدەتوانی مووسڵ داگیر بکات. سیاسەتی پەڕاوێزکارانە و مەزھەبگەرا بە پێچەوانە کەوتەوە و لە لایەکەوە سوننە توندڕەوەکان و لە لایەکی دیکەوە شیعە توندڕەوەکان گەورە بوونەوە. سوپاش ھەڵدەوەشێتەوە. خودی (مالیکی) ئێستا باس لە پێکھێنانی سوپایەکی ھاوتەریب دەکات. مەبەستی لە سوپای ھاوتەریب چییە؟ چەکدارە شیعەکان. چونکە لەو باوەڕەدان کە سوپای عێراق ناتوانێ لە بەرامبەر توندڕەوە سوننەکاندا بەرگری لە خۆی بکات، بەم ھۆیەشەوە لە بەرامبەر سوننە چەکدارەکان، داوای چەکداری شیعە دەکات. ئەمە ھەتا 9ی حوزەیران بەم چەشنە بوو.
*10ی حوزەیران چی رووی دا؟
(هێمن هەورامی)- 9ی حوزەیران خەوتین و 10ی حوزەیران وەخەبەر ھاتین و بەرلەوەی نانی بەیانی بخۆین، ھەستمان کرد لەگەڵ عێراقێکی جیاواز رووبەڕووین. شەوێک پێشتر، سنوورێکی 1050 کیلۆمەتریمان لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی ھەبوو، کاتێک بەیانی وەخەبەر ھاتین، بینیمان ئەم سنوورە تەنیا 15 کیلۆمەتری ماوە. 1050 کیلۆمەتر لەو سنوورەمان، لەگەڵ دەوڵەتێکی نوێ بوو کە بە دەوڵەتی ئیسلام ناو دەبرێت. لە رابردوودا ئێمە و عێراق بووین، ئێستا ئێمە و دەوڵەتی ئیسلامی و عێراق.
ئێستا راستییەکی نوێ ھەیە. لە بەغدا دەوڵەتێکی لاواز و شکستخواردوو ھەیە، بەڵام ئێستا رەوشێکی نوێ ھەیە، لە ژیانی شەش میلیۆن کەس بەرپرسین.
* دانیشتوانی کوردستانی عێراق بە تەواوەتی چەندە؟
(هێمن هەورامی)- لەگەڵ کەرکووک و ناوچەکانی دیکە، نزیکەی شەش بۆ حەوت میلیۆن. ھەروەھا 250 ھەزار پەنابەری سووری ھەن. پێشتریش 350 ھەزار عێراقی ھەبوون کە لە ناوخۆی وڵاتەوە کۆچیان کردبوو. ئێستاش لە شارەکانی دیکەی عێراقەوە خەڵک دێن. واتە حەشیمەتمان نزیکەی یەک میلیۆن زیادی کردووە. ئێستا وەک سەرکردایەتییەکی بەرپرس لە نەخشە دەڕوانین، لە ئاساییشی نەتەوەییمان دەڕوانین و دەبینین کە 1050 کیلۆمەتر سنوورمان لە لایەن پڕمەترسیترین رێکخراوی تیرۆریستییەوە ھەڕەشەی لێدەکرێت. لە باکوور داعش ھەیە و لە باشووریش… پێمان ناڵێن جیاوازیی نێوان عەسایب ئەهلولحەق و داعش چییە؟ واتە (مالیکی) ھەیە، پێوەندیگەلێک کە ماوەی 11 ساڵە پێش نەکەوتوون، ماوەی شەش مانگە بەشە بودجەی خۆمان بۆ نایەت. ھیچ کەس باسی ئەمە ناکات، نە شیعەکان و نە سوننەکان. تەنانەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاشەوە ھیچ روونکردنەوەیەک لەمەڕ شەرمەزارکردنی ئەمە نەھات. بۆیەش ئێستا وەک سیاسەتوانێک کە بەرپرسیارێتیمان لەسەرە، بۆ گەلەکەمان، بۆ کوردستان، بۆ ناوچەکە و بۆ دیموکراسیخوازەکانی جیھان، دەبێ بیر لەوە بکەینەوە کە باشترین بژار چییە.
* بژارەکانی بەر دەستتان چین؟
(هێمن هەورامی)- یەکەم بژاری بەر دەستمان، بژاری Aیە، ئێمە ناتوانین بەشێک لەو دەوڵەتە لاواز و شکستخواردووە بین. ئێمە پێویستیمان بە داھاتوویەکی باشتر ھەیە. مافی دیاریکردنی چارەنووسمان. ئەمە بۆ تەواوی خەڵکی کوردستان دەڵێم. چونکە لێرەدا تەنیا کورد بوونیان نییە؛ لە کوردستان، تورکمان، عەرەب و کریستیانیش دەژین. واتە ئەمە دەوڵەتێکی نەتەوەیی بۆ تاکە نەتەوەیەک نییە، وڵاتێکە کە لە ناویدا ھاووڵاتیان دەژین. ئێمە لەو کاتەوە کە سەرۆک (بارزانی) لە پەرلەمان داوای ریفراندۆمی بۆ ناوچە تازە ئازادکراوەکان کرد، دەستمان بە کارکردن لەسەر ئەم بژارە کرد. لە ریفراندۆمدا پرسیار دەکرێت کە ئایا دەتانەوێ بەشێک لە کوردستان بن؟ چونکە ئێمە نامانەوێ ھیچ بەسەر ئەو ناوچانەدا بسەپێنین. لەم ریفراندۆمەدا گەڕەک بە گەڕەک بیرۆکەی خەڵک دەپرسین، بەڵکو ناوەندی شوێنێک بیانەوێ بەشێک لە کوردستان بن، بەڵام گەڕەکێکی نەیانەوێ، ئەو کاتە بۆچی پێشمەرگە بۆ ئەو شوێنانە بنێرین کە نایانەوێ بەشێک لە کوردستان بن؟ بەڵکو ھەندێک بیانەوێ بەشێک لە تکریت بن. ئێمە بۆ تەواوی ئەم خواستانە کراوەین و رێزمان بۆیان ھەیە.
*ئەگەر لە ریفراندۆمدا بگوترێت کە دەمانەوێ بەشێک لە کوردستان بین، چی بەسەر ئەو گرووپانە دێت؟
(هێمن هەورامی)- بەڵام دوای ئەنجامدانی ئەم ریفراندۆمە، دەزانین کە ئەمە بۆ تورکەکان گرینگە و لەگەڵ دۆستە تورکەکانمان بەردەوام لە راوێژداین. کوردستان ھەر کاتێک باس لە کەمینەکانی دیکە بکرێت، کراوە بووە و ھەر کراوە دەمێنێت. بەم ھۆیەوە ئێستا لە پەرلەمان بۆ ئەوەی ئەم کەمینانە خاوەنی ماف و بەرپرسیارێتیی خۆیان بن، بۆ مسۆگەرکردنی ئەم مافانە، یاسا دەردەکەین. لە راستیدا تەنانەت ناڵێین کەمینە، تاکە تاکە تەواوی کۆمەڵگەکان. وەک چۆن کوردێک دەتوانێ ببێتە سەرۆکوەزیرانی ئەم وڵاتە، تورکمانێکیش ئەگەر دەنگی پێویست بھێنێت، دەتوانێ سەرۆکوەزیران بێت. ئەگەر کەرکووک دەبێتە بەشێکی کوردستان، ئامادەین ستاتوسی تایبەت بە کەرکووک بدەین. ھیچ ناڕەزایەتییەکمان نییە کە تورکمانێک ببێتە پارێزگار و عەرەبێک ببێتە بەرپرسی ئاساییشی کەرکووک. بۆ ئێمە، سەقامگیری و پێکەوەژیان گرینگە. مرۆڤەکان دەبێ بزانن لەگەڵ کوردستان ژیانێکی باشتریان دەبێت و دەبن بە ھاوبەشی میکانیزمێکی بڕیاردانی راستەقینە کە کەرامەتیان بپارێزرێت. پەرلەمان کار لەسەر ھەموارکردنی یاسایەکان لە پێناو بەرقەرارکردنی ئەمانەدا دەکات. ئەمڕۆ پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر دەسەڵاتە، بەڵام بەڵکو سبەی حیزبێکی دیکە بێت. گۆڕانکارییەکی وەھا لە یاسایەکاندا دەکەین کە مافەکان دەستەبەر بکرێن.
* لە دوای ریفراندۆم؟
(هێمن هەورامی)- با بڵێین لەم ریفراندۆمەدا خەڵکی بڕیاریان دا بەشێک لە کوردستان بن، ئەو کاتەش پرسیار دەکەین کە بۆچی دەسەڵاتیان بە سەرکردایەتی داوە. دەیانەوێ دەوڵەتێکی سەربەخۆ بن یانیش لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی سەربەخۆدا دەیانەوێ کۆنفیدراسیۆنێک لەگەڵ عێراق بن.
* سەربەخۆیی لە چوارچێوەی کۆنفیدراسیۆندا بە چ واتایەکە؟
(هێمن هەورامی)- دەوڵەتێکی دەسەڵاتدارن، بەڵام لە پێناو كۆنفیدرالیدا، واز لە ھەندێک لە مافەکانی دەسەڵاتداری دەھێنن. بۆ نموونە، لە نەتەوەیەکگرتووەکاندا کۆنفیدراسیۆنی عێراق، وەک کۆنفیدراسیۆن نوێنەرایەتی دەکرێت، بەڵام وەک کوردستان، ھەروەک سکوتلەندا، ھەڵبژاردەی نەتەوەییمان دەبێت و لە جامی جیھانیدا بەشداری دەکەین. لەگەڵ سندووقی نێودەوڵەتیی دراو دەتوانین رێککەوتننامە واژۆ بکەین، لە سیاسەتی دەرەوەدا ھەندێک سەربەخۆییمان دەبێت. ئەمە بژاری Aیە.
*بژاری Bچییە؟
(هێمن هەورامی)- ھاوکات لەگەڵ بژاری A، بژاری Bھەیە کە ھاوکات لەگەڵ ئەو پێش دەخرێت. لێرەدا برا سوننە و شیعەکانمان لە بەرامبەر ئەم رەوشە مەترسیدارەدا بەجێ ناھێڵین. لەم رەوشەدا بۆ گەیشتن بە رێگەچارەیەک، ئەوەی لە دەستمان بێت دەیکەین، بەڵام لە دوای 10ی حوزەیرانەوە، عێراقێکی نوێ ھەیە و مەرجەکانیشی دەبێ نوێ بن. رەوشی سیاسیی بەغدا دەبێ بەردەوام بێت، ئێمە ئەم رەوشە بایکۆت ناکەین و بەجێی ناھێڵین، بەڵام بۆ ئەمە (مالیکی) دەبێ بڕوات. (مالیکی) و ھەرەمەکەی ئەو. یەکێک لەو ھەرەمەش نابێ بێتە جێی (مالیکی). لە بەغدا پێویستیمان بە گۆڕانکارییەک ھەیە. گەلۆ بەغدا بۆ ئەم گۆڕانکارییە ئامادەیە، ئەمە پرسیارێکی زۆر زەحمەتە. پەرلەمان ناتوانێ کۆ ببێتەوە، سەرۆکی پەرلەمان ھەڵنابژێردرێت. بەم ھۆیەوە کار لەسەر بژاری Aدەکەین، چونکە بژاری Bداھاتوویەکی روونی نییە.
بەڵام تەنانەت ئەگەر بژاری Aجێبەجێ بکەین، لێرە دەمێنین و نامانەوێ دوژمنایەتیی سوننە و شیعەکان بکەین. لەجیاتی ئەوەی لەسەر سنوورەکانمان دراوسێی داعش بین، ھەڵبەتە خوازیارین دراوسێی دەوڵەتێکی میانڕەوی سوننە بین. بەم ھۆیەوە پێوەندییەکانمان ناپچڕێنین و کار بۆ بژاری Bدەکەین. بەردەوام لێرە دەمێنین، واتە ناتوانین ئێرە چۆڵ بکەین. ھەڵبەتە ھەندێک لایەنی ئەم کێشەیە کار دەکەنە سەر ئێمەش و بەم ھۆیەوە ناڵێین ئەمە کێشەی بەغدایە و خۆمان لە لایەن بوەستین.
* بەڵام رۆیشتنی (مالیکی) یان پێکھێنانی دەوڵەت لە ماوەیەکی کورتدا زۆر مومکین نییە.
(هێمن هەورامی)- ئەو کاتە ئێمەش خۆمان دەدەینە بژاری A. دەزانن کە پێگەی ئێمە ئیتر روونتر دیارە. کورد بەرپرسی ئەم رەوشە نین. لەم کاتەدا کورد بۆ رووداوەکان تۆمەتبار ناکرێن. بەغدا لە ئێمە دوور کەوتەوە، بەغدا نەیویست لەگەڵ دەوڵەتی فیدراڵی کورد بێت. کوردەکان خواستی خۆیان بۆ بوون بە بەشێک لە عێراقیان وەلاوە نا. ئەگەر بچن بۆ ماڵێک و لەو ماڵەدا سووکایەتیتان پێبکرێت، چی دەکەن، دەچن و ماڵێکی نوێ بۆ خۆتان دەکەن.
* رای گشتیتان چی دەڵێت؟
(هێمن هەورامی)- ئێمە مافی چارەی خۆنووسینی پێدەڵێین، چونکە لێرەدا (بارزانی)، پارتی دیموکراتی كوردستان یان حیزبێکی دیکە بڕیار نادات، خەڵک بڕیار دەدەن. لە دوای ساڵی 1991ەوە، دوو نەوە پێگەیشتن و بە کەمتر لە سەربەخۆیی رازی نین. سەرکردایەتی لە ژێر گوشارێکی زۆری رای گشتیدایە. دەپرسن کە بۆچی ئێستا سەربەخۆیی راناگەیەنن. تەنانەت بۆ ماوەی 11 ساڵی رابردووش تۆمەتبار دەکرێین.
*بۆچی ناڵێن سەربەخۆیی و "مافی چاری خۆنووسین" بە کار دەھێنن؟
(هێمن هەورامی)- چونکە ھێشتا دیار نییە خەڵک چی دەڵێن. بەڵکو بڵێن "نەخێر پێویست نییە." بەڵکو بڵێن "دەی با سەربەخۆ بین، بەڵام پێنج ساڵ دواتر" یانیش "دواھەل بە عێراق بدەن و ئەگەر لە ماوەی ساڵێکدا ئەمە و ئەوە نەکەن، سەربەخۆ دەبین."
بە کاتێکی زۆر ھەستیاری مێژووی خۆماندا تێدەپەڕین. کاتێکی وایە کە تەنیا سەرکردایەتی ناتوانێ بڕیار بدات، دەبێ خەڵک ئەو دەسەڵاتەتان پێ بدەن.
* بەڵام وا دەگوترێت ئەو پشتیوانییەتان پێنەدراوە کە داواتان لە ئەمەریکا کردووە.
(هێمن هەورامی)- راوێژکردنمان بە دۆستەکانمان زۆر گرینگە. وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لێرە بوو، شاندی ئێمە سەردانی واشنتۆنی کرد. سیاسەتی پێنج ساڵ لەمەوبەری ئەمەریکا، سیاسەتی عێراقی یەکپارچە بوو، بەڵام ئێستا راستیی نوێ ھەن. ئێوە ناتوانن ھەمیشە ھەلومەرجەکان دروست بکەن، ھەندێک جار رەوشی نوێ دێتە ئاراوە و ئێوەش ھەوڵ دەدەن کاریگەریتان لەسەریان ھەبێت. بۆ ئەمەریکا و وڵاتانی دیکە، پێنج ساڵ لەمەوبەر ھەلومەرجەکان جیاواز بوون، بەڵام ئێستا بەھێزترین رێکخراوی تیرۆریستیی جیھان، پارچەیەک خاک کۆنتڕۆڵ دەکات. ئەم ناوچەیە لە تکریت و دیالەوە بۆ دێرزور و حەلەب و ئیدلیب دەڕوات. ئەو ناوچەیەی داعش کۆنتڕۆڵی کردووە، پێنج ئەوەندەی تەواوی لوبنانە. ئەم ناوچەیە، تیرۆریستە نێودەوڵەتییەکان بۆ لای خۆی رادەکێشێت. ئێستا چەکیان ھەیە، زۆر بەھێزن، ھێرشی خۆکوژییان ھەیە، پارەیان ھەیە.
ئەم پێشڤەچوونانە زۆر خێرا بوون. واشنتۆن پێشینەی خۆی ھەیە. ستراتیژیی کشانەوە لە عێراق ھەیە. لە رۆژەڤی ئەواندا، پرسی فەلەستین و عەرەب ھەیە، ئاسیا ھەیە. واتە لە عێراق لایەنگری رەوشی پێشوون، بەڵام داینەمۆیەکان گۆڕان و ھەڕەشەی نوێ ھەن. دەیانەوێ دواھەل بە بەغدا بدەین. بەم ھۆیەشەوە داوایان لێ کردین سەرکردایەتیی رزگارکردنی بەغدا بکەین. ئەمەریکا ھەرچەندە پشتگیری لە بژاری یەکەم، مافی چاری خۆنووسین نەکرد، بەڵام رەتیشی نەکردەوە. رەنگە لە کات و میکانیزمەکەی نیگەران بن، ئەمەش مافی خۆیانە. دەبێ لە واشنتۆنەوە لە ئەمەریکا بڕواندرێت نەک ھەولێر. لە بەرامبەر ئەواندا دەبێ واقیعبین بین، بەڵام ئەوانیش بەرامبەر ئێمە دەبێ واقیعبین بن. ئێمە نابینە قوربانیی داھاتوویەکی نادیار.
* بە بڕوای ئێوە، ئەوەی داعش پێی گەیشتووە، بەردەوام دەبێت؟
(هێمن هەورامی)- بەڵێ. بۆچی؟ چونکە تاکە ھێز کە ئەوان لەو ناوچانە دەربکات، خودی سوننەکانن. ئەمە کەی دەکەن؟ کاتێک بەغدا وەک ھاوبەشی راستەقینە لێیان بڕوانێت. بەغدا ئەمە دەکات؟ بەغدا لە رابردوودا نیشانی دا کە لەمەدا سەرکەوتوو نەبووە. کێ داعش ناکاریگەر دەکات؟ (مالیکی) کە نەیتوانی لە نزیک بەغدا، لە فەللوجە دەریان بکات؟ لە مانگی کانوونی دووەمەوە لە فەللوجەن. مووسڵ 12 ئەوەندە لە فەللوجە گەورەترە. ئێمەش لە مووسڵ لەگەڵ داعش شەڕ ناکەین، چونکە لەگەڵ سوننەکان شەڕ ناکەین، بەتایبەتیش بۆ سەرۆکوەزیرانێکی شیعە لە بەغدا. ئەگەر سوننەکان بڕیاری جەنگ لەگەڵ داعش بدەن، بۆ یارمەتیدانی ئەوان، ھەرچیمان لە دەست بێت، دەیکەین. لە شەڕی ئەوان لەگەڵ تیرۆریزمدا یارمەتییان دەدەین. داعش دەمێنێت. ئەمە ھەڕەشە لە ئاساییشی نێودەوڵەتی دەکات؟ ھەڵبەتە. ھەڵسوکەوت لەگەڵ داعش یان عێراق کە دەوڵەتێکی لاوازە باشترە: یانیش رێککەوتن لەگەڵ کوردستانێکی سەربەخۆی عێراق کە جێی متمانەیە، رێز لە مافی کەمینەکان دەگرێت، گرینگی بە پێکەوەژیان دەدات، پەرە بە دیموکراسی دەدات، لە ئاساییشی وزەدا بەشدارە و توانای ھەیە بەشدارییەکی زیاتری ھەبێت و بازاڕێکی روو لە گەشەی ھەیە؟
* ھەڵوێستی تورکیا بەرامبەر خۆتان چۆن ھەڵدەسەنگێنیت؟
(هێمن هەورامی)- لە تورکیا بڕوانن. بە ھۆی داعشەوە، ھەڵاوسان نزیکەی سەدا یەک بەرز بووەوە. قەبارەی بازرگانی لە نێوان عێراق و تورکیادا دابەزی. لە رابردوودا عێراق بۆ تورکیا، دووەمین ھاوبەشی بازرگانی بوو، ئێستا سێیەمە. لە راستیدا ھەموو کەس لە تورکیا دەڕوانێت. تورکیا لە بەرامبەر پرسی کوردستاندا چی دەکات؟ بۆ ئێمە، تورکیا دەروازەی ستراتیژییە. ھەموو کەس لە تورکیا دەڕوانێت، تورکیا چ کاردانەوەیەکی بەرامبەر کوردستان دەبێت؟
تورکیا ئەندامێکی ناتۆیە، پاڵێوراوی ئەندامێتی یەکیەتیی ئەورووپایە، مۆدێلێکی سەرکەوتووی دیموکراسییە. پێشنیازی ھەموو کەسیش، نزیکایەتی و پێوەندی باش لەگەڵ تورکیایە.
ماوەی دە ساڵە لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کار دەکەم. پێوەندییەکانمان لەگەڵ تورکیا زۆر نزیکن، بە ھۆی نزیکیی زۆرمان، ھەندێک کەس ئاواتی پێدەخوازن و دەپرسن کە بۆچی لەگەڵ تورکەکان ئەوەندە بەرەوپێش چووین. رەنگە ئەنجامدەرانی ئەمە، نایانەوێ تورکیا لە ناوچەکەدا بەھێز بێت. چونکە پێوەندیی بەھێزی تورکیا و کوردستان، تورکیایش بەھێز دەکات. پاراستنی ھاوسەنگیی نێوان عێراق و کوردستانیش تورکیا بەھێز دەکات. ئابووریی تورکیا بەھێزتر دەبێت. ئاساییشی وزەی تورکیا پتەوتر دەبێت.
ھەست دەکەم تێڕوانین و ھەڵوێستی تورکیا بەرامبەر کوردستان گۆڕاوە. ئەم گۆڕانکارییە ھەستی پێ دەکرێت. دە ساڵ لەمەوبەر، تورکیا وەک سەرچاوەیەکی ھەڕەشە لە کوردستانی دەڕوانی، بەڵام ئێستا نەک ھەر ھەڕەشە نییە، بەڵکو بە پێچەوانەوە سەلماندی کە ھۆکاری سەقامگیرییە.
* با بڵێین سەربەخۆ بوون، کوردەکانی سووریا بە ھۆی رەوشی خۆیان، رەنگە لە دەرگای ئێوە بدەن. ئەو کات چی دەکەن؟
(هێمن هەورامی)- نەخێر، نەخێر… کوردستانی عێراق، بۆ کوردستانی عێراقە. پرسی کورد، دەبێ لە چوارچێوەی خاکی سووریادا چارە بکرێت. چونکە خەڵکی سووریا بڕیار لەسەر ئەمە دەدەن. ناتوانین ئەوەی لە کوردستانی عێراق دەکرێت، دەقاودەق لە سووریا جێبەجێ بکەین. کەشی سیاسیی جیاواز ھەیە. لە رووی ئابووری و سەربازییەوە جیاوازن. لە رووی کولتووریشەوە جیاوازن، بەڵام ئێمە بۆ پرسی کورد، رێگەچارەیەکی راستەقینەمان لە سووریا دەوێت. ئەمەش لە چوارچێوەی ئۆپۆزیسیۆنی سووریادا بە ھەماھەنگی دەکرێت یانیش لە رێی دانوستان لەگەڵ رژێم. ئەگەر خەڵکی سووریا بڕیاری فیدراڵیزم بدەن، کوردەکانی سووریا دەبێ بەشێکی بن. ئەگەر عەلەوییەکان بڕیار بدەن دەوڵەتی خۆیان ھەبێت، سوننەکانیش لە دیمەشق، کوردەکانیش دەبێ بڕیاری خۆیان بدەن. بە شێوەیەکی روون دەبێ بڵێم کە رۆژەڤێکی شاراوەمان نییە، پلانێکی بەرفراوانکردنمان نییە، چونکە واقیعبینین. پارچەبوونی عێراق، خۆبەخۆ روو دەدات. بۆ ئەمەش ناچارین سنوورداری بکەین. واتە ئەگەر لە بژاری مافی چارەی خۆنووسینیشەوە بڕۆین، ئەمە تەنیا بۆ کوردستانی عێراقە.
*کوردستانی عێراق بە سنوورە سرووشتییەکانی خۆی گەیشت؟
(هێمن هەورامی)- دەتوانم بڵێم. ھەندێک ناوچەی بچووک ھەن، وەک سەعدییە. ئێرە وەک جوگرافیا، بەشێک لە کوردستان بوو، بەڵام بە ھۆی سیاسەتی بەعەرەبکردن، تەنیا سەدا بیست کوردی لێ ماوە و لە ژێر کۆنتڕۆڵی داعشە.
وەرگێڕانی- شوان تاڤینگ

__2021_04_03_h23m18s5__JH.jpg)


