زانیاریی تەواو لەسەر تێكدانی بۆرییە نەوتییەكانی كەركووك هەبووە

كەركووك-KDP.info- بەرپرسی لقی سێی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركووك، باس لە پاراستنی بۆرییە نەوتییەكانی كەركووك لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە دەكات و دەڵێت، "زانیاریی تەواو لەسەر تێكدانی بۆرییە نەوتییەكان هەبووە."
بەرپرسی لقی سێی پارتی دیموركاتی كوردستان لە كەركووك (محەممەد كەمال) بۆ KDP.infoگوتی: "دوای ئەوەی زانیاری دراوەتە وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان كە پیلانێك بۆ تێكدانی بۆریی گواستنەوەی نەوتی كەركووك بۆ خورماڵ هەیە، لە كاتێكدا پێشووتر بڕیار هەبووە نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بۆرییەكانی نەوتی كەركووكەوە ڕەوانەی دەرەوە بكرێت، لە هەمان كاتدا لە پێناوی ئەوەی ئەو بۆرییە نەوتیانە نەكەوێتە دەست داعشەوە وەك بۆرییە نەوتییەكانی دیكە كە ئێستا لە ژێر هەڕەشەدان، بۆیە هێزی پێشمەرگە بۆ پاراستنی ئەو بۆریانە ڕەوانە كراوە، كە ڕاستەوخۆ وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان كۆنتڕۆڵیان كردووە و ئەوان پاراستنیان دەخەنە ئەستۆی خۆیان، كەچی بەغدا لە جێگەی دەست خۆشی دەڵێت كە میلیشیا دەستی بەسەر بۆرییە نەوتییەكاندا گرتووە."
(محەممەد كەمال) گوتیشی: "دەبێت بە عەڵقییەتی (مالیكی) بیر نەكەینەوە و نایشكرێت چاوەڕانی بەغدا بین تا فەرمانمان پێ بكات، خۆ ئەگەر كەسانی دیكەیش لە كەركووك بە شێوەی دیكە بیر دەكەنەوە، ئەوە هەڵەیە و دەبێت بیر لەوە بكرێتەوە ئەم هێزە ئەركی پاراستنی بۆرییە نەوتییەكانە، چونكە هەموو كەركووك بە دەست هێزی پێشمەرگەوەیە و ئەم هێزە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدایە."
لەبارەی دەنگۆی ئەوەی سامانە سرووشتییەكان بە كارمەندانی ئەو پاڵاوتەیەی گوتبێت كێ بەو بڕیارە ڕەزامەند نییە با جێی بهێڵێت، بەرپرسی لقی سێی پارتی دەڵێت: "هاتنی جەنابی سەرۆكی هەرێم بۆ كەركووك بۆ گەیاندنی پەیامی ئاشتی بوو و ئێمەیش لەسەر ئەو پەیامە دەڕۆین، بۆیە كارمەندانی ئەو پاڵاوتەیە برا و خزمی ئێمەن و ڕێز لە كار و ماندووبوونیان دەگرین، كەسیش دەرنەكراوە و لە ڕاستییەوە دوورە."
سەرکەوت حەسەن

__2021_04_03_h23m18s5__JH.jpg)


