١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
مەکتەبی سياسی

چەسپاندنی كۆڵەگەكانی دیموكراسی و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی هاووڵاتیان دووپات كرایەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-شاندێكی باڵای ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارێزگای هەولێری پارتی دیموكراتی كوردستان، سەردانی پەرلەمانی كوردستانیان كرد و لە دیدارێكدا ئەوە خرایە ڕوو كە پێویستە بە هاوكاریی هەمووان، كار بۆ چەسپاندنی كۆڵەگەكانی دیموكراسی و گەشەپێدان و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بكرێت.

 

ئەمڕۆ10/7/2014 دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان پێشوازییان لە بەرپرسی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارێزگای هەولێری پارتی دیموكراتی كوردستان (كاكەمین نەجاڕ) و شاندێكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی كرد.

لە دیدارێكدا (كاكەمین نەجاڕ) بە ناوی ئەنجوومەنی سەركردایەتییەوە پیرۆزبایی و پشتیوانیی خۆیانی بۆ پەرلەمانی كوردستان و ئەزموونی هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە و هیوایان خواست بە هاوكاری و هەماهەنگیی نێوان هەموان كار بۆ چەسپاندنی كۆڵەگەكانی دیموكراسی و گەشەپێدان و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بكرێت كە بە ئیرادەی ئەوان و دەنگی ئەوان  پەرلەمان درێژە بە خەباتی خۆی دەدات.

لەلایەن خۆیەوە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دكتۆر (یوسف محەممەد سادق)، سوپاسی شاندەكەی كرد و ئەرك و كارە هەنووكەییەكانی پەرلەمانی كوردستان و ئەكتیڤكردنی بوارەكانی لەم خولەدا بۆ میوانان خستە روو و هاوكات ستراتیژییەت و كارنامەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی بۆ چوار ساڵی داهاتوو شی كردەوە بۆ ئەوەی بەپێی توانا لە ماوەی ئەو خولەی پەرلەماندا لە رووی یاسادانان و چاودێرییەوە پەرلەمان بە شێوەیەكی كارا برەو بە كارەكانی بدات و لە خزمەتی پاراستنی ئەزموونی دیموكراسی و بەرژەوەندییە باڵاكانی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستاندا بێت.

 

هەواڵی پەیوەندیدار