٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکاني پارتي

عەلی حوسێن: كوردی توركیا لەگەڵ بۆچوونەكەی جەمیل بایك نین چونكە دژی پارتی و حكوومەتی هەرێمە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر- KDP.info- بەرپرسی لقی دووی پارتی دەڵێت، جێی پرسیارە كە بۆچی پەكەكە لەم كاتەدا دژی پارتی مامەڵە دەكات. ئەوەیش دەخاتە ڕوو كە چەند سەركردەیەكی پەكەكە ئەو حزبە بە ئاراستەیەكی دیكە دەبەن، بەڵام كوردی باكوور بە تێكۆشەرەكانی ناو پەكەكەیشەوە، لەگەڵ بۆچوونەكەی جەمیل بایك نین، لەبەر ئەوەی دژی پارتی و حكوومەتی هەرێمە.

لەبارەی هێرشی پارتیی كرێكرانی كوردستان لە ڕێگەی دەزگا میدیاییە سێبەرەكانیانەوە بۆ سەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، بەرپرسی لقی 2ـی پارتی دیموكراتی كوردستان (عەلی حوسێن)، لە لێدوانێكدا بۆ KDP.infoگوتی: "لەو دۆخە ئاڵۆزەی ئێستای عێراقدا كە دەرفەت بۆ سەربەخۆیی و ڕاپرسیی كورد لەبارە، بۆچی پەكەكە دژی ئێمە دەوەستێتەوە؟ ئەمڕۆ پارتی دیموكراتی كوردستان و (سەرۆك بارزانی) پەیامێكی نەتەوەییان هەیە، ئەو پەیامەیش تەنیا پەیوەست نییە بە پارتییەوە وەك حزبێكی سیاسی تا زیاتر لە ڕوانگەی حزبایەتییەوە سەیری بابەتەكان بكرێت، ئەمڕۆ پەیامی (بارزانی)، پەیامی بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستانە، بۆیە دەبێت هەموومان پشگیریی ئەو ئەزموونە بكەین، سەركەوتنی ئەم ئەزموونەی هەرێمی كوردستانیش، سەركەوتنی هەموو كوردە لە بەشەكانی دیكەی وڵات و هەرێمەكەیشمان".

 (عەلی حوسێن) دەشڵێت: "ئەگەر پەكەكە بە پێچەوانەی ئاراستەی بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستانەوە مامەڵە بكات، گومان دەكرێت لەلایەن خەڵكانێكەوە ئاراستە كرابێت و بیانەوێت ڕیزەكانی گەلی كورد تێك بدەن و شەڕی كورد بە كورد بكەنەوە، جا ئەمە بە قسە بێت یان بە بوختان، ئەمەیش خۆی لە خۆیدا جێی پرسیارە و دەبێت خەڵكی كوردستان و نوخبەی ڕۆشنبیران و سیاسییەكان وەڵامی ئەوە بدەنەوە كە ئەم هێرشانە لە پێناوی چیداین؟".

بەرپرسی لقی 2ـی پارتی دیموكراتی كوردستان هەروەها گوتیشی: "ئێمە هەست دەكەین كوردی توركیا بە تێكۆشەرەكانی ناو پەكەكەیشەوە، لەگەڵ ئەو بۆچوونەدا نین، كە (جەمیل بایك) گرتوویەتییە بەر، ئەمە بۆچوونی چەند كەسێكی سەركردایەتیی پەكەكەیە و بە دەستێكی گومانلێكراوی دەزانین، ئەوانە ئەجێندای خەڵكێكی دیكە جێبەجێ دەكەن، ئەگەرنا نیشتمانپەروەرانی كورد لە هەر شوێنێك بن، پشگیری لە هەرێم دەكەن، بۆیە ئەوەی ئەوان دەیكەن تەواو دەیانخاتە ژێر گومانێكی گەورەوە و ڕووبەڕووی مێژوو دەبنەوە".

کارزان هەورامی

 

هەواڵی پەیوەندیدار